‌نهێنی گەڕانەوە بۆ هەولێر
AM:10:56:29/04/2019
ئاسۆ حاجی



هەفتەی رابردوو شاندێکی ئەمەریکی لە هەولێر بوون و داوایان لە بەرپرسانی کوردستان کرد کە ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئێران رابگرن و تەنانەت هاتوچۆیی ئاسمانیش،وەڵامی بەرپرسانی کوردستان ئەوە بوو کە دوو ساڵ پێش ئێستا ئێوە بوونە بەشێک لەو کردەیەی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد کە دەروازە سنووریەکان و فرۆکەخانەکان رادەستی بەغدا بکا،بۆیە ئەو داوایە لە بەغدا بکەن باشترە،ئەمەریکا تێگەیشتووە کە چ هەڵەیەکی ستراتیژی کردووە و لە شازدەی ئۆکتۆبەر چی بەرامبەر کراوە.

بەریتانیەکان کە ئەندازیاری بەیەک گەیاندنی لایەنەکانی خیانەتەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر بوون ئەوانیش تێگەیشتن کە بەرهەمی کارەکەیان ئەوە بوو رۆژانە زیاتر لە دوو سەت هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئێران بچێ و کۆمپانیاکەی ئەوانیش (بریتیش پتڕۆلیۆم)بە دەست بە تاڵی لێی دەرچێ.

تورکیا کە لە مردنی خۆی پێی ناخۆشترە روو لە هەولێر بکاتەوە و جارێکی دیکە هێز لە هەولێر وەربگرێتەوە بەڵام ئەردۆگانیش تێگەیشت کە ئەو و حیزبەکەی تا ئەو کاتە بەهێز بوون کە گوێیان لە ئامۆژگاریەکانی هەولێر دەگرت و هەنگاویان بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەهاویشت و دژایەتی ناوی کورد و کوردستانیان نەدەکرد،لە جیاتی ئەوەی باکوری کوردستان بکەنەوە زیندانێکی گەورە ئەردۆگان دەیتوانی بیکاتە سەرچاوەی هێز و گۆڕانکاری و کۆتایی هێنان بە عەقلیەت و مێژووی کەمالیستی نەک خۆی بهاوێتە باوەشی دەوڵەت باخچەلی و خەونی بوونە سوڵتانیەکەی لە کەرکوک و لە شازدەی ئۆکتۆبەر لە گۆڕنا.

هاتنەوەی یاریزانە سەرەکیەکان بۆ هەولێر و دانانەوەی خاڵێک بۆ پێداچوونەوەی هەڵەکانیان جگە لەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکاتەوە لە هەمان کاتدا هێزێکیش دەبێت بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان،ئەگەر دەست پێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باکور بەهێز دەکاتەوە و ئەگەر کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لە نێوان دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان و تورکیا ئاسانتر دەکات.

گەڕانەوە بۆ هەولێر گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەمایانەی نێچیرڤان بارزانی بە پەیڕەوکردنی ئابوری سەربەخۆ و سیاسەتی دەرگای کراوە کە هەردووکیان بە هێزێکی نەرمەوە لە ساڵانی بەڕێوەی بردوون و بناغەیەکی بەهێزی بۆ ئایندەی کوردستان داناوە،ئایندەیەک کە گەلی باشوری کوردستان بڕیاری لێدەدات نەک هەر لایە و بەگوێرەی بەرژەوەندی و تێگەیشتنی خۆی.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.