پارتی و سروە

‌شوان داودی

یەكێ لە بابەتە هەرە گەرم و گوڕەكانی هەفتەی رابردووی كوردستان و عێراق كە لە ناوەندە سیاسی و راگەیاندنەكان قسەی زۆری لە بارەوە كرا، دواتر شەقامی بۆ جوڵێنراو (مەسیرەی حیزبی) بۆ ئەنجامدراو هێزی سەربازی و ئاسمانیشی بۆ پیشاندرا! لێدوانێكی خاتوو سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان بوو كە لە رێچكەی خۆی دەرهێنراو بەمەبەستی سیاسی شێوێندراو بە داخەوە پێشمەرگەو شەهیدو كەسوكارە سەربەرزەكانیان كەرەستەی ئەو یارییە سیاسییە قێزەونە بوون.

دوای ئەوەی لەسەروبەندی پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجە كە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتاوە بۆ پشكی هەرێم لە بودجەدا لەگەڵ ئەو شێوازەدابوون كە لە حكومەتی عێراقەوە هاتبوو، بە پێچەوانەوە فراكسیۆنەكانی تر لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان گۆڕانكاریان تێدا كرد.. ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە پرۆژەكەی حكومەتدا كرا لەلایەن پارتی و حكومەتی هەرێمەوە، پێش پەسەندكردنی رەتكرایەوە، فراكسیۆنی پارتی بێ هیچ بەرگریكردنێك لە قوتی خەڵك و ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە بە بیانووی ژمارەی پێشمەرگە هۆڵی پەرلەمانی بەجێهێشت و چوار فراكسیۆنە كوردییەكەی تر درێژەیان بە هەوڵەكانیان داو توانییان هەم پرۆژەكەی خۆیان جێگیر بكەن و هەم گۆڕانكاری گونجاو لە پشكی پێشمەرگە بكەن زۆر لەوە زیاتر كە لە پرۆژەكەی حكومەتدا هاتبوو.. فراكسیۆنی پارتی و حكومەتی هەرێم شەڕیان لەسەر مانەوەی ئەو بڕگە سواوانە دەكرد كە خەڵكی كوردستانی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێ برسی كراوە، بەمەش پارتی هەم لە بەغدا بەتەنیا مایەوەو هەم لە كوردستانیش وەكو شكستخواردوو دەركەوت، بۆیە پێویستی بە نانەوەی هەڵایەك بوو بۆ ئەوەی لەو گۆشەگیریەی تێی كەوتبوو خۆی دەرباز بكات.

سروە خان لە بەرنامەیەكدا كە بەرگری لە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان دەكات كە لە دۆخێكی خراپدا دەژین، رستەیەك بەكاردەهێنێت، ئەگەر لە ناو قسەكانی تردا دەری بكەیت لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، ئەگەر وەكو خۆی لە رێچكەی قسەكانی تریدا بمێنێتەوە حاڵەتێكی دروستە.

لە ماوەی رابردوودا مامۆستایەكی ئاینی لە كەناڵێكی ئاسمانیەوە باسی ئەوەی كرد كە ئاگادارە لەوەی ژنێك بۆ ئەوەی شیری منداڵەكەی دابین بكات لەگەڵ دوكاندارێكدا رێككەوتووەو لەگەڵی رادەبوێرێت، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا خێزانی هاوڵاتیەك و خێزانی پێشمەرگەیەك و خێزانی شەهیدێك چ جیاوازییەكیان هەیە، ئایا حكومەت بەرپرس نییە لە دابینكردنی ژیان و گوزەران و پاراستنی كەرامەتی هاوڵاتیان لە هەموو چین و توێژەكان؟!
من نامەوێت بەرگری لە سروەخان بكەم بەقەد ئەوەی ئەمەوێت لەسەر كاردانەوەی پارتی هەڵوەستەیەك بكەم، سروە خان پێویستی بە بەرگریكردنی من نییە، چونكە هەمووان دەیناسین و دەزانین بەرگریكارێكی سەرسەختی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان و ئازادی تاك و ئازادییە مەدەنییەكانە لە كوردستان و عێراقیش، من دەپرسم ئەو ژنە بەشمەینەتەی كە مامۆستا ئایینیەكە باسیكرد بۆ دابینكردنی شیری منداڵەكەی لەگەڵ دوكاندارەكە رادەبوێرێت، بۆ ویژدانی پارتی نەجوڵاند؟!
سروە عەبدولواحید یەكێ لەو كەسە دیارانەیە كە لە ناوەندە سیاسی و راگەیاندنەكانی عێراقدا بەدەنگی بەرز بیر دەكاتەوەو بە ئاشكرا دژی سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە مۆنۆپۆڵكردنی جومگەكانی دەسەڵات و ئیفلیجكردنی سیستمی حوكمڕانی هەرێم و پەكخستنی پەرلەمان و دەست بەسەراگرتنی سەرۆكایەتی هەرێمدا، بۆیە پێموایە جگە لەو هەڵایەی كە پارتی پێویستی پێی بوو لەم كاتەدا، ئەو بەئامانج كردنەش بۆ تێكشكاندنی كەسایەتی سیاسی ئەو خانمە بوو.
بۆ ئەوەی كەسی تر زات نەكات دژی سیاسەتەكانی پارتی بێت، پارتی ئەم شێوازی شكاندنەو دواتر پەنابردنە بەر دادگاكانی خۆی بۆ سزادانیان پێشتر تاقیكردۆتەوە بەرانبەر بەسەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان هەر لە كۆسرەت رەسوڵ و نەوشیروان مستەفاو خەڵكانی تریش، بەڵام بە سیناریۆی جیاواز جیاواز، بۆیە ئەم رەفتارە بۆ حیزبێكی وەكو پارتی لە بەرانبەر نەیارەكانی تازە نییەو دیارەدەیەكی ئاساییە.

لەماوەی رابردوودا بەڕێز بارزانی لە باشیك كۆمەڵێ قسەی كرد كە پەیوەست بوون بە چارەنووسی خەڵكی كوردستانەوە، كە عەبادی لێی هاتە دەنگ، دوای 24 كاتژمێر پەشیمان بووەو وتی: "بە هەڵە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی"، لە یەكێك لە گرووپە سیاسییەكانی واتس ئاپ نوسیم: من بە كوردی گوێم لێبوو، عەرەبێك بۆی نووسیم "لێدوانەكەی بەرزانی لە بیر بكە تاماشای روونكردنەوەكەی بكە"، بۆ لێدوانەكەی سروە خانیش كە بەشێوەی (لاتقربوا الصلاە) مامەڵەی لەگەڵ كراوەو بەمەبەستی سیاسی بەلاڕێدا براوە، داوای لێبوردنیشی لێ قبوڵ ناكەن.

ئەو بەرنامەیەی كە سروەخان ئەو قسانەی تێدا كردبوو لە 2/12/2016 پەخشكرابوو واتا پێش پەسەندكردنی بودجە بە پێنج رۆژ ، پارتی لە 8/12/2016 ورووژاندی واتە دوای پەسەندكردنی بودجە بە یەك رۆژ، ئەوە دەسەلمێنێت، مەبەست لەو ورووژاندنە پرسی پێشمەرگەو شەهید نەبووە، بەڵكو بۆ پەردەپۆشكردنی خۆدزینەوەیانە لەبەرگریكردنیان لە پێشمەرگە لەناو هۆڵی پەرلەمان.

لە كاتێكیشدا بابەتەكەی سروە بەرەو ساردبوونەوەو لەناو خەڵك كۆتایهاتن دەڕوات ، بۆیە ئەمجارە وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ دروستكردنی هەڵایەكی تر لە 14/12/2016 لێدوانێكی قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیب كە 26/11/ لە تەلەفزیۆنی (الرشید) بڵاوكراوەتەوە، گەرم دەكاتەوە (واتە دوای 18 رۆژ لە لێدوانەكەی خەزعەلی سەرۆكایەتی هەرێم بە ئاگادیبَتەوەو وەڵام دەداتەوە) بەوەشدا تێدەگەین كە تەنها بۆ ئەوەیە پرسی برسێتی بۆ چەند رۆژێكی تر لە بیری كۆمەڵانی خەڵك بباتەوە!

من لە دوای 31ـی ئابی 1996 ـەوە سروەخان دەناسم، پێشتر وەك دوو رۆژنامەنووس هاوڕێ و هاوپیشە بووینەو ئێستاش وەكو دوو پەرلەمانتاری كورد لە یەك لیژنەی پەرلەمانی كاردەكەین، ئەم ژنە هەم چالاك و هەم بوێرە، ئەوەی من ئاگادارم هەوڵی زۆری لەگەڵ دراوەو ئیغرائاتی زۆریشی خراوەتە پێش تا واز لەقسەكردن لەسەر پارتی بهێنێت، بەڵام بۆ ساتێكیش سازشی لەسەر قەناعەتەكانی خۆی نەكردووە، خۆی كچی سلێمانییە، تاقە كاندید بوو لە هەولێر ویستی لە دەڤەری بارزان هەڵمەتی هەڵبژاردن بكات، بەڵام رێگەی پێ نەدرا، بۆیە هەمیشە چاوەڕێی كاردانەوەی پارتی بووەو سڵ-یشی لێنەكردۆتەوە، تەنها بەوە نیگەرانە كە پێشمەرگەو شەهید كراونەتە كەرەستەی لێدانی، چونكە ئەوەندەی من سروە بناسم لە هیچ نەترساوە لە سیسركە نەبێت وەكو هەر ژنێكی دیكە (بە ئیزنی خانمان و رێكخراوەكانیان، نەوەكو پارتی ئەمەش بكاتە بابەتی هەفتەیەكی تری)!

لە كاتێكدا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە شارەكانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین رۆژانە بۆ دابینكردنی مافەكانیان خۆپیشان دەكەن، سەرباری ئەوەی رێگەی ناڕەزایی دەربڕین لە هەولێرو دهۆك و شارەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی نادرێت، خەڵك لەم شارانە بە زۆرەملێ و بێگاری دژی سروە دێننەسەر شەقام.. پێویستە دڵسۆزەكانی ناو پارتی بەر لە هەموو كەسێكی دیكە ئەم هاژوهوژ و سیناریۆیەی حیزبەكەیان قبوڵ نەكەن، چونكە لە راستیدا ئەمە بچووككردنەوەی پارتییە كە وا پیشان بدرێت حزبێك بەو هەموو مێژووەی كە هەیەتی لە ژنێك بترسێت ئەو ژنەش تەنها ترسی لە سیسركە بێت!


PM:01:06:16/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 5236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی