‌تیمەکەی نێچیرڤان بارزانی هەرێم بەرەو کوێ دەبا؟
AM:10:16:17/09/2019
ئاسۆ حاجی

بە بۆچوونی من نێچیرڤان بارزانی لە سەر چوار ئاست کار بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات،بە کەلک وەرگرتن لەو ئامراز و کەرستانەی لە بەردەست دان.

ئاستی ناوخۆیی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە گرنگترین هۆکارە بۆ بەهێز بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێڕاقدا، هەوڵدان بۆ دروست کردنی کۆدەنگیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها هاندانی لایەنەکان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێمی کوردستان کە نەبوونی بۆشایەکی گەورەی دروست کردووە لە بواری یاسادانان و هەمووارکردنەوەی یاساکان،چونکە لە نەبوونی دەستوور لە هەردوو دۆخەکەدا بە ناچاری دەبێ بۆ دەستوری هەمیشەیی عيراق بگەڕێنەوە.

لە سەر ئاستی عيراقدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەو قۆناغەدا بە ئاراستەی دەستگرتن بە مافە دەستووریەکانی گەلی هەرێمی کوردستان هەنگاو بۆ راستکردنەوەی هێلە گشتیەکانی سیاسەتی عيراق دەهاوێژێ کە ئێستا زۆرینەیەکی مەزهەبی بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئاراستەی دەکەن و سوودی لێ دەبینن.

لە سەر ئاستی هەرێمایەتیدا نێچیرڤان بارزانی کە لە ساڵانی رابردوو لە پێگەی سەرۆکایەتی حکومەتدا هەرێمی کوردستانی لە ناو هەموو ئاڵۆزیە هەرێمایەتیەکان و بەریەک کەوتنە سیاسی و سەربازیەکاندا توانی هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی ئارام و گەشەسەندو بهێڵێتەوە و پێشی بخات، لە پێگەت سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا بە بۆچوونی من دەست کراوەتر دەبێت کە دەرئەنجام بە بەهێزترکردنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دەوروبەر تەواو دەبێ.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە کە وەک هەرێمێکی دیار لە هەبوونی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاینەکان پەنجەی بۆ درێژ دەکرێ، هەروەها بۆتە پەناگەیەک بۆ هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە بەشەکانی دیکەی عيراق هەڕەشەی لە ناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەیان لێ دەکرێ وەک کرستیانەکان و مەندائیەکان.

هەروەها هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشەسەندوو جێگای چاوی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی جیهانە، سەرەڕای ئەوانەش هەڵکەوتەی جیۆپۆلۆتیکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگی زۆری هەیە بۆیە لەو ڕووەشەوە دەرفەتی بەرەو پێشەوەچوون و بزاڤی زیاتر لە بەردەم سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە،لە چەند مانگی داهاتووشدا ئەو لایەنە زیاتر وەدیار دەکەوێتەوە و هەولێر وەک پایتەختێکی گرنگی ناوچەکە دەبێتەوە بەشێک لە بزاڤی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

نێچیرڤان بارزانی لە ساڵانی کارکردنی وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بنەمای گرنگی بۆ بەهێزکردن و مانەوەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزیەوە دەستەبەر کرد،لە تێکەڵکردنی بەرژەوەندی وڵاتان بە بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و پێش هەمووشیانەوە ولاتانی ئیقلیمی کە هاوکێشە کۆنەکانی پەیوەندی ئەو وڵاتانەی گۆڕی لە دۆخی دژایەتی کردنەوە بۆ دۆخی دۆستایەتی و هاوکاریکردن،ئەوەش دەرفەتێکی باشی بە هەرێمی کوردستاندا تا دەست بکات بە بنیاتنانی ئابووریەکی سەربەخۆ و هەرێمی کوردستان بەهێزەوە بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی.

شەڕی داعش و هاتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە لە سوریا و رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەڕاستی عيراق بۆ هەرێمی کوردستان هەروەها بادانەوەی بەغدا لە مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و بڕینی بودجە و موچە هەرێمی کوردستانی توشی دۆخێکی نەخوازراو و خراپ کرد کە رووی لە هەر وڵاتێکی دیکە کردبا توشی داڕوخان و لێک هەڵوەشانەوە دەبوو.بەڵام هەرێمی کوردستان بە لێزانی و کارزانی نێچیرڤان بارزانی و ئەو ستافەی کاریان لەگەڵ دەکرد توانی ئەو قۆناغە تێبپەڕێنێ و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانیش لە مەترسی بپارێزێ.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاری هەرە لە پێشینەی بە ئاگا هێنانەوەی زۆرینەی دەست رۆیشتووی عیڕاقیە لە بەغدا لە مافە دەستووریەکانی گەلی هەرێمی کوردستان،هەروەها کارکردنە بۆ بە‌هێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە نیو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، نێچیرڤان بارزانی بە هەبوونی ئەزموونێکی دەوڵەمەند لە بواری دبلۆماسی و دروست کردنی پەیوەندی و دۆزینەوەی رێگای لێکتێگەیشتن لەگەڵ رکابەرەکانی هەروەها بە هەبوونی پاڵپشتیەکی بەهێزی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان دەڕەخسێت و لە جاران بەهێزترەوە لە هاوکێشە سیاسی و ئابووریەکانی ناوچەکە بەشێکی گرنگ دەبێت.

بە دڵنیایەوە لەمپەر و کۆسپی زۆر دێنە پێشی و دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی یان لەناوبردنی لەلایەن بەغدا و هەندێک وڵات و لایەن لە جاران رەنگە توندتر بێت بەڵام مەرج نیە ئەوەیان وەک جاران بۆ بچێتە سەر.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.