مشتەكۆڵەكەی پارتی بەر زێباری كەوت

‌شوان داودی

بەدرێژایی هەفتەی رابردوو دوو پرس میدیای عێراقی و كوردی بە خۆیەوە سەرقاڵكردبوو، یەكەم پرسی لێپرسینەوەی هۆشیار زێباری، دووەمیان سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم كە لە راستیشدا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ بەغدا، بەڕای چاودێرانی سیاسی هەردوو پرسەكە پەیوەستن بە یەكەوە، بە باشم زانی لە وتاری ئەمجارەمدا لەسەر هەردوو پرسەكە بووەستم و بەپێی زانیارییەكانی بەردەستم و خوێندنەوەی خۆم بەرچاوڕوونی بخەمە پێش چاوی خوێنەرەكانم.

لە راستیدا لە پەرلەمانی عێراقدا گۆڕانكاری گەورە روویداوە، چی لەبواری یاسادانان و چی لە بواری چاودێریكردن و لێپرسینەوە لە حكومەت، دوای ئەوەی عەبادی نەیتوانی وەكو پێویست بەرنامە چاكسازییەكەی جێبەجێبكات و ویستی كاسەكە بەسەری پەرلەمان و پەرلەمانتاراندا بشكێنێتەوەو پەرلەمان بكاتە ئامانجی تووڕەبوونەكانی شەقامی عێراقی لە شكستەكانی حكومەت و خۆی بكاتە پاڵەوان، بەڵام خواستەكەی عەبادی پێچەوانە بوەوە، دوای ئەوەی پەرلەمانتاران هەستیان بەو بە ئامانجكردنە كرد، گوڕیان بە خۆیانداو چاكسازییان لە ئەدای پەرلەمانییەوە دەستپێكردو گورجوگۆڵانە لە هەردوو بواری یاسادانان و لێپرسینەوەدا لە ماوەیەكی كەمدا هەنگاوی گەورەیان بڕی و نەچوونە ژێرباری ئەو هەموو فشارە زۆرەی كەوتە سەریان و ئەو جەنگی دەروونی و راگەیاندنەی لە دژیان بەرپاكرا، لە بواری یاساداندا توانرا یاساكانی قەدەغەكردنی بەعس و لێبوردنی گشتی و دەروازە سنوورییەكان و زانكۆو پەیمانگا ئەهلییەكان و هەندێ یاسای تر تێپەڕێنێت و لە بواری لێپرسینەوەشدا بوێرانە توانییان متمانە لە وەزیری بەرگری وەرگرنەوەو لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی بكەن و بەرەو دەنگدان لەسەر وەرگرتنەوەو وەرنەگرتنەوەی متمانە بڕۆن.


لەم كاتانەدا وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی وەفدی حكومەتی هەرێمەوە دەڕواتە بەغدا، راستە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە لە هەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتییە، سەرۆكایەتی وەفدەكە دەكات، بەڵام هیچ وەزیرێكی یان بەرپرسێكی ئیداری یان حكومی هیچ لایەنێكی تر لە وەفدەكەدا بوونی نییە، سەرباری ئەوەش د. رۆژ نوری شاوەیس كە ئەندامی وەفدەكەیە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هیچ سیفەتێكی لە حكومەتی هەرێمدا نییە.

دوو راگەیاندراو لە هەردوو حكومەتی بەغداو هەرێمەوە لەسەر سەردانی وەفدەكە بڵاوكراوەتەوە، لە هەردوو راگەیاندنەكەدا باس لەوە كراوە كە قسە لەسەر پرسی نەوت و بودجەو رێككەوتنی نوێ كراوە، بێئەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئەندامی وەفدەكە بێت، جگە لە لایەنی حكومی وەفدەكە سەردانی لایەنە سیاسیەكانی سوننەو شیعەشی كردووە، پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە زێباریش بەشێكی ئەجێندای سەردانەكانی وەفدەكە بووە، هەرچەندە بەپێی زانیارییەكانی بەندە، دوای سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بۆ توركیاو دیداری لەگەڵ هەر یەك لە ئەردۆگان و بن ئالی، هەر لەتوركیاوە ئامادەكاری كراوە بۆ سەردانی ئەو وەفدە بۆ بەغدا، ئەمەش پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕەكانی توركیاو ئەو پاشەكشە گەورەیەی ئەو وڵاتەیە بەرانبەر رووسیاو سوریاو عێراق و ئێران لەسەر حیسابی دۆزی كورد لە ناوچەكەدا، گەڕانەوەی پارتیش بۆ بەغدا ئەنجامێكی ئەو ئامانجەی توركیایە.


دوای ئەوەی پێنجشەممە 25ـی ئاب لە پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە زێباری دەكرێت، رۆژی شەممە 27ـی ئاب، بڕوابوون یان نەبوون بە وەڵامەكانی زێباری لە خشتەی كاری پەرلەماندا نابێت، پەرلەمانتار هەیسەم جبووری كە لێپرسینەوەی لە زێباری كردووەو داوادەكات ئەو پرسە بخرێتە خشتەی كارەوە، بەمەش پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی قەڵس دەبن و دەیانەوێت رێگری لەم داوایە بكەن، بەڵام ئەو هەر لەسەر داواكەی سوور دەبێت، بۆیە لەلایەن فراكسیۆنی پارتییەوە هێرشی دەكرێتەسەر بە جنێودان و بوتڵ تێگرتن و مشتەكۆڵە تێسرەواندن.


لە راستیدا بەشێك لە وەڵامەكانی زێباری مایەی گفتوگۆكردن و بڕوا پێهێنان بوون، لەناو خودی پەرلەمانتارانیشدا رای جیاواز هەبوو، بەڵام ئەو هێرشكردنەی پارتییەكانی پەرلەمان بۆ سەر هەیسەم جبووری هاوكێشەكەی پێچەوانە كردەوە لە بەرژەوەندی جبووری و رای زۆرینەی پەرلەمانتارانی گۆڕی بەوەی دەنگ لەسەر بڕوا نەبوون بە وەڵامەكانی زێباری بدەن كە ئەمەش هەلێكی گەورەی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری رەخساند.


لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری واتا گورزێكی گەورە بەر پارتی دەكەوێت، چونكە زێباری وەك خەڵكی تر نییە، كە پێشتر لە پۆستی گەورە بوونەو دووخراونەتەوە، زێباری لەناو بنەماڵەی بارزانییەو خاڵی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەو تاقە وەزیری هەر پێنج حكومەتەكەی دوای پرۆسەی ئازادی عێراقە، لە حكومەتەكانی عەلاوی و جەعفەری و هەردوو حكومەتەكەی مالیكی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی بە دەستەوە بووە، لە حوكمەتەكەی عەبادیش وەزارەتی دارایی، بۆیە لەشەقامی عێراقی بە بتەكەی حكومەت ناو دەبرێت.
بەڕای بەندە وەفدەكە بۆ پرسی نەوت و بودجەو رێككەوتنی تازە دەچنە پێشەوەو گۆڕانكاری روودەدات بە گوێرەی پاشەكشەكانی توركیا، سەبارەت بە پرسی مانەوەی زێباری پێم وایە سەركەوتوو نابن.


چونكە كەشێكی وا لە پەرلەمان خوڵقاوە كە هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێت كۆنترۆڵی ئەندامەكانی بكات لە دەنگدان یان نەدان، هەرچەندە فشارەكان زیادبكرێن ئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوەو سوور بوون لەسەر دوورخستنەوەی زێباری زیاتر دەبێت، ئەگەر بەراوردێكیش لە نێوان وەرگرتنەوەی متمانە لە عوبێدی و ئەم پرسەی زێباریشدا بكەین بەوەی لە پرسی بڕوا پێكردن بە وەڵامەكانی عوبێدی (9) دەنگ لە بەرژەوەندی عوبێدیدا بوو دواتر (63) پەرلەمانتار داوای لێسەندنەوەی متمانەیان كرد، بۆ پرسی زێباری تەنها یەك كەس بڕوای بە وەڵامەكانی زێباری هەبووە، زیاتر لە (100) پەرلەمانتار داوای لێسەندنەوەی متمانەیان لێكردووە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكەین كە متمانە لە زێباری وەربگیرێتەوە، بەمەش دەردەكەوێ كە ئەو مشتەكۆڵەیەی فراكسیۆنی پارتی سرەواندیانە هەیسەم جبووری بەر زێباری كەوت.


AM:09:01:03/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 7950 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی