هەڵوؽستەكەی سەرۆكی پەڕلەمان

‌ ئاسۆ حاجی

بەداخەوە سەرۆكی پەرلەمان لە جیاتی پابەند بوون بە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان فەرمانی حیزبی جێبەجێ كرد، لە جیاتی سەرۆكی پەڕلەمانی هەموو كوردستانیان بؽت تەنها نوێنەرایەتی كردنی حیزبەكەی هەڵبژارد و وەك كادیرێكی گوێڕایەڵ فەرمانەكانی سەرووی خۆی جێبەجێ كرد لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی حیزبەكەی و لە خۆ رازیكردنی هاوسەرۆكە نوێیەكانی لە جیاتی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، لە جیاتی ببێتە بەشێك لە چارەسەری بووە ئامرازێك بۆ قوڵكردنەوەی كێشەكان.

لێدوانەكانی رێواز خان لەوەی تا شكۆ بۆ پەڕلەمان نەگەڕێتەوە و دانیشتنەكان لەبەرژەوەندی خەڵك نەبن بانگی پەڕلەمانتاران ناكات بۆ كۆبوونەوەیەكی دیكە لە خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارێتی و گچكە كردنەوەی پۆستەكەی و ئەركەكەی وەك نوێنەری خەڵك بۆ بەرژەوەندی حیزبەكەی زیاتر نیە و ئەو بڕیار و هەنگاوەشی رێك لەگەڵ پیلانی حیزبەكەی یەكدەگرێتەوە كە هەموو توانایان خستۆتە كار بۆ پەكخستن و رێگری كردن لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە پەڕلەمان بڕیاری لێداوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژوی لەسەر كردووە و پێویستە بكەوێتە واری جؽبەجێكردن.

لەوە دەچێ سەرۆكی پەڕلەمان هەوڵ بدا ناكۆكی نێوان فراكسیۆنەكان و هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتارێك لەو گرژی و ململانێ سیاسیانە ببەستؽتەوە كە لە نێوان حیزبەكاندا هەیە بە تایبەتیش لە نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان،بەو كارەشی هەوڵبدا خۆی لە بڕیاربەدەستە نوێیەكانی حیزبەكەی نزیك بكاتەوە،چونكە ئەوان رؽگر بوون لەوەی رێواز خان ببێتە سەرۆكی پەڕلەمان و دواتریش لە كۆنگرەی حیزبەكەیدا بە تەزكیە ببێتە ئەندامی سەركردایەتی،بۆیە هاتنە پێشی ئەو دۆخە ئەگەر بە دەستی ئەویش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە بۆ ئەوەی لە ناو حیزبەكەشیدا چیدیكە لەسەر ئەو باڵە لاوازە حیساب نەكرێ كە پێشتر بۆ دڵ راگرتنێكی كاتی سەركردەكەیان رازی كرد.

دەرفەتێكی باش بۆ رێواز خان رەخسا بوو كە وەك ئافرەتێك مودێلێكی سەركەوتووی سەرۆكایەتی كردنی گرنگترین دامەزراوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان نیشان بدا و ببؽتە هاندەرێك كە حیزبەكان بۆ ناوەندەكانی دیكەش چاویان لەسەر ئافرەتانیان بێ،نەك لە یەكەم تاقیكردنەوەی جدی و هەستیار ئەوەمان نیشان بدا كە تەنها درێژكراوەی عەقڵیەتی نێری حیزبە و پیاوانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەكان هەموو كارێك دەكات.



PM:04:17:14/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی