یەکێتی و یەک کورسی

‌ ئاسۆ حاجی


هەڵگەڕانەوە لە دیموکراسیەت و رەتکردنەوەی بڕیاری خەڵک ئادگاری دیاری قۆناغی نوێی سیاسین لە هەرێمی کوردستاندا کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داهێنەریانە و کردوونی بە واقیع و منەتی کەسیش نازانێ.

کاتێک مەلا بەختیار گووتی یەکێتی یەک کورسی و سەت کورسی بێنێ دەرئەنجام هەر یەکە و یەکێتی واز لە دەسەڵات ناهێنێ چونکە هێزی سەربازی هەیە،زۆر لە نووسەر و شڕۆڤەکار و چاودێر لە مەلا بەختیاریان لە هەڵادا و بە تاک ڕەو و لادەر لە دیموکراسیەت تۆمەتباریان کرد،ئەوە زیاتر لە شەش مانگە یەکێتی بە کردار ئەوەی سەلماند و نیشانی هەمووانی دا کە دەرئەنجامی هەڵبژاردن مەگەر تەنها لە بەرژەوەندی یەکێتی بێ ئەگەر نا هیچ بەهایەکیان نیە،ئەو شڕۆڤەکار و نووسەر و بەرگریکاری دیموکراسیەت نوققەیان لێوەنایێ.

ئەوەی یەکێتی دەیکات تەنها بە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت و پشکی لایەنەکان لە ناو ئەو کابینەیەدا گرێنەدراوە بەڵکو مەترسیەکی گەورەیە لە سەر ئایندەی هەرێمی کوردستان بەهۆی لەناو بردنی یەکێک لەو خاڵە گەشانەی کە هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیا دەکاتەوە کە هەبوونی بڕێکی باشی دیموکراسیەت و کلتوری قبوڵکردنی ئەوەی دیکە و پێکەوە ژیانە کە هۆکارێکی سەرەکی گرنگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان،لەمەودوا هەڵبژاردن و دیموکراسیەت و دەستاودەست کردنی دەسەڵات تەنها دەستەواژە گەلێک دەبن کە لە فەرهەنگی سیاسی کوردستان جێگایان نابێتەوە و کەس رێزیان لێ ناگرێ.

ئەگەر شازدەی ئۆکتۆبەری بۆ نەچووبا سەرێ رەنگە یەکێتی ئێستا جورئەتی ئەوەی نەدەبوو پێ لە سەر ئیرادەی خەڵک دابنێ و وەک میرات گری لێکەوتە ناشیرین و یادەوەریە ناخۆشەکانی شەڕی براکوژی هەموو شتێک ناشیرین و بێ بایەخ بکات و بە عەنتەڕیات ئەوەی بیەوێ ئەوە بکات،ئەو کلتورە ناشیرنە بکاتەوە کەرستەی خۆ راگرتن و مانەوەی خۆی،ترس بکاتە ئەو ئامرازەی خەڵک ناچار بکات بە خواست و داخوازیەکانی رازی بن،یەکێتی ئەوجارەیان بۆی چووە سەرێ بەڵام ئایا چوار ساڵی دیکە ئەگەر هەڵبژاردن کرا هەمان شتی بۆ دەچیتە سەرێ؟

کابینەی نوێی حکومەت لە دەرئەنجامی دوو رێکەوتن دروست دەکرێ،رێکەوتنی پارتی و گۆڕان کە زیاتر خۆی لە ناوەڕۆکی بەرنامەی حکومەت بۆ چوار ساڵی ئایندە دەبینێتەوە،هەروەها رێکەوتنی یەکێتی و پارتی کە زیاتر ناوەڕۆکەکەی داواکاری و پێداگری یەکێتیە بۆ وەرگرتنی پۆست و هێشتنەوەی دۆسیەی ئەمنی و دارایی وەک خۆی واتا لە دوو ئیدارەدا.

پرۆژەی چاکسازی کە لە پەڕلەمانی کوردستانە کە لە خولی رابردوو یەکێتی رۆڵی سەرەکی هەبوو لە پەکخستنی لەو خولەدا ناتوانێ ئەو کارە بکات چونکە پارتی و گۆڕان دەربارەی هاوڕان و تێی دەپەڕێنن بەو کارەش پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و هەنگاوی یەکەم و کاریگەریش دەبێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی،کاراکردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان کارێکی دیکەیە کە گۆڕان و پارتی لەسەری رێکەووتوون، هەروەها پڕۆژەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حیزب لە بواری سەربازی و ئەمنیدا کارێکی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەلمانیا دەستیان پێکردووە و رەنگە کەمتر لە ساڵێکی دیکە بخایەنێ و چیتر ئەوە نامێنێ هێزەکانی حەفتا موڵکی یەکێتی بێ و هێزەکانی هەشتاش سەر بە پارتی بن،ئەو کات هیچ فەرماندەیەکی سەربازیش پلەکەی هەرچیەک بێت ناتوانێ بڵێ بە بڕیارەکانی سەرەوەی خۆی پابەند نابم ئەگەر لە حیزبەکەی خۆم نەبێت.

کە پارە و هێز لە رێگای دەزگا و دامەزراوەی نیشتیمانی بەڕێوەبردران ئەوە زیاتر هێزی بڕیاردان بۆ دامەزراوەی حکومەت دەگەڕێتەوە بەو هەنگاوەش حیزب ناتوانن چیدیکە بەهێزی سەربازی و دارایی هەڕەشە لە ئیرادەی دەنگدەران بکەن بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبی کار بۆ ئەوە بکەن لە حیزبی هێزی سەربازی و پاوانکاری دارایی ببنە حیزبی سندوقی دەنگدان و هێز لە بڕیار میللەت وەربگرن.

ئەو ڕێگایە چاوەڕوانی یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش دەکات ئەگەر بیانەوێ قەوارەی سیاسی کوردستان بمێنێتەوە و بەهێزبێت و دیموکراسیەت هێزی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێت،ئەگەرنا ئەوە ڕێگەی بەغدا نزیکترە بۆ ئەوەی لەوێوە بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە کار بکەن و ئەو هەوڵانە  بۆ دروست کردنی دامەزراوەی نیشتیمانی لەبار ببەن لە پێناو مسۆگەر کردنی مانەوەیان بە‌هێزەوە تا ئەو ڕادەیەی جارێکی دیکە بڵێن:" یەک کورسی و سەت کورسی بۆ یەکێتی یەک مانایان هەیە".


AM:09:15:24/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 2500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی