پاپا چ وەڵامێکی بارزانی دایەوە؟

‌ ئاسۆ حاجی



پرسی پێکەوە ژیان و هەست بە ئارامی کردنی هەموو نەتەوە و ئاینەکان خاڵێکی بەهێزی جیاکردنەوەی کوردستانە لەگەڵ بەشە عەرەبستانەکەی عێڕاق،لەوێ یاسای "زۆرینەی بەهێز کەمینە بێهێزەکان لەناودەبەن"بەرکارە،لە باشوری عێراق لە زۆرینەی شیعە بترازێ ئاین و ئاینزاکانی دیکە دەرکراون لە رێگای کوشتن و شوێن بزرکردن و ترساندن و دەست گرتن بەسەر ماڵ و سامانیان.

لە کوردستان وێنەکە تەواو پێچەوانەیە بە گوێرەی یاسای پەڕلەمان تەنانەت دەستەواژەی کەمینە دروست نیە و دەستەواژەی پێکهاتە بۆ ئاین و نەتەوەکان بەکار دێت ژمارەیان هەرچەند بێت.

ئەو وێنە راستەقینەیە لای پاپای ڤاتیکان بە تەواوی روون و دیارە بۆیە هەر بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان دەچێتە ئەوروپا ئەوە دەرگاکانی ڤاتیکان بۆ پێشوازیان دەکەونە سەر پشت و پاپا بە خۆشحاڵی و گەرموگوڕیەوە بەخێرهاتنیان دەکات.

دیداری پاپا و مەسرور بارزانی لە گەرموگوڕی و دۆستایەتی هەمان چوارچێوەی دیدارەکانی دیکەی پێشتری سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەبوو،بەڵام قبولکردنی داوەتەکەی پاپا بۆ سەردانی کردنی هەولێری پایتەختی کوردستان دیاریەکی بەنرخ و گرنگی ڤاتیکان و قەداسەتی پاپایە بۆ چاکەدانەوەی پێشمەرگە و رێزگرتن لە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆرستان و نیشاندانی پێزانینە بۆ خەڵکی کوردستان کە هەمیشە باوەشێکی کراوە بووینە بۆ هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ئاینی و نەتەوەیی کە لە شوؽنەکانی دیکە هەڕەشەی لەناوبردنیان لێدەکرێ،لە دوای قبولکردنی داوەتەکە حکومەیی ڤاتیکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگ دەبن بۆ دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ سەردانیەک لە دەرفەتێکی نزیکدا.

وەڵامە ئەرێنیەکەی پاپا بۆ داوەتەکەی بارزانی تەواوکەری ئەو سەرکەوتنە دبلۆماسیە گرنگە بوو کە لە رۆژانی دیداری میونشن لە کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون کە وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی سەربەخۆ لەلایەن بەرپرسان و کەسایەتیە گرنگەکانی وڵاتان و ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی جیهان گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ دەکرا.

بە تێکڕایی دیدارەکانی میونشن و دواتر سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا و لە کۆتایشدا قەداسەتی پاپای ڤاتیکان ئاماژەی دیاری پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە هاوکێشە سیاسی و ئابوریەکانی ئەو ناوچەیە کە خەریکە پێ دەنێتە قۆناغێکی دیکە لە داڕشتنەوەی هاوکێشەکان و هاوپەیمانیەتیەکان و نەخشەی ئابوری و سیاسی ناوچەکە.


PM:04:29:19/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 3600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی