دیوی دووەمی یەکێتی

‌ ئاسۆ حاجی

ئاسۆ حاجی

یەکێتی کە نەیتوانی بە لاوازکردنی ڕکابەرەکانی لە سلێمانی هاوسەنگی هێز لەگەڵ پارتی بگەڕێنێتەوە،لەو هەڵبژاردنەشدا بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان بەو ئامانجە ناگات،بە پێچەوانەوە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان پەیامێکی نوێی بە یەکێتی دا کە هەرگیز حەز بە بیستنی ناکات کە دەنگەکانی پارتی دووجار لە دەنگەکانیان زیاترە و بۆ چوارساڵی داهاتوو پارتی قسەی یەکەم و کۆتایی دەکات لە ناو پەڕلەمانی کوردستان.


بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترسە و دروست کردنی سەرکەوتنێک بە هەر شێوە و نرخێک بێت یەکێتی پێویست بوو کارێک بکات بەبێ بیرکردنەوە لەو باجەی پێویستە لە بەرامبەری بدا،یەکێتی تەوافقی ناو ماڵی کوردستانی تێکدا و ئیڕادە و بڕیاری خۆی دایە دەستی ئەو عەرەبانەی دژی سەربەخۆیی کوردستان بوون و کەرکوکیان داگیرکردەوە،هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش دەستی ڕکابەرەکەی پاری دیموکراتی کردەوە کە بە گوێرەی ژمارەی کورسیەکانی مامەڵەی لەگەڵ بکات،کە ئەوجارە لەوە دەچێ یەکێتی ئەگەر پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانیش وەربگرێ ئەوە ئەو پۆستە هاوبەشێکی دیکەی دەبێ،واتا سەرۆکی حکومەت دوو جێگری دەبێ کە لەوە دەچێ یەکەکیان بۆ تورکمان بێ،بەوەش یەکێتی پۆست و دەسەڵاتی جێگری سەرۆک حکومەتی بە تام و دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەت لە دەست دەدا بە دڵنیایەوەش ژمارەی وەزارەتەکانیشی کەم دەبێتەوە.


یەکێتی دەبوایە لە ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر و ڕادەستکردنەوەی کەرکوک تێگەیشتبا کە چەند بۆ بەغدا شل بکا ئەوەندە لە کوردستان خەڵک لێی توند دەکا و مێژوو و هەبوونی خۆی دەخاتە بەردەم پرسیارێکی گەورە، هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق و پەڕلەمانی کوردستان ئەوەی نیشان دا کە ڕەنگە خەڵک لە لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان توڕەبن و چیتر متمانەیان پێ نەکەن بەڵام ئەو خەڵکە جارێکی دیکە متمانە بە یەکێتیش ناکاتەوە،بۆیە یان دەنگیان نەدا یان ئەوەتە دەنگیان بە لایەنێکی دیکە دا،لە هەمووشی نەخۆشتر و قوڕستر بۆ یەکێتی ئەوەیە کە ئەنجامەکان وا نیشان دەدەن دەنگە ناڕازیەکان بەشێکی زۆریان بۆ پارتی رۆیشتوون.


ئەو کارەی یەکێتی کردی لە بەغدا کێشانی هێلک بوو لە نێوان دوو قۆناغ، ئەو قۆناغەی لە دوای دووی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد لە هەموو ڕووێکەوە جیاواز دەبی لە قۆناغی پێشەخۆی قۆناغێک کە یەکێتی خستۆتە سەر ڕێگایەک کە یەک ئاراستەیە بەرەو بەغدا.
یەکێتی لە نێوان داخوازیەکانی عەرەب بۆ دژایەتی کردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان و دەستبەردار بوون لە کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان هەروەها لە نێوان مێژووی خۆی و ئومێدی پێشمەرگە و ئەندامانی کە هێشتا لە گەورەیی و هەبوونی مام جەلال تەماشای ئایندەیان دەکەن.


یەکێتی وەک چۆن ئێستا بۆ لە دەست دانی کەرکوک و دۆڕانی مێژوو و ناوبانگەکەی کە بە خیانەت گرێدرایە پەنجەی پەشیمانی دەگەزێ، لە یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆک کۆمار دەبی چاوەڕوانی خراپتر بکات،چونکە ئەوانەی بەغدا پێویستیان بە یەکێتیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە کورد بە زەلیلی نیشانی شەقامی عەرەبی بدەن لە کوردستانیش هاوپەیمانی ستراتیژیەکەی هیچ باوەڕێکی پێ نەماوە چونکە بۆی ڕوون بۆوە کە هەموو باڵەکانی یەکێتی لە دژایەتی کردن و قۆڵبادان و خەنجەر لە پشت دانی پارتی یەکن.


PM:12:22:05/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 3657 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی