‌یاسای ئەنجومەنی نوێنەران
PM:09:40:29/07/2016
شوان داودی


هەر كەسێك لە نزیكەوە چاودێری دانیشتنەكانی هەفتەی رابردووی پەرلەمانی عێراقی كردبێت، بۆی دەردەكەوێت لایەنی چاودێری ئەو دەزگایە بۆسەر دامودەزگاكانی حكومەت چەند گرنگە، ئاشكرایە زۆرینەیەكی پەرلەمانتاران بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان و بەرگریكردن لە كۆمەڵانی خەڵك.


لەگەڵ ئەوەی هەردوو وەزیری بەرگری و دارایی لە مانگی ئابدا لە پەرلەمان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، چەند داوایەكی تریش بۆ لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێك و چەند دامودەزگایەكی تر خراوەتە بەردەست سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەرگریكردنی پەرلەمان لە خوارەوە بە تایبەت فەرمانبەران و جوتیاران مایەی دڵخۆشییە، دەنگ بەرزكردنەوەی پەرلەمان بۆ گێڕانەوەی پارەی بە هەدەردراوی گشتی بە تایبەت لە بواری گەیاندن و پەیوەندی و جیاوازی فرۆشتنی دۆلار لە بانكی ناوەندی بێ باجی پێویست كە ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە.


بۆ تۆكمەكردنی كارەكانی پەرلەمان لە بواری چاودێری یاساداناندا پێویستە پشتیوانی یاسایی دەستەبەر بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران كرا، لەگەڵ ئەنجامدانی خوێندنەوەكەدا هەم پەرلەمان و هەم پرۆژە یاساكە كرایە ئامانج بۆ دوو هۆ: یەكەمیان موزایەدەی سیاسی هێزە شیعییەكان بۆ سەر یەكتر بە تایبەت هێزە باڵادەستەكانی شیعە لە دژی یاساكە وەستانەوە، دووەم بۆ شكاندنی هەیبەتی ئەنجومەنی نوێنەران كە حكومەتی شیعە پێی باش نییە پەرلەمانێكی بەهێز چاودێری كاروبارەكانی بكات، بۆیە پرسی ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانیا ن كردە بیانوو بۆ لێدانی پەرلەمان لە لایەك و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانتار لە لایەكی تر.


بۆیە بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە بەردەوام بێت و چاكسازی گونجاوی تێدا بكرێت و دواتر پەسند بكرێت، بە پێی ئەرك و كارەكانی مافی پەرلەمانتار دابین بكرێت وەك هەر چینوتوێژێكی تر دوور لە موهاتەرات و دوور لە موزایەداتی سیاسی.


ئەگەر پەرلەمانتار مافی بە یاسا پارێزراو بێت دەتوانێت باشتر چاودێر بێت، لە هەمان كاتدا دەبێت لایەنی ئاسایشی پەرلەمانتار لەبەر چاو بگیرێت، چونكە لە ئەنجامی چاودێری كردندا تووشی هەڕەشەو مەترسی و هەندێ جار روبەروبونەوەی توند دەبێتەوە.


ئەوەی لای بەندە جێی پرسیاربوو زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی ناو پێكهاتەكانی تر كەوتنە ژێر كاریگەری موزایەداتی هێزە شیعە باڵادەستەكان و دژ بە پرۆژە یاساكە هاتنە قسە، بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت بە ئەركە یاسایی و دەستوورییەكانی هەڵبستێت دەبێت چەترێكی یاسایی هەبێت و لە سایەو سێبەری حكومەت بێتە دەرەوە.


كاركردن بەم شێوازەی ئێستا كە حكومەت وەلی ئەمری پەرلەمانەو خەرجییەكانی ئەم دەزگایە لە لایەن حكومەتەوە دابین دەكرێت،ئەستەمە، هەر كاتێك حكومەت توڕە بكەی خەرجییەكانت لێ بگرێتەوە، بۆیە ناتوانریت ئەركەكانت وەك و پێویست راپەڕێنیت.


بۆیە پرۆژە یاساكە بە چاكسازییەوە دەبێت تێپەڕێنرێت بۆ ئەوەی سەروەری لە یاسادانان و چاودێریكردندا بە یاسا دەستەبەر بكرێت و مافەكانی پەرلەمانتار وەك و هەر توێژێكی تر بەپێی ئەركەكانی بۆی دیاری بكرێت.




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.