‌رۆژئاوا لە نێوان هەولێر و قەندیل دا
PM:04:31:02/01/2019
ئاسۆ حاجی


دوای بڕیارەکەی تڕەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ئەوەی بەهانای کوردانی رۆژئاوا چوو دۆستانی گەلی کوردستان بوون لە پێش هەموویانەوە فەڕەنسا و ژمارەیەک لە سیناتۆرەکان و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بوون،ئەوان بزاڤێکی گەورەیان کرد و هەڵوێستی گەورەتریان نیشان دا،بەڵام ئەوە گرنگە بزاندرێ چەقی ئاراستەکردنی ئەو بزاڤە هەولێری پایتەختی باشوری کوردستان بوو.

هێوربوونەوەی بارودۆخەکە و ساربوونەوەی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر رۆژئاوا ئەگەر هۆکارە سەرکیەکەی هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بێ،بەڵام بۆ دوورخستنەوەی یەکجارەکی مەترسیەکان لە سەر رۆژئاوا ئەوە پەکەکە دەتوانێ رۆڵێکی باش بگێڕێت بە لە بەر چاوگرتنی ئامۆژگاری دۆستانی کورد لە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو پێشکەشی ئیدارەی پەکەکەیان کردووە لە رۆژئاوای کوردستان.

ئەمریکا چەند ساڵە لە هەوڵی ئەوەدایە پەیەدە لە قەندیل داببڕێ و ناو  و ناونیشانێکی دیکەی بداتێ کە بتوانێ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان بکات،ئەمریکا لە گۆڕینی ناوی یەپەگە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و تێکەڵکردنی کورد و عەرەب و مەسیحی و تورکمان لەو هێزانەدا ئامانجی ئەوە بوو کە پەیەدە هەمان رێچکە بگرن و خۆیان لە فەلسەفەی ئۆجەلان و فەرمانەکانی پەکەکە دوور بخەنەوە چونکە پەکەکە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە لیستی تیرۆرە،دوا پەیامی ئەمریکاش بۆ قەندیل و پەیدە دیاریکردنی بڕێک پارە بوو بۆ ئەو کەسانەی سێ سەرکردەی بڕیار بە دەستی قەندیل رادەستی ئەمریکا دەکەن،بەڵام پەکەکە بە گرەو کردن لە سەر فاکتەر و خوێندنەوەی دیکە لاملیان کرد.

لە دواین کۆنگرەی ئیدارەی زاتی باکوری سوریا کە ماوەیەک پێش ئێستا لە رۆژئاوا بە داوەتکردنی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی جیهانی بەسترا، ئەو کەسایەتیانە جارێکی دیکەش ئەوەیان بە سەرکردایەتی پەیەدە راگەیاندووە کە بەردەوام بوونیان بەو شێوەیە کۆتاییان نزیکتر دەکاتەوە،جا چ بە ناچاربوونیان بە رادەست کردنەوەی هەموو شتێکیان بە رژێمی بەشار ئەسەد یان ئەوەتا تورکیا هێرشیان دەکاتە سەر و هەموو شتێک لەناو دەبات،بۆیە پێویستە چاکسازی لە فۆڕم و ئامانج و دروشمەکانتان بکەن هەروەها لە شێوەی بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا.

گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی هەولێر و دهۆک ئەگەر بە درەنگەوەش بێت بەڵام ئومێدی بەهێزبوونەوەی ئیدارەی رۆژئاوای لێدەکرێ،چونکە لەلایەک تورکیا هێورتر دەکاتەوە بەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەست و زار کراوەتر دەکات لە بەرامبەر تورکیا کە چیتر ئەو ناوچەیە وەک مەترسی نەزانێ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی وەک بانگەشەی بۆ دەکات،لەلایەکی دیکە دەستی رووسیا کوتتر دەکا لە دوولاوە،یەکەمیان رووسیا چیتر تورکیا وەک کارتی ترساندنی کورد ناتوانێ بەکاربێنێ بۆ ئەوەی ناچاریان بکات ناوچەکانیان رادەستی ئەسەد بکەنەوە،دووەمیان ئیدارەی زاتی ئەگەر بیەوێ لەگەڵ بەشار ڕێکبکەوێ و دانوستانی لەگەڵ بکات ئەوە وەک ئێستا بە تەنازولەوە لە بەرامبەریان دانانیشن و هەرچی ئەوان بڵێن قبوڵی بکەن.

بە کورتیەکەی سەرکردەکانی رۆژئاوای کوردستان پێویستی خۆیان لە قەندیل داببڕن و شتێکی نوێ بئافرێنن کە لەگەڵ بارودۆخی رۆژئاوا و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد یەک بگرێتەوە نەک وەک پاشکۆی قەندیل و بەشێک لە ئەجێندای ئیقلیمی کەلکیان لێوەربگیرێت و بەکاربهێندرێن،شەڕی خەندەک لە باکوری کوردستان کە باکوری کردەوە سەربازگەیەکی گەورەی سوپای تورکیا و سەرکردە مەدەنیەکانی باکوری خستنە زیندان و شەڕی دۆڕاندنی عەفرین ئەو ئەنجامەیە کە چاوەڕوانی رۆژئاوای کوردستان دەکات کە لەوە زیاتر فەرمانەکانی قەندیل وەک دەقی پیرۆز تەماشا بکەن.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.