ئەگەری حکومەتی بێ یەکێتی

‌ ئاسۆ حاجی


یەکیتی ئەگەرچی لە ڕووی نەفسیەوە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە چیتر ئەوان هاوتا و هاوشانی پارتی نین بۆیەشە ئێستا لە سەر پۆستی جێگرەکان شەڕدەکەن،بەڵام هەوڵدەدەن جێگرەکانیان وەک رابردوو دەسەڵاتیان وەک سەرۆکەکان بێ کە ئەوەش بۆ پارتی جێی قبوڵ نیە چیدیکە چونکە هێزی یەکەمە و کورسیەکانی دوو جار و هەندەک لە یەکێتی زۆرترن.

هەندێک سەرکردەی یەکێتی و هەندێک لە نووسەرانیشیان بە ئاراستەی هەڕەشەکردن و ترساندنی خەڵک دەچن لەوەی ئەگەر وەک جاران پارتی و یەکێتی پەنجا بە پەنجا هەرێمی کوردستان بەڕێوەنەبەن ئەوە دۆخەکە دەشڵەقێ و دەبێ چاوەڕوانی پێشهاتی مەترسیدار بکەین لە دروست بوونی دوو ئیدارەیی یان شەڕی ناوخۆیی، بۆ ئەوەش بەهانەی ئەوە دەهێنەوە کە یەکێتی ئیدارەی دوو پاریزگای (سلێمانی و هەلەبجە) لەبەر دەست دایە واتا نیوەی هەرێمی کوردستان بۆیە دەبێ هەبوونیان لە ناو کابینەی نوێی حکومەت نیوە بێ نەک بە گوێرەی ژمارەی کورسیەکانیان.

یەکێتی کە لە ناوخۆیان تا ڕادەی خۆزگە خواستن بە گۆچانەکەی مام جەلال پەرتەوازەن و خۆیان بۆ کۆناکرێتەوە،دەیانەوێ بە لە ناوبردنی ئەزموونی دیموکراتی هەرێمی کوردستان کە قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئادگارە هەرە دیارەکەیەتی،لەوەش خراپتر یەکێتی هەوڵدەدا بەهایەک بۆ بۆچوونی خەڵک و ئیرادەیان نەهێڵێتەوە و پڕۆسەی هەڵبژاردن بێ مانا و ناوەڕۆک بکات تا ئەو رادەیەی خەڵک بپرسێ ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردن رێزی لێنەگیرێ و نەکرێتە بنەمای دابەشکردن و هاوبەشی کردن لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن،هەڵبژاردن بۆ بکرێ؟

ئایا یەکێتی ئەوەی بۆ دەچێتە سەر؟
جیاوازی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ساڵانی نەوەدەکان پێمان دەڵێ یەکێتی ناتوانێ هەرێمی کوردستان بکاتەوە دوو ئیدارە چونکە بە گوێرەی دەستووری عێڕاقی هەرێمی کوردستان دەبێ یەک ئیدارە بێ و یەک حکومەت بەڕێوەی ببا،خۆ ئەگەر ئەوە بۆ یەکێتی چووبا سەرێ لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر ئەوەیان دەکرد،بەڵام کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و تەنانەت حکومەتی عێڕاقیش لە دژی ئەو خواستەیان وەستانەوە.

لێدوانەکانی وڵاتانی زلهێز بە تایبەتی ئەمریکا دەربارەی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە جارێک و لە سەر زاری زۆر بەرپرسیان بە سەرۆک تڕەمپیشەوە ئەوەیان نیشانداوە کە ئەوان پاڵپشتی لە هەبوونی هەرێمی کوردستانی بەهێز دەکەن، کە ئەوەش دەرفەتی هەڵگیرساندنی شەڕ لە بەردەم یەکێتی یان ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە بەو ئاراستەیە بیر دەکەنەوە بەرتەنگتر دەکا و ناچاریان دەکا بیر لە بژاردەیەکی دیکە بکەنەوە کە ئەویش تەنها گەڕانەوەیە بۆ دانیشتن و لێک تێگەیشتن و رازی بوون بەوەی خەڵک بڕیاری لە سەر داوە نەک ئەوەی ئەوان خۆزگەی بۆ دەخوازن.

یەکێتی بۆ دژی گۆڕانە؟
یەکێتی بە هەموو توانای هەوڵدەدات پارتی رازی بکات کە گۆڕان بەشداری پێ نەکرێت کە کابینەی نوێی حکومەت، نەک لە بەر ئەوەی گۆڕان لە کابینەی ئێستا و لە ساڵانی رابردوو ئەدایان باش نەبوو و هۆکاری دروست بوونی ئاڵۆزیە سیاسیەکان بوون تا ڕادەی هەوڵدان بۆ گچکەکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم بەغدا،بەڵکو پاڵنەرێکی دیکە هەیە کە یەکێتی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی هێشتنەوەی گۆڕان بدات لە دەرەوەی حکومەت ئەویش بڕوا بوونیانە بە کۆتایی پێهێنانی گۆڕان و تێکەڵ کردنەوەیان لەگەڵ خۆیان، سەرکردە دەست رۆیشتوەکانی یەکێتی کە خۆیان لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی دەبینەوە بە بڕوای خۆیان گۆڕانیان نیوە مردوو کردووە نابێ ئەو دەرفەتە لە دەست بدرێ کە بە تەواوی لە ناو ببردرێ.

ئەگەر گۆڕان لەو دۆخە خراپە دایە و لە سەرە مەرگ نزیکە ئەدی یەکێتی بۆ هێشتا لێی دەترسێ؟ لە چەند کۆبوونەوەی ڕابردوو شاندی گۆڕان شتێکیان نیشانداوە کە تەواو لە یەکێتیان جیا دەکاتەوە و پارتیش ناچار دەکات کە جدیتر لە جاران مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بکەن،ئەوەش یەکێتی ترساندووە.

یەکێتی بە شاندێکی پەرتەوازە و فرە ئاراستە و بەرژەوەندی دەستیان بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت کردوە و هەر ئاراستەیەک کار بۆ ئەوە دەکات چەندی بەر دەکەوێ و چۆن باڵەکەی دیکە لاوازبکات لە هەبوونیان لە حکومەت تا لە کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی(ئەگەر بکرێ) رەنگ بداتەوە و باڵی ماڵباتی مام جەلال کۆتایی بە باڵەکانی دیکە بهێنن،بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان تەواو پێچەوانەی ئەوە بە پڕۆژەیەکی ڕوون و وەک یەک تیم لەگەڵ پارتی دانیشتوون کە زیاتر باسی ئادگارەکانی قۆناغی داهاتووی حوکمڕانی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان مەبەست بووە نەک بزووتنەوەی گۆڕان چی و چەندی بەردەکەوێ یان سەرکردەکانیان چیان لەو سەودایە وەچنگ دەکەوێ.

ئەو جیاوازیەی نێوان یەکێتی و گۆڕان زەمینەسازیەکی باش و تۆکمە دەبێ لە سەرلەنوێ دروست کردنەوەی پەیوەندیەکی باش و تەندروست لە نێوان پارتی و گۆڕاندا تا ئەو رادەیەی کە ئەگەر یەکێتی هەر بە ڕبەی جارانی پیوا ئەوە پارتی و گۆڕان و کۆتاکان پێکەوە خەمێک لە ئایندەی هەرێمی کوردستان بخۆن و شان بدەنە بەر ئەرکەکانی قۆناغی داهاتوو و بەبێ یەکێتی حکومەت دروست بکەن.
ئەو بڕیارە رەنگە لە سەرەتادا بە تایبەتی لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە هەندێک گرفت دروست بکا بە تایبەتی کە یەکێتی هێزی چەکداری هەیە و دەزگا ئەمنیەکانی کۆنتڕۆل کردوە بەڵام لەگەڵ تیپەڕبوونی کاتدا و بە کارکردن بۆ گرێندانەوەی خەڵک بە حکومەت و دەزگاکانی و کورتکردنەوەی دەستی حیزبەکان لە کاروباری حکومیدا ئەوە دۆخەکە دەگۆڕێ و تا هەتایەش خەڵک قبوڵ ناکەن کە حیزبەکان یاریان بە چارەنووس و ئیرادەیان بکەن.

بەرهەم لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟
سەرکردەکانی یەکێتی ئێستا تێگەیشتوون کە دانانی بەرهەم ساڵح لە سەرۆکایەتی عێراق بەو شێوەیە کارێکی خراپ و هەلە بوو،بۆیە دەیانەوێ لە گفتوگۆکردن لە گەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان باری کەوتوویان راست بکەنەوە و پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح بکەنە خاڵێک لەو پاکێجەی کە بریارە لەگەڵ پارتی لە سەری ڕێک بکەون بۆ پێکهێنانی هەر سێ سەرۆکایەتیەکە ( سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان،سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران،سەرۆکایەتی پەڕلەمان) بەڵام پارتی مل بۆ ئەو داوایەی یەکێتی نادا و ڕەنگ بێ گفتوگۆکردنیش دەربارەی رەت بکاتەوە.

یەکێتی بردنەوەی بەرهەم ساڵحی کردە پەردەیەک و شکستی لە هەڵبژاردن پێدابپۆشێ و پرسی تەزویرکردن لە بیر خەڵک بباتەوە،بۆ ماوەیەکی کاتی توانی وەک بابەتێکی میدیایی و پڕوپاگەندە کەلکی لێوەرگرێ بە تایبەتی بۆ شەحن کردنەوەی ئەندام و لایەنگرانی خۆی و خۆی وەک هێزێکی سەرکەوتو نمایش بکات،بەڵام ئەو نمایشە زۆری نەکێشا چونکە    بردنەوە یەکلاکەرەوەکەی پارتی لە هەڵبژارندەکانی هەرێمی کوردستان و سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و پێشوازیکردنی وەک لێڤەگەڕ(مەرجەع)ی گەلی کوردستان و بە‌هیزبوونەوەی هەولێر وەک ناوەندێکی گرنگی بڕیار دەربارەی عێڕاق و ناوچەکە ئەو سەرکەوتنەی یەکێتی کە بە تێکدانی یەک ریزی و یەک گووتاری کورد لە بەغدا وەدەستی هێنان خەریکە لێی دەبێتە مۆتەکە و خۆشی سەرکەوتنەکەی لە بیر دەباتەوە.

ئەوانەی لەناو یەکێتی بە ئاراستەی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و بە مل نەدان بۆ بڕیار میللەت و ڕێزنەگرتن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی دەچن، ئەوانەن کە نزیکی بەرهەم ساڵحن و ساڵێک پێش ئیستا هێرشیان دەکردە سەر یەکێتی کە هێزێکی دژە دیموکراسیە و پێویستە ناچار بکرێ کە ڕێز لە ئیرادە و بڕیاری خەڵک بگرێ چونکە مەلا بەختیار ڕایگەیاند بوو کە ئەگەر یەکێتی یەک کورسیش بێنێ هەر پەنجا بە پەنجا دەسەڵات دابەش دەکات، ئەوانە ئیستا چوونەتە هەمان سەنگەر و تەقە لە دیموکراسیەت و ئیرادە و بڕیاری خەڵک دەکەن.


PM:05:18:14/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 5771 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی