‌کێ شنگالی رادەست کرد؟
PM:06:46:06/02/2021
ئاسۆ حاجی


بەبۆنەی گەڕاندنەوەی روفاتی شەهیدانی کۆچۆ کە داعش شەهیدی کردن، دیسان باسی ئەوە سەریهەڵداوەتە، کێ شەنگالی رادەست کرد، کێ بەرگری نەکرد، کێ رایکرد، هۆکاری دووبارەکەردنەوەی ئەو پرسیارانە تەنها بۆ لێدانە لە لایەنێکی سیاسی و ناشیرین کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. ئەو جۆرە وروژاندنە رەنگە لە دەمکورتیدا سودێک بە حیزبێک گروپێک بگەیەنێ، بەڵام لە دەمدرێژدا زیانێکی گەورە لە پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان دەدا.

دوای داگیرکردنی شەنگال و جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی پەکەکە یەکەمین لایەن بوو کە دەستەواژەی 'گەلی ئێزیدی' بەکاربێنێ ئەوەش سەرتای هەوڵی دابڕاندنیان بوو لە ناسنامە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەی خۆیان، ئەو گوتارەی پەکەکە درێژکراوەی ئەو گوتارە شۆڤینیەی عەرەب بوو کە بە درێژایی مێژووی زیاتر لە هەزار ساڵ هەوڵی لەناوبردنی ناسنامە و ئاین و پیرۆزیەکانی ئێزیدیان داوە بە ئەمەڕۆشەوە کە ئاینی ئێزیدی وەک ئاینێکی سەربەخۆ قبوڵناکەن، بەڵکو کۆمەڵەیەکی گومڕای هەڵگەڕاوە لە ئیسلامیان دادەنێن، جارێک دەڵێن ناوەکەشیان لە یەزیدی کوڕی معاویە وەرگیراوە، جارێکی دیکە دەڵێن شێخ ئادی کوڕی زافری هەکاری کورد نەبووە و عارەب بووە، تەنانەت ناویشی دەگۆڕن بە عودەی کوڕی موسافیری هەکاری، بەبێ ئەوەی بپرسن ئەرێ ئەگەر عودەی بێ و بابیشی موسافیر بێ بەڵام هەکاری و عارەب!

دوو راستی هەیە کە ناکرێ چیتر قسەیان دەربارەوە نەکرێ، کە ئەوانە هۆکاری راستەقینەی کەوتنی شەنگال و ئەو جینۆسایدنە.
یەکەمیان: داعش گەیشتبووە بن بەغدا و هەموو دنیا چاوەڕوان بوون کەی بەغدا دەکوێتە دەست داعش، لەناکاو و بەبێ هیچ پێشینەیەک داعش لە گرتنی بەغدا روو وەردەگێڕێ و هێرشی سەر دەڤەری شەنگال دەکات، لە دەرئەنجامیش کێ قازانجی لەو روودوە کردووە بە دڵنیایەوە ئەو لایەنە دەستی لەوەدا هەبووە و ئەوان داعشیان ئاراستە کردووە، رەنگە لە رێگای کڕینی چەند سەرکردەیەکی داعش یان هەبوونی پەیوەندی ناراستەوخۆ لەگەڵ داعش بۆ نموونە لە رێگای رێکخراوی ئەلقاعیدە کە بەو دوایانە بەڵگەی زۆر ئاشکرا بوون لە هەبوونی پەیوەندی ئەلقاعیدە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئیقلیمی کە ئێستا زۆرترین قازانجی لەو کارەساتەی شەنگال کردووە بۆتە رێگایەکی ستراتیژی وشکانی بۆ بەستنەوەی بە سوریا.

دووەمیان: پێشمەرگە بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتا و دوو سعات شەڕی کرد و چەندین شەهید و برینداری دا و داوای لە خەڵکی دەڤەری شەنگال کرد کە ئاوایەکانیان بەجێبهێڵن چونکە چیتر توانای بەرگریان نەماوە لەبەرامبەر چەکە مودرێن و بەهێزەکانی داعش، بەڵام کۆمەڵێک پیاوماقولی ئێزیدی بۆ مانەوە لە سەر زێدی خۆیان گرەویان لەسەر پەیوەندی بەتینی و مێژووی نێوان کوردانی ئێزیدی و عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوچەکە کرد کە سەرکردە و چەکدارەکانی داعش زۆربەیان لە رۆڵەکانی ئەوان بوون، بەڵێنی پاراستنی سەر و ماڵیان بە کوردانی ئێزیدی دا، بەڵام دوای شکانی پێشمەرگە و پاشەکشێ کردنیان و مانەوەی ژن و منداڵی کوردانی ئێزیدی بە تەنیا عەشیرەتە عەرەبەکان پشتیان لە بەڵێنەکانیان کرد و ئەوان بەر لە چەکدارانی داعش دەستیان بە تاڵانی و بردنی ژن و کچەکانی ئێزیدیان کرد کە دواتر لە بازاڕی کۆیلەفرۆشان لە موسل هەموویانیان فرۆشتنەوە. کوردانی ئێزیدی بوونە قوربانی دڵپاکی و باوەڕی خۆیان بە عەرەبەکانی ناوچەکە و بەڵێنەکانی بەشێک لەو ئێزیدیانەی کە مامەلەیان لەگەڵ عەشیرەتە عەرەبیەکان و تەنانەت سەرکردەکانی داعش هەبوو کە ئێستا ئەوانن دەڵێن ئێمە کوردنین و بوونەتەوە بەشێک لە ماحش(میلیشیاکانی حەشدی شەعبی) و رێگە لە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شەنگال دەگرن.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.