فەرهاد پیرباڵی بێ پشت و پەنا

‌ ئاسۆ حاجی

زۆر هەوڵدرا فەرهاد بکرێتە کەرەستەی بابەتێکی سیاسی ناشیرین و لە دژی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت ،ئەو سوپایەی وەک مێش هەنگ بۆ ناوەندی ئیڕهابی فکری کار دەکەن سۆشیال میدیایان کردە مەیدانی نیشاندانی فەرهاد وەک قوربانی و کەسێکی بێ پشت و پەنا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی حکومەت دەیانەوێ تۆڵەی چەند وشەیەک لە فەرهاد بکەنەوە کە بێڕێزی تێدا بووە بەرامبەر بە خۆیان یان ماڵباتەکەیان،هەروەها هەوڵدرا پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی دیکەش بخزێنە ناو ئەو یاریە دوور لە مۆڕالە.

ئەوانەی لە پشت سووتاندنی کتێبەکانی فەرهاد بوون لە سلێمانی و گەرمیان،هەمان عەقڵیەت بوو فەرهادی بەو دەردە برد کە بە ڕوحێکی شەکەتەوە لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بکرێتە مادەی پێکەنین و لە سۆشیال میدیا وەک بابەتێکی کۆمیدی و کەسێکی دەم پیس و بێ دەستنوێژ بناسیندرێ،بۆیە ئەو کەسەی کە چاوی لە سەر بوو و خەڵک ئومێدی پێ بوو بە هانای فەرهادەوە بچێ بڕیاری دا و سەرەتا بە دوورخستنەوەی فەرها لەو فەوزایەی کە خەریک بوو لەناویدا بزربێ،هەروەها پچڕاندنی پەیوەندیەکانی فەرهاد لەگەڵ ئەوانەی بە کەلک وەرگرتن لە دڵپاکی و جوانی فەرهاد بەو ڕۆژەیان گەیاند.

فەرهاد پیرباڵ لە هەنگاوە یەکەمەکانی دا کەسێک هاوکار و پاڵپشتی بوو، بە پەرۆشەوە دەستباری لەگەڵ فەرهاد دەگرت بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی،لە پڕۆژەی ماڵی شەڕەفخانەوە کە بووە هۆی چاوکرانەوەی دەیان گەنجی کچ و کوڕی کوردستان تا چاپکردنی کتێبەکانی نێچیرڤان بارزانی هاوکار و پاڵپشت بووە.

ئێستاش کە فەرهاد دۆخی تەندروستی بەرەو جێگیربوون دەچێ و بۆ چارەسەری کۆتایی پێویستی بە دەرەوەی وڵات هەیە نێچیرڤان بارزانی بەو پێویستیەی فەرهاد ڕادەگا وەک ئەرکێکی وەک ئەرکێکی برایانە و پەرۆشی بۆ فەرهەنگ و ڕۆشنبیری کوردی.

یەکەمین جار نیە سەرۆکی حکومەت بە پیر نووسەر و هونەرمەندان دەچێت و خۆیان لێ دەکاتە خودان،بەڵام ئەوەی فەرهاد لەوانەی دیکە جیادەکاتەوە مامەڵەی بێ بەزەیانەی چەند حیزب و گروپێک بوون کە هەوڵیاندەدا فەرهاد بکەنە قوربانی تۆڵرکردنەوەی خۆیان لە حیزبی دەسەڵاتدار و حکومەتی هەرێمی کوردستان،لە جیاتی بەهاناوە چوونی فەرهاد لە جیاتی ئەوەی فشار لە سەر حکومەت و بەرپرسان دروست بکەن چارەسەری فەرهاد بکرێ هەوڵیاندا فەرهاد بکەنە تەنها دروشمێکی وشک و حکومەتی پێ بشکێنن،بیکەنە تەنها پارچەیەک ڤیدیۆ کە ئەو دەست ئەو دەستی پێبکرێ و لە کۆتایشدا لە بن دیوارێک یان ناو باخچەیەک تەنها وەک لاشەیەکی سارد بدۆزرێتەوە و بیکەنەوە مادەیەکی ئیعلامی و بەشێک لە تۆڵەی سیاسی.

ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەیکا کارێکی باشە بۆیە پێویستە بڵێین دەستخۆش و کارێکی دیکەی باشت کرد،بە ڕزگارکردنی گیان و جەستە و قەڵەمی فەرهاد تا جارێکی دیکە لە مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیدا بزاڤ بکات،کە دڵنیام هەموو ئەو چیڕۆکانەی لە پشت هەوڵی بە تاڵانبردنی فکری فەرهاد و کردنە قوربانی ئەودا هەبوون هەوێنی نووسینەکانی دەبێ کە باشتر بەرچاوی ئێمە و نەوەکانمان ڕۆنتر دەکاتەوە بۆ ئەوەی باشتر بەردەمی خۆمان ببینین


PM:02:16:16/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 2382 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی