‌دیالۆگ بۆ بەیەکەوە ژیان
AM:10:43:30/04/2019
د. کاوە مەحمود

لە ماوەی 28، و 29، 30 نیسان لە شاری کۆیەدا هەردوو زانکۆی کۆیە و زانکۆی بەغدا دیدارێکی زانستی هاوبەشیان لەژێر ناونیشانی رۆشنبیر و دۆزی بەیەکەوە ژیان لە یادی هەردوو بیرمەندی کۆچکردو هادی العلوی و فالح عبدالجبار، ساز کرد. دوای وتاری بەرێزان وەزیری خوێندنی باڵا، و سەرۆکی زانکۆی بەغدا و سەرۆکی زانکۆی کۆیە، و لێژنەی ئامادەکاری، دانیشتنی یەکەم بە ناونیشانی: (دیالۆگی عەرەبی کوردی دوای ریفراندۆم)، بوو، کە تیایدا بەرێزان عدنان موفتی و د.محمد احسان، و د. علی الادیب، و رائد فهمی تیایدا بەشدار بوون، و دانیشتنەکە لەلایەن د. سربست نبی، بەرێوەبرا، و ئەو بەرێزانەش کە میوانی دیدارەکە بوون وەک کەسایەتی سیاسی دەڕبڕی هەڵوێست و بۆچونی لایەنی سیاسی بوون.

لەم دیدارەدا کۆمەڵێک بابەتی گرێی لە ئاخافتنی بەشداربووان بەدی دەکرێت، کە هەر یەک لەو بابەتانە دوور لەوەی کە کێ و بە چ ئاستێک باسی کردووە، شایانی وورد بوونەوە و ئاخافتنی زیاترە.

ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژەیە بۆ لێکدانەوەی بەشێکە لەو بۆچونانە:

1ـ کاتێک بەشدرابوویەکی کوردستانی لەو جۆرە پانێلانەدا باس لە ریفراندۆم دەکات پێویست ناکات پاساو بێنێتەوە وەک بڵیی بریاری ریفراندۆم کاردانەوەیک بوو سەبارەت بە ڕفتارە و کردەوەکانی رژێم و نەناردنی بودجە و ... هتد.  هەروەها ناکرێ باس لە بریاری ریفراندۆم وەک بریارێکی "سیاسی عاتیفی"یانە، بکرێت. بریارێک کە 92%  خەڵکی کوردستانی باشورلە گەڵی دا بوون. بریارێک کە بوو بە بریاری نیشتمانی گەل و هیچ لایەنێکی سیاسی و حکومی کوردستان جۆرئەتی هەڵوەشاندنەوەی ناکات. بریارێک کە یەکێکە لە رێگاکانی تێکۆشانی گەلەکەمان لە پێناوی بریاردانی مافی چارەنووس، ناکرێ شەرمانانە داکۆکی لێ بکرێت. جگە لەمەش ناکرێ لایەنی کوردستانی پشت بە ڕاو بۆچونی موحافیزکارانەی یاسایانە سەبارەت بە مانەوەی مافی گەلان بۆ دەستنیشانی چارەسەری خۆی، ببەستێت، و پاساوی کۆتایهاتنی ئەو پرنسیپە کە لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بهێنێتەوە، کە گوایە پرنسیپی مافی گەلان بۆ دەستنیشانکردنی چارەنوسی خۆی تەنها بە بریاری پاکاتوکردنی کۆلۆنیالزمەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا چەندین گەلان دوای کۆتایهاتنی قۆناغی پاکتاوکردنی کۆلۆنیالزم، سەربەخۆیی خۆیان بە پشتبەستن بە مافی گەلان بۆ دەستنیشانکردنی چارەنوسی خۆیان ئەنجام دا و تا ئیًستاش بیرۆکەی ریفراندۆم بۆ بریاردانی چارەنوس کۆتای نەهاتووە.  

2ـ هەر لایەنێکی سیاسی عێراقی کە باوەڕی بە مافی بریاردانی چارەنوسی گەلان بێت ناکرێ بە پیرۆزی تەماشای سنورێک بکات کە لە ئەنجامی سازش و بەرژەوەندییەکانی وڵاتە کۆڵۆنیالزمەکانی دوای یەکەمین شەڕی جیهان درووست بوو، و ئیرادەی گەلێکی ڕەسەنی تیادا نییە. پێویستە ئەو لایەنە رێز لە ئیرادە و بریاری ئەو گەلە بگرێت، نەک بیر لە ساردکردنەوەی  ئەو گەلە لە دەستنیشانکردنی بریاری مافی چارەنوسی خۆی بکات و پێی بڵیت کە فدرالیزم مانای دەستنیشانکردنی چارەنوسە و ئەم بۆچونە بخاتە قاڵبێکی مارکسیستەوە. ئەمە لەکاتێکدا چەندین وڵات پەیوەندییەکەیان لە فدراڵزم زیاترە و کەچی داوای ریفراندۆم لەسەر دوارۆژی وڵاتەکەیان دەکەن. بە پێی واقیعی بەرجەستەکراو کە بنەمای ڕاستییەکانە، لە ژیانی سیاسی عێراقدا فدرالیزم بە تونێلێکی داخراودا ڕویشتەوە، و رێگا چارەی قەیرانی دەوڵەتی عێراق نییە.

لە لایەکی دیکەوە ناکرێ پاساوی پشتگیری نەکردنی ریفراندۆم لە لایەن هێزێکی نیشتمانی و چەپەوە،  ئەوە بێت کە زلهێزەکان و وڵاتانی دراوسێ قایل نین، لە کاتێکدا ئەو بریارە نیشتمانی بووە و لە ژێر کارتێکردنی هیچ هێزێکی بیانی نەبووە.

3ـ لە بۆچونەکانی بەشێک لە بەشداربووان کە بەتەواوی نوێنەری نەتەوە باڵادەست بوون، کە باسی ماددەی 140 دەکرا، بەشێک باس لە بەرپرسیاری حکومەتی ناوەند ناکات و بەشێکیش کەرکوکی لەو ماددەیە جیادەکردوە و پێی وابوو کە دەستوری عێراق لە ژێر فشاری ئەمریکا دارێژڕا، بۆیە گرنگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری ئەم دەستورە بکاتەوە. بەڵام لێرەدا باس لە چ هەموارکردنێک کرا؟
هەموارکردنێک کە بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە پێویست نازانێت، گوایە داهاتی ئەو ئەنجومەنانە بۆ گەشەپێدان تەرخان ناکرێت، و ئەندامانی ئەنجومەنی پارزێگاکان شەقامەی بەر دەم ماڵی خۆیان قیرتاو ددەکەن!

ئەم بۆچونە لوجیکێکی سادە و پۆپۆلیستییە کە مەبەست لیًی نەهێشتنی دیاردەکانی لامەرکزی ئیداری پارێزگاکانە و بیانو هێنانەوەیە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی ڕەها، و هەر لەم دیدەوە کۆسپ لەبەردەم بوونی بەسرا بە هەرێم دائەنرێت لە کاتێکدا هەموو رێکارە یاساییەکان ئامادەکراوە.

4ـ لە بەشێکی تەواوی گفتوگۆکان پەیوەندی نێوان دەستوری ئێستای عێراق و چەمکی بەیەکەوەژیان وون بوو،  و رچاوی ئەوە نەکرا کە دەیان ماددەی ئەم دەستورە دوای نزیکەی پانزە ساڵ لە بریاردانی جێبەجێنەکراوە، و ئەمەش بە هۆی باوەڕنەبوون لە لایەن حکومەتەکانی ناوەندەنەوە بە سەرجەم گۆڕانکارییەکان تیایدا، بەو ماددانە یان لێکدانەوە بۆیان بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەی باڵادەست. ئا لەم حاڵەتەدا ئەم دەستورە چەمکی بەیەکەوە ژیان مسۆگەر ناکات. بەڵام نابێ لە یادمان بچێت کە دەستور پەیوەندی بە بوونی دەوڵەتەوە هەیە، هەر بۆیە قەیرانی عێراق کێشەی دەستور نییە، بەڵکو قەیرانی دەوڵەتە هەر لەو کاتەوەی کە لەلایەن بەریتانیا درووست بوو، و گرفتی شوناسی هەبووە و ئێستاش ئەو گرفتەی هەیە کە یەکەمین پادشای عێراق فەیسلەی یەکەم باس دەکات کە گەلێک نییە بە ناوی گەلی عێراق. هەر بۆیە بێ هیچ جوانکارییەک عێراق دەوڵەتی فاشیلە، و ناکرێ ئەمەش بخرێتە خانەی تیۆری موئامەرە کە گوایە زلهێزەکان دەیانەوێ عێراق دابەشکەن، لە کاتێکدا ئەو زلهێزانە نەک دژی سەربەخۆیی کوردستان بوون بەڵکو دژی پرۆسەیەکی دیموکراسی بوون کە ناوی ریفراندۆمە.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.