قۆناغی نێچیرڤان و پەلەپەلی پارتی

‌ ئاسۆ حاجی

هەندێک بۆ تانە لێدان و هەندێکیش بۆ پێداهەڵگووتن قۆناغی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان بە قۆناغی نێچیرڤان بارزانی ناودەبەن،کەبۆچوون و نیەتەکەی پشت ئەو ناونانە هەر چی بێت لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە ئەو ناونانە پڕ بە پێستی ئەو قۆناغەیە،دەکرێ بپرسین بۆ؟

دەکرێ وەڵامەکەشمان وەچنگ بکەوێ: - نێچیرڤان بارزانی لە ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی هەرێمایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کەسایەتیەکی کراوە بەسەر ئەوانەی دیکە ناسراوە،کە ئێستا ناوخۆیی هەرێمی کوردستان پێویستی بەو کرانەوە هەیە بەسەر یەکتریدا.

لە دوای کارەساتی شازدەی ئۆکتۆبەر بە گرتنەبەری سیاسەتێکی نەرم و کاریگەر نێچیرڤان بارزانی توانی هەرێمی کوردستان و عێڕاق و ناوچەکەش لە کارەساتێکی گەورە رزگار بکات،کە درێژکردنەوەی ئەو سیاسەتە زامن و دڵنیایی بوژانەوەی ئابوری و باشتربوونی خزمەتگوزاریەکانە کە عێڕاق لە هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستی پێیە.

نێچیرڤان بارزانی کە گادفازەری سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە،وێڕای هەموو کەموکوڕیەکان و گازندەی خەڵک لە نادیاری داهات و چۆنیەتی دابەشکردنەکەی بەڵام بەهێزترین هۆکاری تێکەڵکردنی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بازاڕەکانی جیهان کە لە شازدەی ئۆکتۆبەر بووە فریادرەسی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و پاراستنی، لە سەت ساڵی رابردوودا شکست هێنانی هەموو بزاڤ و شۆڕشەکانی کوردستان ئەو خاڵەیان تێدا نەبوو بۆیە لە دروست بوونی هەڕەشە بۆسەریان کەس خۆی لێ بەخودان نەدەکردن و لەناودەچوون، بۆیە دەستگرتن بەو سیاسەت و پێشخستنی ئەو دڵنیایە زیاتر دەکا و زیاتریش گرێنتی نێودەوڵەتی بۆ مانەوە و بەهێز بوونی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکا.

پەرپێدان بە کلتوری یەکتر قبوڵکردن و باوەڕی کوردستان گەورەیە و بەشی هەمووان دەکا جا ئەو هەمووانە پێکهاتەی ئاینی و نەتەوەیی بن یان لایەن و هێزی سیاسی بن،نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی کاری حکومیدا چ لە پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و چ وەک سەرۆک وەزیران بە قەدەر گرنگیدان بە فراوانکردنی رێگاوبان و بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان گرنگی بە بەرفراوانکردنی کلتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی داوە، لە قۆناغی داهاتوودا پێشخستنی ئەو کلتورە زیاتر چاوی دونیا و گرنگیدانی ناوەند و کەسایەتیە ئازاد و دیموکراسیخوازەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەهێنێ و دۆستمان بۆ زیاد دەکا.

پارتی لە دیاریکردنی بەربژێرەکانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و پۆستی سەرۆک وەزیران و نیەتی بۆ ئەکتیڤکردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم و تیپەڕاندنی پڕۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستان هەندێک بە کەشف کردنی دەستی خۆی و پەلەکردن وەسفی دەکەن کە هەڵەیەکە پێگە و قسەی پارتی لە دانووستانەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستانه بێ هێز دەکا و ئەوان دەتوانن مەرجی خۆیانی بەسەر بسەپێنن.

رەنگە ئەگەر تەنها لایەنێکی پرسەکە ببینی لێکدانەوەکە بەو ئاراستەیە راست بێت،بەڵام ئەگەر کۆی پرس و ئامانجەکە تەماشا بکەی رەنگە لێکدانەوەکان ئاراستەی دیکە وەربگرن، بەمشێوەیە: - پارتی بەو کارەی زوو چوارچێوەیەکی دیاری کرد کە لایەنەکان بە پارتیشەوە لە دەرەوەی ناتوابن یاری بکەن،واتا پارتی ئەوەی بە مافی خۆی دەزانێ وەک لێکەوتەی هەلبژاردن دیاری کردن و سەقفێکیشی بۆ ئەوانەی دیکە دانا کە ناکرێ سەری مافەکانتان لێی تێپەڕێ.

پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی پێشینەی کارەکان و ئامانجی قۆناغی ئێستایە و سەرکەوتنی خۆی بەوە گرێداوە،لە دوای ئەوە بۆ بەشینەوەی پۆست و وەزارەت و کورسیەکانی دیکە لەگەڵ لایەنەکان دەکەوێتە گفتوگۆ.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ پارتی وەک برا گەورە کەوتۆتە نێوان دوو هێزی رکابەری دیکە کە یەکێتی و گۆڕانن،هەوڵدەدا سازانێکیان لە نێوان دروست بکا تا لە دەرئەنجامدا بە رێکەوتنێکی سێ قۆڵی کۆتایی بێ، یەکێتی دژی ئەوەیە گۆڕان بهێندرێتە ناو حکومەت یان ئەگەر ئەوەش بکرێ هەوڵدەدا کۆمەڵی ئیسلامیش قبوڵ بکرێ چونکە ترسی ئەوەی هەیە گۆڕان و پارتی زۆر لە یەکتر بچنە پێشێ بە تایبەتیش کە لە هەردوو هەڵبژاردنی عێڕاق و کوردستان گۆڕان تێگەیشت یەکێتیە کە هەوڵی لەناوبردن و کۆتایی پێهێنانی دەدا نەک پارتی.

پارتی ئێستا لە دۆخێکدایە لایەنەکانی دیکە چاوەڕوانی نەرمی نواندنی لێدەکەن بۆ ئەوەی پۆستێک یان وەزارەتێکی زیاتریان بداتێ،نەک ئەوان مەرج بەسەر پارتی بسەپێنن.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ حالەتێکی ئاسایی و تەندروستە کە لایەنەکان لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و کێشانی هێلە گشتیەکانی کارنامەکەی، دانوستانیش کە کەوتە نێواب دوو لایەن یان زیاتر دەرئەنجامەکەی هەر ئەوەیە کە ئەگەر بتەوێ شتێک ببەی دەبێ شتێک بدەی.


PM:12:15:19/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 1335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی