​حەقیقەتی نادیا موڕاد و کورد بوونی!

‌ ئاسۆ حاجی

 نادیا موڕاد پێویست ناکا بڵێ کوردم چونکە خۆی و ئاین و باوەڕەکەی کوردییە، ئەو کاتە حەقە کەسانێک داخی خۆی پێدا بڕێژن ئەگەر بڵێت ئیزیدی کورد نینە.

بۆ ئەوەی حەقیقەتی نادیا بزانی دەبێ حەقیقەتی ئێزیدیایەتی بزانی و تێبگەی، پێم سەیرە کەسانێک تا ئێستا نازانن بە دروستی ناوی ئێزیدیان بێنن ھێرش دەکەنە سەر نادیا و سوکایەتی پێ دەکەن، لە جیاتی ئیزیدی و دەڵێن یەزیدی کە گەورەترین ئیھانەیە بۆ ئێزیدیان چونکە بەو وشەیە عەرەبە فاشیستەکان بە درێژایی زیاتر لە ھەزار ساڵ ھەوڵیانداوە ڕەچەڵەک و ناوی ئێزیدیان بە یەزیدی کوڕی معاویە گرێ بدەن و بیانکەنە عەرەب.

لە باوەڕی ئێیزیدیان نەک ئێزیدی خۆیان بەڵکو ئادەم و حەواش کوردن و خودای مەزن بە زمانی کوردی قسەی لەگەڵ ئادەم کردووە و زمانی ڕەسمی بەھەشتیش ھەر کوردیە، بۆیە نە نادیا و نەکەس ناتوانن ئەو حەقیقەتە بگۆڕن.

شێخ ئادی کە نوێکەرەوەی باوەڕی ئێزیدیایەتی و ڕابەر و (سڕێ خودێ)یە کوردێکی دەڤەری ھەکاریە و لە سەردەمی ئەو کە گەیشتۆتە لالش بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی کرستیانانی ڕزگار بکات تێکستە پیرۆزەکانی ئێزیدیان لە کتێبێکدا بە ناوی (قەولێن زەبونێ مەکسور)لەلایەن شێخ فەخری ئادیا نووسراوەنەتەوە کە بە کۆنترین دەقی نووسراوی ئەدەبی کوردی دادەندرێن کە تەمەنیان لە ھەزار ساڵ زیاترە.

نزیکەی حەفت سەت ساڵ پێش ئێستا کاتێک عوسمانلیەکان ھێرشیان کردۆتە سەر باشوری کوردستان و ئێزیدیان کۆمەڵکوژ کردوون، ئێزیدی بە سەرۆکایەتی میر شەرفەدین لە چیای شەنگال خۆیان دەگرنەوە و لەوێ بۆ یەکەمین جار وشەی کوردستان تێکەڵ بە ئەدەب و مێژووی کورد دەبێ کاتێک میر شەرفەدین ھەواڵی خۆڕاگری سەرکەوتن بۆ ئێزیدیان (وڵات شێخ) دەڤەری باعەدرێ و شێخان دەنێرێ و دەڵێ:"خەبەرێ بدەن کوردستانێ،بلا قەیم کەن ئیمانێ،شەڕفەدین میرە ل دیوانێ".

نادیایەک کە خاوەنی ئەو دیرۆک و پاشخانە بی چۆن ڕێ بەخۆی دەدات ئینکاری ڕەچەڵەک و ئەسلی خۆی بکات،مەگەر پاڵنەرێکی بەھێزتر ھەبێت.

بە بۆچوونی من پێویستە کوردانی نا ئێزیدی ھەوڵبدەن لە ئێزیدیان تێ بگەن و چیتر بەھۆی جیاوازی ئاینی نەکەنە ھۆکاری پەلاماردان و سوکایەتی کردن پێیان لە پەنای ھەر ھۆکار و بەھانەیەک بێت.

نادیا بەر لەوەی کورد بێ مرۆڤە،کچێکە کە تەنھا بەھۆی ئیزیدی بوونیەوە شەش کەسی خانەوادەکەی کوژراون و خۆیشی دەست درێژی کراوەتە سەر و وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنی پێکراوە، ئازارەکانی نادیا لە چوارچێوەی نەتەوە و جوگرافیایەکی دیاریکراو گەورەترن، بۆیە تێگەیشتن لە وشەکانی و قبوڵکردنی حەقیقەتەکەی مرۆڤ گەلێکی دەوێ کە بەو ئەندازەیە تێ بگەن.


AM:11:23:07/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 2436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی