‌نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتی!
PM:11:11:04/03/2019
ئاسۆ حاجی

دوو دڵی و ترسی خەڵک لە زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و زیاتر لێک وەدوورکەوتنەوەی پارتی و یەکێتی بە رێکەووتنیان کۆتایی هات،نێچیرڤان بارزانی ئەو کارەکتەرە بوو کە کلیلی چارەسەریەکەی لە سەر مێزی گفتوگۆ دانا و دەستی هەردوولای کراوە کرد بۆ دەست پێشخەری و  لێک تێگەیشتن.


نێچیرڤان بارزانی بە هەوڵدان بۆ دوور خستنەوەی هەردوو لا لە عینادی سیاسی و تۆڵەکردنەوە توانی کەشێکی ئیجابی دروست بکات بە تایبەتیش دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی وەک لێڤەگەڕ (مەرجەع) و چەتری کۆکردنەوە و لێک نزیک کردنەوەی جیاوازیەکان و یەکلایی کردنەوەی پرسەکان پێشوازی لە شاندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ کرد.

کردنەوەی ئەو گرێ کوێرانەی بە هۆی شازدەی ئۆکتۆبەر و یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی کۆمار لە دەرەوەی کۆدەنگی کوردستانی دروست ببوون،کردنەوەیان پێویستیان بە کەسایەتیەکی وەک نێچیرڤان بارزانی هەبوو کە بەردەوام لە دەرەوەی چوارچێوەی تەسکی حیزبایەتی و وەک پیاوی رێکەوتن نەک لێککەوتن تەماشا کراوە،نێچیرڤان بارزانی لە دەیەی رابردوو چەند ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە کایەی سیاسی کوردستانیدا نیشان داوە،بۆ یەکەمین جار توانی لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم(پارتی و یەکێتی) لە سەر کارنامەیەک کۆبکاتەوە، لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر و رادەست کردنی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە توانی رێگە لە گواستنەوەی ناکۆکیە سیاسیەکان بگرێ بۆ ناکۆکی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان بکەوێتە دۆخێکی مەترسیدار،لە هەمان کاتدا سەرکوتووانە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانی لە هەڵوەشاندنەوە پاراست کە لەلایەن چەند هێزێکی ئیقلیمی و ناوخۆیی بە ئامانج وەرگیرا بوو.

دەرباز کردنی یەکێتی و پارتی لە دۆخی روبەڕو بوونەوە بۆ دۆخی لە تەنیشت یەک بوون کارێکی ئاسان نەبوو بە تایبەتی کە یەکێتی بە سەر ئاراستە و ئامانج و بەرژەوەندی جیاواز دابەش بووە و چاویان زیاتر لەوە بوو لە بەغدا هەندێک پرس یەکلایی بکەنەوە و لەوێوە پارتی ناچار بە قبوڵکردنی داواکانیان بکەن،بەڵام کە پێگەی هەولێر لە دارشتنەوەی هاوکێشەکان و دارشتنەوەی هێلە سەرەکیەکانی سیاسەتی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتۆتەوە سەر راستە رێی بەهێزبوونەوە لە نێو هەژماری نێودەولەتی و ئیقلیمی،ئەوەش وایکرد هەولێر و مەڕجەعیەتی بارزانی ببنە کلیلی چارەسەکردنی کێشەکان و دەرباز بوون بۆ قۆناغێکی نوێ و جیاواز لەگەڵ قۆناغەکانی پێشووتر کە لە دوای راپەرین دەستی پێکردووە و دیارترین ئادگارەکانی دابەشکردنی دەسەلات بوو پەنجا بە پەنجا.

ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەڕلەمان هاتنە کایەوە کە پارتی زیاتر لە دوو هێندەی کورسیەکانی یەکێتی بەدەست هێنان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و مێژووی هەرێمی کوردستان بە ئاسایی دێنە بەر چاو چونکە کێشەکان لە ترسی یەکێتی سەرچاوەیان گرت لەوەی پارتی کار بۆ پەڕاویزخستنیان بکات ئەوەش دوای رێکەوتنی گۆڕان و پارتی زیاتر لەلایەن سەرکردەکانی یەکێتی تۆخ بۆوە و زیاتر بوو،بۆیە هاتنە سەرخەتی نێچیرڤان بارزانی نەک وەک سەرۆکی شاندی دانووستان کاری پارتی بەڵکو وەک کارەکتەر و هۆکارێک بۆ رەواندنەوەی ترسی یەکێتی و هاندانی پارتی بۆ تێگەیشتن لەو قەلەقیەی یەکێتی ئەوەش ئاماژەیەکی روونی کارەکتەری سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستانمان نیشان دەدا کە دەبێتە کۆکەرەوەی هەمووان و مامەڵەکردنێکی نەتەوەییانە و نیشتیمانیانە لەگەڵ پرس و پێشهات و گرفتەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.

چوونە سەر رێگای یەکێتی بۆ دەست گرتنیان و راکێشانیان بۆ هەولێر و رێکەوتن لەگەڵیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان باشترین و بەهێزترین پاڵپشتی دەبێت بۆ کابینەی نۆیەم کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکا و خەڵکی کوردستان بە ئومێدی باشتربوونی ژیان و گوزەران لێی دەڕوانن بە تایبەتیش بەوەی کە پرسی چاکسازی و روبەڕو بوونەوەی گەندەڵی بکاتە پێشینەی کارەکانی بە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای چاکسازی کە ماوەی ساڵێکە لە پەڕلەمانە و نێچیرڤان بارزانی خۆی سەرپەرشتی ئامادەکردنی کردووە.

ئەو رێکەوتنە بەبێ ئەوەی خەڵک ناوەڕۆکەکەی بزانێ و خاڵەکانی ئاشکرا کرابن بەڵام ئارامیەکی دەروونی بۆ خەڵک دروست کردووە کە بیگوومان لە سەر بازاڕ و ژیانی رۆژانە رەنگدانەوەیەکی ئیجابی دەبێ،بە تایبەتیش کە سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ بەغدا نەخشە رێگەی چارەسەکردنی گرفتەکانی دیاری کرد و دواتریش کۆبوونەوەکانی نێوان عەبدولمەهدی و نێچیرڤان بارزانی خاڵیان لە سەر پیتەکان دانان و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە گەشانەوەی ئابووری و گەشەسەندنی ژیانی و ژیاری ئادگاری هەرە دیاری ئەو قۆناغە دەبن کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.