چەند راستیەک لە بارەی بابەتی مووچە و خۆ بە پاڵەوانکردنی یەکێتی

‌ ئاسۆ حاجی

چەند رۆژێکە راگەیاندنکارانی یەکێتی دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە و دەیانەوێت هەواڵی ناڕاست بڵاوبکەنەوە کە گوایا وەزیرەکانی یەکێتی دژی  دەستکاریکردنی مووچە و کەمکردنەوەی وەستاونەتەوە و ئەوە پارتییە ئەو کارە دەکات ! لە کاتێکدا ئەوە دوورە لە راستییەوە و وەزیرەکانی یەکێتی دژی هیچ پێشنیارێک نەبوون بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچە بۆیە ئەو بانگەشەیە لە موزایەدە زیاتر نیە.


بە گوێرەی زانیاریەکانی من ئەو لێژنانەی پێک ھاتوون، بە جۆرێکن کە وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لە ھەر سێ پێکھاتە سەرەکیەکەی واتا پارتی و گۆران و یەکێتی تێیاندا بەشدارن و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەی کردووە، چونکە زۆر جار سەرۆکی حکومەت بەشدار نەبووە. خودی قوباد تالەبانی داوای کردووە کە خۆی سەرپەرشتی ئەم بابەتە بکات چونکە ئەزموونی لەم بوارەدا ھەیە و کاتی خۆی بەشداری سەرەکیی بابەتی پاشەکەوتی مووچە بووە لە کابینەی پێشووتر دا.

سەرۆکی حکومەت لە ھەموو کۆبوونەوەکان گەڕانەوە بۆ بابەتی پاشەکەوتی رەتکردۆتەوە و لەگەڵ ئەوەدا نیە و نایەوێ مووچە پاشەکەوت بکرێت،هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردۆتەوە کە پەڕلەمانتارانی یەکێتی دژی زۆر بڕگەی ئەو یاسایە بوون بە تایبەتی لادانی هەموو ئەو کەسانەی کە بەناهەق بەبێ ئەوەی رۆژێک کاریان بۆ حکومەت کردبێ خانەنشین کراون چونکە یەکێتی زیاتر لە سەت هەزار کەسی لەو بابەتەی هەیە.

ئەوەی من زانیاریم دەربارە هەیە راستیەکە ئەوەیە کە ئەو پێشنیارانەی لە لایەن لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی ئامادە کراون، وەزیرەکانی ھەموو لایەنەکان بەشدارییان تێدا کردووە و وەزیرەکانی یەکێتیش دژی ھیچ کام لە پێشنیارەکان نەبوونە و گشت لایەنەکان لەگەل ئەوە بوونە ئەم پێشنیارانە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ بکرێن و لەوێ بە کۆی دەنگ بڕیاریان لێ بدرێت،نەک ئەوەی میدیاکارانی یەکێتی و بەفیتی کەسانێک کە هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن بانگەشەی بۆ دەکەن. 

ئەوەی دیارە و حەقیقەتە ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە هیچ شێوەیەک مووچە پاشکەوت نەکرێت. هەر بڕیارێکیش بدرێت بڕیاری یەک لایەن نابێت بەڵکو بڕیاری تەواوی لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دەبێت.

جێی داخە کاتێک قەیرانێکی دارایی لە هەرێمی کوردستان روودەدات یەکێتی دەست بە لێدانی ئەو قەوانە دەکاتەوە کە گوایا ئەوان شەریک نیین لەو حکومەتە و تەنیا بەشدارن . ئەدی باشە بۆ  بۆ مووچە و ئیمتیازات و پارە وەرگرتن بەشدارن بەڵام کە قەیرانێک دروست دەبێت دەست بە بیانوو هێنانەوە و خۆ دزینەوە دەکەن ؟ 
ئایا ئەگەر یەکێتی ئەمە هەڵوێستی بێت جێی متمانە پێکردنە ؟


AM:11:17:30/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی