یادی یەکەمین هەڵبژاردن و شکۆکەی سەرۆک پەرلەمان

‌ ئاسۆ حاجی

- ئەمڕۆ یادی بیست و هەشت ساڵەی یەکەمین دەنگدانی دیموکراسی و ئازادانە لە هەرێمی کوردستانە،ئەو هەڵبژاردنەی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامیدا دروست بوون،وەک دوو دامەزراوەی یاسایی و نیشتیمانی نوێنەرایەتی ئیرادە و خواست و مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن،بەداخەوە پەڕلەمانی کوردستان بەهۆی هەڵوێستێکی حیزبیانەی سەرۆکی پەڕلەمان ئەو دامەزراوەیە خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارێکی گەورە و تاقیکردنەوەیەکی جدی لەوەی ئایا دەکرێ دامەزراوەی پەڕلەمان بکرێتە قوربانی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیرکانی کەسێک یان لایەنێک؟

سەرۆکی پەڕلەمان کە دەبوایە لە باڵەخانەی پەڕلەمان شانازی ئەو رۆژەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەشیباوە.

- سەرۆکی پەڕلەمان دەبوا لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و پێشی ئەویش بەشداریکردنی جێگری سەرۆکی حکومەت لە هەمان کۆبوونەوە لەوە تێبگات کە ئەو تەنیا لە ناو هۆڵی پەڕلەمان رێز لێگیراوە و لە سەرەوەی هەموویان دادەنیشێ ئەگەر وەک سەرۆکی پەڕلەمان هەڵسوکەوت بکا و بڕیار بدا و هەڵوێست وەربگرێ،بەڵام ئەگەر حیزبیانە بڕیار بدا ئەوە شوێنی دیارە وەک لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی هاوسەرۆکەکەی خواری خوارەوەی پێ رەوا بینی بوو لە کاتێکدا لە رووی پرۆتۆکۆلیەوە دەبوایە لە سەری سەرەوە بوایە بە هەمان شێوە بۆ کاک قوبادیش ئەوە راستە.

⁃ پێشتر لە گوتارێک باسم کرد کە سەرۆکی ئێستای پەرلەمان بۆ ڕازیکردنی لاھور جەنگی ھاوسەرۆکی و سەنگەر گواستنەوە لە باڵی کۆسرەتەوە بۆ باڵی ئەو کەسەی کە کاک کۆسرەت پاش خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر بە کاڵفام ناویبرد. بێ وەفایی بۆ کۆسرەت کە پێداگیری کرد  رێواز سەرۆکی پەرلەمان بێت و بۆ زامنکردنی یاریەکی کرد کە گوایە شاڵاو ی کوڕی کاندیدە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت تا باڵی ماڵی تالەبانی رازی بن بۆ پێگەکەی قوباد ھەموو شت قبول بکەن و لە جێی بێگەرد تالەبانی پۆستی سەرۆک پەرلەمان بدەنە رێواز.

- دوای ئەوەی لاھور شکستی ھێنا لەوەی نەیتوانی بەر بە زۆرینەی پەرلەمان بگرێت و پارێزبەندی سۆران عومەر ھەڵگیرا، بە رێوازیان گوتووە تا کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەب سیاسی دەکرێت جارێ پێمان باش نیە دانیشتنی پەرلەمان بکرێت. کەواتە سەرۆکی پەرلەمان کە باس لە گەڕاندنەوەی شکۆی پەرلەمان دەکات مەبەستی ئیعازێکە پاش کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەب سیاسی بۆی دێت و لێرەوە باشتر وابوو کە رێواز بڵێ شکۆی خۆم شکاوەو چاوەرێی بریاڕی حیزبم نەک بلێت دانیشتن نابێت،ئێستا رێواز خان پەڕلەمانی وەک بارمەتە رادەستی هاوسەرۆکەکەی کردووە تا وەک کارتی فشار بەکاری بێنێ و بیکاتە یاریەکی سیاسی و لە قاوغە یاساییەکەی خۆی دەیبێنێ.

- باشە دکتۆر رێواز بیری لەوە کردۆتەوە کە بڕیاردان بۆ دانیشتنی پەڕلەمان دەبێت بەر مەبنای بەرنامەی کار بێت و بە گوێرەی پەیڕەی ناوخۆی پەڕلەمان بێت،ئایا دەزانێ لە ماددەی ١٦ ی پەیڕەو ھاتووە کە دانانی بەرنامەی کار دەسەلاتی دەستەی سەرۆکایەتیە نەک سەرۆکی پەرلەمان و دیارە  دکتۆر رێواز ھیچ کات بەبێ رەزامەندی جێگر و سکرتێر ناتوانێ بەرنامەی کار دابنێت و بەرنامەی کاریش نەبێت ناتوانێ دانیشتن رابگەینێت. ئەوەی لە ماددەی ھەژدە لە پەیڕەوی ناوخۆ دا ھاتیە بڕگەی سێیەم .. دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان، دەسەلاتێکی (کاشفە) بە زمانی یاسا نەک (مونشیئ). واتە دەبێت پێشتر دەستەی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی کردبی و لەسەر بەرنامەی کار رێککەوتبن ئینجا  کاتی دانیشتن دیاری دەکرێت. لەمەوە دەردەکەوێ کە دکتۆر رێواز بە خۆی باش دەزانی بێ پارتی ناتوانی یەک دانیشتن رابگەیەنێت.

- گریمان رێواز خان دانیشتنی راگەیاند و بەرنامەی کاریش ھەبوو، بەپێی ماددەی پێنجەم برگەی یەکەم/ دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی زۆرینەی رەھا واتە ٥٦ ئەندام دەبی، ئایا د. رێواز دەزانیت ئەگەر ھەر دانیشتن و بەرنامەیەک رەزامەندی پارتی و فراکسیونەکەی نەبێ، ھیچ دانیشتنەک نیسابی نابێت و بەمەش  رێواز خان باش دەزانی بێ پارتی یەک شتی لە کاری پەرلەمانی پێ ناکرێت.

- لەو رۆژانە پۆستێکی خاتوو جوان رۆژبەیانی سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانیەکانی پەرلەمانم دیت کە یاداشتی لێژنەکەیان و ئیمزای سەرجەم فراکسێۆنەکانی لەسەر بوو کە داوای دانیشتنی تایبەت بە پەرلەمان دەکەن دەربارەی بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم(جێناکۆکەکان)، بەلام دیارە سەرۆکی پەرلەمان نایەوێت  جارێ تا مەکتەب سیاسی کۆ نەبێتەوە، رێگای پێ نادرێ ئەرکی خۆی وەک سەرۆک پەرلەمان جێ بە جێ بکات. یان رەنگە بزانی کە باسی سوتاندنی دەغڵ و دانی کورد لە کەرکوک و دەوروبەر بکرێت بە دڵنیایەوە باسەکە سەر دەکێشێ بۆ بەرئەنجامی ١٦ ی ئۆکتۆبەر  و ئیحراجی بۆ ھاوسەرۆکی رێواز خان دروست دەبێت، بۆیە ناوێرێ ئەو دانیشتنە بکرێ.


PM:02:43:19/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی