‌ ئایا مەترسی لە سەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەیە؟
PM:03:00:30/04/2019
ئاسۆ حاجی



سەردانەکەی چاوشئۆغلو پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆ هێناون و گرنگترینیان پرسی کردنەوەی دەروازەی سێیەی نێوان تورکیا و عێراق (هەرێمی کوردستان)ە،ئەرێ ئەو دەروازەیە دەکرێتەوە؟ ئەگەر کرایەوە چۆن دەبێ و بە کوێ تێپەڕدەبێ؟
ئەو دەروازەیەی کە باسی لێوە دەکرێ ناوی (ئاڤاکۆیی)یە واتا گوندی ئاڤا،کە دەکەوێتە خاڵی سێ گۆشەی نێوان تورکیا و سوریا و عێڕاق(هەرێمی کوردستان)لە سەر رووباری خابوور،ئەو دەروازەیە ئەگەر بکرێتەوە بە تەواوی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانە و لە ژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت وەک دەروازەی ئیبراهیم خەلیل.

ئەگەر وایە ئەدی مەترسیەکەی لە چ دایە؟

مەترسی کردنەوەی دەروازەی دووەم مێژووێکی کۆنی هەیە و بۆ ساڵانی نەوەدەکان دەگەڕێتەوە و پاشان جارێکی دیکە لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە سالێ 2017 سەریهەڵدایەوە دوای ئەوەی حکومەتی عێڕاق زۆری بۆ تورکیا داهێنا و هەموو مەرجەکانی تورکیای قبوڵ کرد لە بەرامبەر ئەوەی تورکیا دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بکات،عێڕاق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ژمارەیەک رێکەوتنی نهێنی لەگەڵ تورکیا ئیمزا کرد کە تا ئێستا زۆربەیان نەزاندراون جگە لە رەزامەندی نیشاندان بە مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێڕاق و رێکەوتنی هەماهەنگی بۆ هێرشکردنە سەر قەندیل و رێکەوتنی رەوانە کردنی نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا،لە سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا هەمان خاڵ جەختیان لەسەر کرایەوە و زێدەباری ئەوانەش بەرهەم ساڵح بەڵێنی یەکێتی بە تورکیا دا بۆ چوونە پاڵ ئەو هاوپەیمانێتیەی کە دەیانەوێ پەکەکە لە قەندیل لەناو ببەن و یەکەمین هەنگاوی کرداریش داخستنی بارەگاکانی تەڤکلگەری ئازادی - باڵی باشوری پەکەکە بوو لە سلێمانی و دەستگیرکردنی زیاتر لە دوو سەت کادیریان و پاشان بێدەنگ کردنیان تا بە ئەمڕۆش دەگات،لە وەڵامیشدا تورکیا فڕۆکەخانەی سلێمانی کردەوە.
ئەگەر سوپای عێڕاق دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر توانیبای بگاتە سێ گۆشەی سنووری تورکیا،سوریا و عێڕاق ئەوە لەو کایەوە دەروازەی ئاڤاکۆیی کرابۆوە و چاوەڕوانی هاتنی چاوشئۆغلو نەدەبوون،چونکە پێشتر ئەو رێکەوتنە کرا بوو،بەڵام کە سوپای عێڕاق بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان شکا لەوێوە ئەو پڕۆژەیە بەو شێوەیەی بەغدا و ئەنقەڕە خوازیاری بوون و پلانیان بۆ دانا بوو کۆتایی هات چونکە ئاڤا کۆیی و هەموو سنوورەکە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان مایەوە،بۆیە ئێستا نەک دەروازەیەک بگرە دە دەروازەش بکرێتەوە هەر لە ژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا دەبێت.

بۆ ئەو باسانە دەوروژێندرێ؟

میدیاکانی سەر بە یەکێتی ئامانجی سەردانەکەیان بەو شێوەیە خورد کردەوە،بە تایبەتی ئەو کەناڵانەی سەر بە بەرهەم ساڵح و لاهور شێخ جەنگین بۆ ئەوەی سەرنجی رای گشتی لە سەر یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لابدەن.
یەکێتی بەڵێنی سێ خاڵی بە تورکیا داوە:
- لە دانانی پارێزگارێکی تورکمانی سەر بە تورکیا بۆ کەرکوک هاوکار بێ،ئەگەر نا پڕۆژە کۆنەکەی مام جەلال دەژیێنەوە بە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک بە یەکسانی لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان کە بە پڕۆژەی 32% ناسراوە واتا بۆ هەر یەک لەو سێ پێکهاتە ئەو پشکەیان هەبێت.
- رێگری کردن لە چاڵاکیەکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان هەروەها هاوکاریکردنی سوپای تورکیا بۆ سەر قەندیل.
- ئازادکردنی ئەو دوو ئەفسەرەی میتی تورکیا کە هێزەکانی یەکێتی لە دوکان رادەستی پەکەکەیان کردن.

کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ستافی یەکێتی لە ناو حکومەت بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جگە لە هۆشداری دان بە یەکێتی لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو خاڵانە پەیامێکیش بوو بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر بەناوی یەکێتی بەڵێنیان بە تورکیا دابوو و لە ناو یەکێتی دژی قوباد تاڵەبانینە(بەرهەم ساڵح و لاهور جەنگی)کە ئەوان چیتر گرەویان لە سەر ناکرێ بە تایبەتیش کە چاوشئۆغلو لە بەغدا دیدارەکەی خۆی لەگەڵ بەرهەم ساڵح هەڵوەشاندەوە کە پێشتر بڕیاری لێدرا بوو.
ئێستا کە تەواوی سنووری نێودەوڵەتی (بەزۆر سەپێندراو)ی تورکیا و عێڕاق لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایە،نە تورکیا و نە عێڕاق ناتوانن هەنگاوێک بە ئاراستەی کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە بهاوێژن ئەگەر رەزامەندی هەرێمی کوردستانی لە سەر نەبێ

تورکیا بۆ دەگەڕێتەوە هەولێر؟

ئەردۆغان کە خەونی بەوە دەبینی و کاری بۆ ئەوە دەکرد ببێتە سوڵتان و میراتگری شانازیە مێژوویەکانی عوسمانلی و ببێتە ئەو سەرکردەیەی کلتوری کەمالیزم بسڕێتەوە،بەهۆی لادانی لە رێگای راستەقینەی حیزبەکەی و ئەو ئایدۆلۆژیایەی لەسەری پەروەردە کرا بوو لە جیاتی هێنانە دی ئەو ئامانجانە توشی شکستێکی روحی و عەقائیدی هات بەر لە شکستە سیاسیەکەی لە دواین هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان و تورکیا بەوەی بڕیار و ئیرادەی خۆی رادەستی پارێزەرانی کلتوری کەمالیستی کرد و تا ئەو ڕادەیە خۆی بچوک کردەوە کە جێگای لە باوەشی رەگەزپەرستێکی وەک باخچەلی ببێتەوە،لە جیاتی بوونە سوڵتان تەنها ببێتەوە سەربازێک کە پارێزگاری لە هزر و کلتوری کەمالیزم بکات،دواین هەڵبژاردن ئەوەیان بە ئەردۆغان گوت کە پشت کردن لە کورد دەرئەنجامی باشی نابێت،بینیمان ئەستەنبۆل و ئەنقەڕە و ئەزمی و ئەدەنە و مێرسین و زۆرێک شاری دیکەی لەدەست دا.
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن گەڕانەوەی ئەردۆغان ئەگەر بە درەنگەوەش بێت باشترە لە نەگەڕانەوەی بە تایبەتیش کە تورکیا چیتر ناتوانێ پشت بە نەوتی ئێران ببەستێ و لەوە زیاتر لێی بچێتە پێش چونکە ئەمەریکا زیاتر لە خۆی توڕە دەکات و هاوپەیمانێتیەکەشیان زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسی هەڵوەشانەوە بە تایبەتی کە ئێستا جگە لە کڕینی نەوتی ئێران ئەوە گرێبەستی کڕینی سیستەمی موشەکی 400 لە روسیا لە ئارادایە کە ئەمەریکا بە توندی دژایەتی دەکا،ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی روو لە هەولێر بکاتەوە چونکە باشترین و نزیکترین دابینکەری پێداویستی وزە بۆ تورکیا هەرێمی کوردستانە.
تورکیا کە دەزانێ فشاری پاشەکشێ پێکردنی ئێران لە ناوچەکەدا توندتر دەبێ بۆیە دەیەوێ ئەو یەکێک بێت لە جێگراوەکانی بە تایبەتی لە عێڕاقدا،بۆیەشە چاوشئۆغلو رایدەگەیەنێت کە لە مەودوا لە سلێمانی زیاتر دەبیندرێن،هەروەها دەیانەوێ لە کەرکوک کۆنسلخانە بکەنەوە وکۆمپانیاکانیان هانبدەن روو لە ناوەڕاست و باشوری عێڕاق بکەن.

دەروازەیەکی دیکە دەکرێتەوە؟

کردنەوەی دەروازەی سێیەم لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەمێکی درێژە لە نێوان هەردوو حکومەت بڕیاری لێدراوە و کردنەوەی کارێکی باش و پێویستە جا ئەو دەروازەیە لە ئاڤاکۆیی بێت یان تۆزێک نزیکتر بێت لە شارۆچکەی زاخۆ.
پلانی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان تورکیا و عێڕاق بۆ سەرووی بیست ملیار دۆلار لە ساڵێکدا پێویستی بە هەبوونی دەروازەیەکی دیکە دەکات بە تایبەتیش کە دەروازەی سەرزێڕ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سەختی رێگاوبانەکانی توانایەکی دیاری کراوی هەیە،بەڵام دەروازەی سێیەم ئەگەر دروست بکرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەتواندرێ لە ئاستی بیست ملیار دۆلاریش تێپەڕێت.
بە بۆچوونی خۆم کردنەوەی ئەو دەروازەیە جارێ کارێکی ئاسان نیە کە چوونکە ئێران حەز ناکات عێڕاق ئەو هەنگاوە بهاوێژێ بۆ ئەوەی تورکیا لەوە زیاتر بازاڕەکانی عێڕاق کۆنتڕۆل بکات و پاشەکشێ بە کاڵا ئێرانیەکان بکات



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.