سەردانەكەی مالیكی و شڵەژانەكەی پارتی

‌شوان داودی

لەكاتی سەردانی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا لە مانگی رەمەزاندا، كە تیایدا هێزو لایەنە سیاسیە عێراقییەكان بە سوننەو شیعەوە بەسەركرانەوە، بۆ روونكردنەوەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی هەردوولاو بەیانكردنی دیدی ئەم دوو هێزە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و چۆنیەتی كاری هاوبەشی ئاییندەمان، لەسەردانی حیزبی دەعوەدا كە نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەو سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی قانونە پێشوازی لێكردین، دوای گفتوگۆكردنمان لەسەر كۆی پرسەكان مالیكی پێیراگەیاندین كە دوای جەژنی رەمەزان، سەردانی شاری سلێمانی دەكات، بە مەبەستی بەسەركردنەوەی جەنابی مام جەلال و هەواڵ پرسینی و بەخێر هاتنەوەی كاك نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە لە گەشتی چارەسەری پزیشكی گەڕاوەتەوە، لە هەمان كاتدا بۆ پیرۆزبایی كردن لە یەكێتی و گۆڕان سەبارەت بە رێككەوتنی نێوانیان، سەردانی هەردوولا دەكات، لەكاتی سەردانی وەفدە هاوبەشەكە بۆ بەغدا برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەرپرس و پەرلەمانتارو كادرو راگەیاندنەكانیشیەوە، كەوتبوونە حاڵەتێكی دەروونی ناجێگیرەوە، بۆیە لەو كاتەدا بە باشمان نەزانی هەواڵی سەردانی مالیكی بۆ سلێمانی بدەینە راگەیاندنەكان بۆ ئەوەی دۆخە دەروونییەكەیان لەوە زیاتر شڵەژاوتر نەبێت!

لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی باشووری كوردستاندا لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوەوە تا ئێستا، پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی خۆی بە پۆلیسی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستان دامەزراندووە! هەموو جۆرە پەیوەندییەكی هەر هێزێكی سیاسی لە دەرەوەی خۆی بە هەر هێزو لایەنێكی غەیرە كورد بە دەرچوون لە ریزی كوردایەتی ئەژمار دەكات و دەیخاتە خانەی دژە كوردەوە! بە پێچەوانەشەوە بۆ خۆی و بێ گەڕانەوە بۆ هیچ هێزو لایەنێكی سیاسی كوردی.. هەموو دەرگاكانی ئاوەڵا كردووەو لەژێر ئەو ناوەدا كە خۆی بە خۆی بەخشیوە شەرعییەتی داوە بە هەموو پەیوەندییە گومانلێكراوەكانی كە تازە بەشێكیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەكانی ویكیلیكسەوە ئاشكرا بوونە!

نامەوێ‌ لێرەدا بڕۆمە ناخی پەیوەندیەكانی ئەو هێزەو چۆنییەتی كاركردنیان تەنها مەبەستمە لێرەدا هەڵوەستەیەك لەسەر سەردانەكەی هەفتەی رابردووی نوری مالیكی بۆ سلێمانی و كاردانەوەو شڵەژانی برادەرانی پارتی بكەم:

ئاشكرایە خولی دووەمی سەرۆكایەتی مالیكی بۆ حكومەتی عێراق لە ئەنجامی رێككەوتنێكی نهێنی نێوان پارتی و دەعوە بوو كە هەردوو بەڕێز بارزانی و مالیكی واژۆیان لەسەر كردبوو، بەڵام دواتر ئاشكرابوو، پاشان تێكچوونی پەیوەندییەكانی هەردوولایان لەسەر چۆنییەتی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بووە.

هەموومان بیرمانە كاتێك نوری مالیكی سەردانی شاری كەركوكی كرد، پارتی لە دژی یەكێتی و دكتۆر نەجەمدین كەریم پارێزگاری كەركوك چ هەڵایەكی نایەوە كە پێشوازی لە مالیكی كردبوو، هەر زۆری پێ نەچوو مالیكی سەردانی هەولێری كرد نەك پارێزگاری هەولێر بەڵكو خودی بارزانی خۆی فەرشی سووری بۆ راخست و پێشوازی لێكرد!

لە (28)ـی نیسانی رابردوو پەرلەمانتارێكی حیزبی دەعوەی باڵی مالیكی كە لە ریزی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان بوو، داوای لە بەندە كرد كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئێمەو فراكسیۆنەكەیان بۆ رێكبخەم، ئەم داوایەم گەیاندە خاتوو ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنەكەمان، لە وەڵامدا پێیوتم وەڵامیان بدەمەوە كە ئێمە وەفدێك لە هەر پێنج فراكسیۆنە كوردەكە رێكدەخەین و لە پێشوازییاندا دەبین، كاتێك ئەم وەڵامەم پێراگەیاند، پێیوتم دەمانەوێت لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی دابنیشین، چونكە پێش ئێوە لەگەڵ پارتی دانشتووین! واتا برادەرانی پارتی چاوەڕوانی ئێمەیان نەكردووە تا پێكەوە لەگەڵ حیزبی دەعوە دابنیشین و خۆیان بە تەنهاو بە نهێنی كۆبوونەوەیان لەگەڵ حیزبەكەی مالیكی ئەنجامداوە.

زۆری تریش هەن كە ئێرە جێگای باسكردنی نین، تەنها هەر ئەوە دەڵێم كە سەردان و كۆبوونەوەكانی ئێمە بۆ هەر لایەك و لەگەڵ هەر كەسێكدا بێت ئاشكرایەو بە رۆژی رووناك بەر لە كامێراكانی خۆمان لەبەردەم كامێراكانی پارتیدایە، تەنانەت ناوەڕۆكی رێككەوتنەكانیشمان ئاشكرایەو بۆیە باكمان بەهیچ هاژوهوژێكی راگەیاندن نییە.

لەماوەی رابردوودا برادەرانی پارتی سەرباری گۆشەگیربوونیان، هەنگاوە ئاشكراكانی ئێمەو ئاشكرابوونی پەیوەندی و هەنگاوە نهێنییەكانی خۆیان بەوەی ویكیلیكسیشەوە لەدوای كودەتا سەركەوتووەكەی ئەردۆگانەوە، باری دەروونی شڵەژاوتر كردوون تا ئەو ئاستەی كەسی دووەمی ئەو حیزبەو سەرۆكی حكومەتی هەرێم نەتوانێت شڵەژاوییان لە سەردانەكەی مالیكی بۆ سلێمانی بشارێتەوەو بڵێت "ئەگەر نییەتی خێری هەبوایە دەهاتە هەولێر”... هەر بۆیە پێموایە رۆژانی داهاتوو بۆ برادەرانی پارتی سەختتر دەبێت و باری دەروونییان شڵەژاوتر.


AM:09:44:23/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 3711 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی