بەرپرسان،جارێک وەک گاندی بن

‌ ئاسۆ حاجی


دەڵێن ژنەک منداڵەکی بردە لای مەهاتما گاندی و گوتی منداڵەکەم زۆر شەکر دەخوا،ئامۆژگاری بکە تا واز لەو خوە خراپە بهێنی،گاندی بە ژنەکەی گوت هەفتەیەکی دیکە وەرەوە،دوای هەفتەیەک ژنەکە چۆوە لای گاندی و ئەویش دەستی بە ئامۆژگاری منداڵەکە کرد و باسی زیانەکانی شەکر خواردنی بۆ کرد،کە تەواو بوو ژنەکە بە گاندی گوت بەڕێزم گە گوتت هەفتەیەکی دیکە منداڵەکەت بێنەوە وامزانی دەرمانێکی تایبەتی بۆ ئامادە دەکەی،خۆ دەکرا هەفتەی پێشوو ئەو ئامۆژگاریانەی کوڕەکەم بکەی و ئەو رێیە درێژە نەدەیەوە بەرە من و ئەو مەسروفەم پێ نەکەی،گاندی بە ئافرەتەکەی گوت بمبورە بەڵام هەفتەی رابردوو من بەخۆم شەکرم دەخوارد بۆیە ئەگەر بە کوڕەکەتم بگوتبا شەکر مەخۆ و خراپە ئەوە درۆم لەگەڵ خۆم و ئێوەش دەکرد،بەڵام لەو کاتەوە بڕیارم دا شەکر تەرک بکەم بۆ ئەوەی بە راستگۆیی زیانەکانی شەکر بە کوڕەکەت بڵێم و ئەویش پێم بڕوا بکات.

دیمەنەکانی چەند رۆژەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و هەڵسوکەوتی کاربەدەست و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەو بەسەرهاتەی گاندی وەبیرهێنامەوە،دیمەنی ئاگرکردنەوەی نەورۆز لەلایەن گەلە بەرپرسەوە و دیمەنی سەیرانی دوای دوازدەی شەوی خەڵک و رێ بەبەرنەکەووتن،جارێکی دیکە ئەو راستەقینەیەی سەلماندەوە کە خەڵک تا هەست بە راستگۆیی و دڵسۆزی دەسەڵاتداران نەکات باوەڕیان پێ ناکات،دەسەڵاتدارانیش ئەگەر بیانەوێ بریار و راسپاردە و رێنماییەکانیان لەلایەن خەڵکەوە پەسند بن و جێبەجێ بکرێن دەبی یەکەمجار خۆیان رێز لە خۆیان بڕیارەکانیان بگرن.

کە پارێزگارەکان و وەزیرەکان و ئەوەی هەندوکەک قسەی دەڕوا تەواو پێچەوانەی رێنماییەکان هەلسوکەوت بکا چۆن دەتوانی وا لە خەڵک بکا کە دۆخەکە ترسناکە و هەڕەشەی ڤایرۆسی کڕۆنا جدیە و نابێ لە رێنماییەکان لابدەین.

ئێستا باجی دەرکەوتن لە ماڵ و سوڕانەوە لە ناو شار وەک ئیمتیازەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و هەرچی بەرپرسی سەربازی و سیاسی و ئیداری هەیە بە منداڵەوە ئەو باجەیان بۆ دروست کراوە و لە رێگای سێلفی و سناپەوە دەسەڵات و قسە رۆیشتنی خۆیان نیشانی خەڵک دەدەن،بە دڵی خۆیان ئەو سەر و ئەمسەری شار دەکەن.

ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە مامەڵەکردنی هاوڵاتیان لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆ کردیان رێک هەمان کاردانەوە بووە کە بەرپرسان لە بەرامبەر بڕیارەکە هەیان بووە. 


AM:10:54:21/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی