تورکیا و ئەمریکا یەک رێکەوتن و دوو ئاراستە

‌ ئاسۆ حاجی

رێکەوتنی پێشوی ئەمەریکا و تورکیا کە بە هۆیەوە تڕەمپ کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەی سەرێ کانیێ و گرێ سپی راگەیاند، ناوەڕۆکی رێکەوتنەکەش ئەوە بوو کە تورکیا بە درێژایی نێوان ئەو دوو شارۆچکەیە کە زیاترە لە سەت و حەفتا کیلۆمەتر و بە قوڵایی سی و دوو کیلۆمەتر سوپای تورکیا بچێتە ناو خاکی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەوە رازی نەبوون و شەڕی روویدا و دوای نۆ رۆژ تورکیا نەیتوانی وەک ئومێدی دەکرد بچؽتە پێش.

هێرشی تورکیا بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە رووبەڕووی ناڕەزایەتی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆوە،لە تورکیاش خراپتر دۆخی دۆناڵد تڕەمپ و ئیدارەکەیەتی کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەمەریکا توشی رەخنەی زۆر و توند بۆتەوە و بە خیانەتکار لە هاوپەیمانەکانی تۆمەتباری دەکەن.

ئەو رێکەوتنەی کە دەرئەنجامی سەردانی جؽگری سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئەنقەڕە لە ناوەڕۆکدا لەوە ناچێ شتێکی دیکە جیاواز بێت لە رێکەوتنی پێشوتریان بەڵام بەرپرسانی تورک شتێکی جیاواز دەڵێن بەوەی کە کشانەوەی هؽزەکانی سوریای دیموکرات دەبێ لە جەرابلوسەوە بێت تا سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان واتا تەواو سڕینەوەی رۆژئاوای کوردستان و پاکتاوکردنی رەگەزی کورد لە سەر خاکی خۆیدا.فەرماندەی هێزەکانی سەریای دیموکرات مەزلوم کۆبانی پێگیری خۆیان بەو رێکەوتنە راگەیاند.

هەندێک کەس تورکیا بە براوە و کوردیش بە دۆڕاو دادەنێن،بەبێ ئەوەی لە روانگەی ئەوەی کە سوودمەند بوون و زەرەرمەند بوون رێژەییە و هەر لایەک بە جۆرێک قازانج دەکا. بە بۆچوونی من ئەو رێکەوتنە وەک تورکیا دەیەوێ هەرگیز جێبەجێ ناکرێ و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەو روبەرەی ئەمەریکا یەکەمجار لەگەڵی باسکردن لە نؽوان سەرێ کانیێ و گرێ سپی بترازێ ناکشێنەوە،ئەمەریکاش لەوە زیاتر داوا ناکە و پاڵپشتی لە تورکیا ناکا.

لؽرەدا دەکرێ بپرسین قازانجی هێزەکانی سوریای دیموکرات چیە؟ - راگەیاندنی ئاگربەست یەکەم سەرکەوتنە بۆ ئەو هێزە و پاشەکشێیە بۆ تورکیا چونکە سەرۆکەکەی دەیگوت هەرگیز شەڕ راناگرین،بەڵام راگەیاندنی شەڕی راگەیاند.

هؽزەکانی سوریای دیموکرات پێنج رۆژ کات قازانج دەکەن بۆ خۆڕێکخستنەوە و پشوێک دەدەن و بریندارەکانیان لە گۆڕەپانی شەڕ دووربخەنەوە هەروەها خەلکی سڤیلیش کەئێستا لە ناوچەی شەڕ ماونەتەوە.

بەوەی تورکیا چاوی تێ بڕیوە و کاری بۆ دەکات لە ئێستاوە ئەوەمان پێدەڵێت کە دوای پێنج رۆژی دیکە شەڕ دەست پێدەکاتەوە و وەک جاری یەکەم تورکیا دەست پێشخەر دەبێ و رێکەوتنەکە دەشکێنێ،بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی تورکیا زیاتر شەرمەزاربێ و توشی سزادان بێ، هەروەها ئەمریکاش چیتر ناتوانێ بەو شێوەیە پاڵپشتی بکات و کۆنگرێش سزای زیاتر و قوڕستری بەسەر دەسەپێنێ.

ئەو پێنج رۆژە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی رێکەوتنی هەسەدە و حکومەتی سوریا بە سەرپەرشتی روسیا بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتوتر، چونکە حکومەتی سوریا لەوەناچێ بەو رێکەوتنەی ئەمەریکا و تورکیا خۆشحاڵبێ و رەنگە ناچار بێت هێزەکانی بباتە سەرێ کانیێ و گرێ سپی کە تا ئێستا ئامادەنیە ئەو کارە بکات و دەیەوێ وەک کارتی فشار لە سەر هەسەدە بهێڵێتەوە تا تەنازولاتی زۆرتری پێبکات.

ئەو پێنج رۆژە دەرفەتێکی باشە بۆ وڵاتانی ئەوروپایی بۆ ئەوەی باشتر و بەهێزتر بزاڤ بکەن چونکە ئەوانیش خۆیان بە زەرەرمەند دەبینن لەو هێرش و هەڕەشانەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. ئەگەر لە روانگەی تورکیاوە تەماشای رێکەوتنەکە بکەین تۆمەتبار کردنی هەسەدە ئاسانە بەوەی کە تەنها ئەرکیان خزمەتکردنی ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستانە،بەڵام ئەگەر لە روانگەیەکی بێ لایەن و دوور لە سۆز و بەرچاوتەنگی حیزبی تەماشای بکەین ئەوە رووؽکی دیکەی رێکەوتنەکە دەبینین کە تێیدا هەسەدە سەرکەتوو نیە بەڵام بە دڵنیایەوە شکستخوارد و دۆڕاویش نیە،بەڵکو ئەو پێنج رۆژە و رەفتارەکانی تورکیا یەکلای دەکاتەوە.


PM:12:37:18/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی