گفتوگۆیەكی نیشتمانی لە پێناو كەركوك و كەركوكییەكاندا

‌شوان داودی


دوای ئەوەی هێزە ئەمنیەكانی كەركوك بە هاوكاری و هەماهەنگی جەماوەری خۆراگری شارەكە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە (21)ـی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری رابردوودا داستانێكی گەورەیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تۆماركرد، چوارشەممە 2ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر پەرلەمانتارانی كەركوك لەهەموو پێكهاتەكان لە لیژنەی ئاساییش و بەرگری پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەو بەهەماهەنگی لیژنەی ناوبراو راپۆرتێك ئامادەكراو لە دانیشتنی ژمارە (27)ـی پێنجشەممە (3)ـی نۆڤەمبەری ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندرایەوە، لەراپۆرتەكەدا ئاستەنگەگانی بەردەم هێزە ئەمنییەكان لە (7) خاڵدا دیاریكراوە، بۆ باشتركردنی دۆخی ئەو هێزانەو دۆخی ئەمنی شارەكە چەند راسپاردەیەك لە (6) خاڵدا خراوەتەڕوو.

راستە كەموكورتی هەبووە، راستە قوربانی زۆر دراوە، راستی گەورەتر ئەوەیە سەركەوتنێكی گەورە تۆماركراوە، لە راپۆرتەكەدا زیاتر لەسەر كەموكوڕی و ئاستەنگەكان و دواتر راسپاردە بۆ باشتركردنی دۆخەكە هەڵوەستەكراوە، تەنها لە پێشەكی راپۆرتەكەدا نەبێت ئاماژەیەك بە رۆڵی جەماوەر لە هەموو پێكهاتەكان كراوە، لەكاتێكدا رۆڵی ئەو جەماوەرە یەكلاكەرەوە بووە لەو سەركەوتنەدا بێ كەمكردنەوە لە رۆڵی هێزە ئەمنییەكان و قارەمانێتی و قوربانیدانیان.

من پێموایە رۆڵی جەماوەری كەركوك لەو سەركەوتنەدا دەبێ هەڵوەستەی زیاتری لەسەربكرێت و بخرێتە خزمەت پرسی چارەسەری سیاسی دۆزی شارەكە، چونكە لە بنەڕەتدا كێشەی كەركوك كێشەیەكی سیاسیەو هیچكات سەركەوتنی سەربازی نابێتە هۆكاری چارەسەركردنی دۆزی هەڵپەسێردراوی ئەو شارەی كە خەڵكەكەی بوونەتە قوربانی.

بینیمان چۆن بە خراپی سوود لەو سەركەوتنە وەرگیرا، خەڵكانێك لە كورد كردیانە بیانوو بۆ بەتاڵكردنەوەی بوغزو كینە دەروونییەكانیان، خەڵكانێك لە عەرەب بۆ هەڵڕشتنی رقی پەنگخواردووی ناخیان، خەڵكانێكیش لە توركمان بیقۆزنەوە بۆ پیلاندانان و دروستكردنی شانەی چەكداری و بڵاوەپێكردنیان لەگەڕەكەكانی شاردا بە هاوكاری كۆمپانیایەكی گومان لێكراو بۆ مەرامێكی تر، بۆیە دەبێت هەڵوێستی جوامێرانەی جەماوەری كەركوك لە هەموو پێكهاتەكان بۆ حیزب و سەركردەو نوێنەرەكانیان بكرێتە وانەو پەیڕەو بكرێت، ئەوان پێیانوتین: ئەمنیەتی خۆمان و ماڵ و منداڵمان لە پاراستنی شارەكەدایە، شارەكەش گەورەترە لە هەموو بەرژەوەندە بەرتەسكەكانتان، ئەوان وتیان: ئەركی خۆمانە ماڵ و سامان و كەرامەتی خۆمان بپارێزین، ئیتر رێگە نادەین حیزبێكی سیاسی بە ئەجێندایەكی دەرەكی پیلان بۆ تێكدانی ئارامیی شار دابڕێژێت، رێگە نادەین پەرلەمانتارێك بە رێگەی سودفەش كەركوكی نەبینیوەو بەسەری نەكردوینەتەوە بازرگانی بە ئەمنیەتمانەوە بكات، رێگە نادەین فەرماندەیەكی سەربازی ئەركی پاراستنی ئێمەیە خانووەكانمان بەسەرماندا بڕووخێنێت، بە دەنگی بەرز بە حیزبە سیاسیەكان رادەگەیەنین دەبێ واز لە دژایەتی یەكترو پیلان داڕشتنی دژ بەیەك بێنن و دەبێ چاو لە ئێمە بكەن، چۆن ئێمە شارمان پاراست، دەبێ ئێوەش پێكەوە بەرنامەی خزمەتكردنمان بۆ دابڕێژن، بە فەرماندە سەربازییەكانیان وت : ئەركی ئێوە بەرگریكردن و جێبەجێكردنی فەرمانە سیاسیەكانە نەك هەڵڕشتنی كێشە شەخسییەكان، بە (13) پەرلەمانتارەكەی كەركوكیان وت: چیتر وەك نوێنەری پێكهاتە قبووڵتان ناكەین، دەبێ نوێنەری شاربن بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، پێیانوتین: بە خۆتاندا بچنەوە بەرژەوەندی باڵای شار بە هەموو رەنگەكانیەوە بخەنە پێش بەرژەوەندییەكانی خۆتان، پێیانوتین: گرنگ نییە لامان كێ‌ دەردەچێ و كێ دەرناچێ، دەبێت لە كەركوكدا هەڵبژاردن بكرێت، چونكە پێویستمان بە خزمەت و ئاوڕلێدانەوەیە، بە ئاو و كارەبایە، بە قوتابخانەو نەخۆشخانەیە، بە جادەو پارك و باخچەیە، پێیانوتین: لە دوای داعش قۆناغێكی نوێ لە پێشە، چیتر قبووڵمان نییە سوتەمەنی نێوان بەغداو هەولێر بین، چیتر قبووڵمان نییە پارەی نەوتەكەمان بڕواتە گیرفانی خەڵك و دووكەڵەكەی بە قورگی ئێمەوە.

پێیانڕاگەیاندین و ئاگادریان كردینەوە لەوەی ئەگەر هەموومان بە حیزب و سەركردەو نوێنەرەكانەوە نەچینە ژێربارو هەمان هەڵوێستی (21)ـی ئۆكتۆبەری ئەوان وەرنەگرین، ئەجێندا دەرەكیەكان وەلاوە نەخەین و خۆمان لە بوغزە دەروونیەكان پاك نەكەینەوە، رق و كینەكان لە ناخمان رانەماڵین ئەوا پیلانەكان دەكەنە پلان بۆمان و هەرچی بوغزو كینە هەیە بەسەرمان دەیڕێژن و بەدارو بەردی كەلاوەكانمان شار بەدەرمان دەكەن.

بۆیە دەبێت ئەو گۆمە راوەستاوە مەنگە سیاسییەی كەركوك بشڵەقێت و گفتوگۆیەكی هێمن و هاوسەنگ و راستەوخۆو دوور لە دوو روویی و ریایی و موجامەلە، دوور لە دەستی دەرەكی، دوور لە هەولێرو لە بەغدا، دوور لە موزایەدات و موهاتەرات بۆ بە لاداخستنی دۆزی هەڵپەسێردراوی شارەكە لە نێوان حیزب و كەسایەتی و نوێنەانی شاری كەركوك دەست پێبكات بۆ ئەوەی خاڵ بخرێتە سەر پیتەكان.
من ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقم، رۆژانە لە ئەنجومەن نوێنەرانی تری شار لە پێكهاتەكانی تر دەبینم، سڵاو لەیەكتر دەكەین، بە یەكەوە پێدەكەنین، قسەی خۆش و نوكتەش بەیەكەوە دەگۆڕینەوە، بەڵام لەسەر یەك پرسی سیاسی كۆك نین، هەموومان لەگەڵ یەكتر دووڕوو و درۆزنین، كاتی ئەوە هاتووە ئەو حاڵەتە كۆتایی پێ بێت، كاتی ئەوە هاتووە پێكەوە قسەی جدیمان هەبێت لەسەر دۆزی ئەو شارە، كاتی ئەوە هاتووە لە جەماوەری دڵسۆزی شارەكەمانەوە فێری ئەوە بین چۆن لە پەرلەمان پێكەوە بەرگری لە بەرژەوەندی ئەو خەڵكە بكەین و مافە زەوتكراوەكانیان بۆ بگێڕینەوەو رێگە نەدەین كەس زەرەرمەند بێت، كەس هەست بە غوبن بكات، ئەوان بەهێز و بازووی ئیرادەی خۆیان سەركەوتنێكی گەورەیان بۆ خۆیان و بۆ شارەكە و بۆ ئیمەش تۆماركرد، چاوەڕێی دەستی ئێمەن تێكڕای پرسە هەڵواسراوەكانیان بە پرسی چارەنووسی شارەكەشەوە بە یاسا بۆ یەكلایی بكەینەوە، بۆیە پێویستمان بە دانیشتن و گفتوگۆی راشكاوانە هەیە.
ماوەی دوو ساڵ زیاترە كە لە پەرلەمانم هەفتانە وتارێكم هەبووە بە كوردی و بە عەرەبییش بڵاوم كردۆتەوە، زۆربەی وتارەكانم پەیوەست بوونە بە كەركوكەوە، چونكە من نوێنەری ئەو شارەم، هیچ كەس و لایەن و پێكهاتەیەك كۆمێنتیان نەبووە لەسەریان، بەلام لەدوای رووداوەكەی (21)ـی ئۆكتۆبەرەوە دوو وتارم بڵاوبۆتەوە هەردووكیان زیاتر پەیوەست بوونە بە كەركوك و پێكهاتەكانی، خۆشبەختانە لەم دوو هەفتەیە دوو وەلام دراومەتەوە، یەكەمیان لەلایەن برای بەرێز كەسایەتی سیاسی توركمان تورهان كەتانە، یەكەم سەرۆكی بەرەی توركمانی و دووەمیان برای بەڕێزم محەمەد تەمیم نوێنەری كەركوكە لەسەر لیستی ئیئتلافی عەرەبی، ناڕۆمە ناو وردەكاری وەڵامەكانیان و وەڵامدانەوەیان، چونكە بە پێویستی دەزانم وتارەكانی بەندەو وەڵامەكانی ئەو دوو برا بەڕێزە سەرەتایەك بێت بۆ شكاندنی بێدەنگی گۆمە مەنگەكەی كەركوك و دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نیشتمانیانە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای كەركوك و جەماوەرە دڵسۆزەكەی، چونكە دەبێت لە ئاستی هەڵوێستی جوامێرانەی كەركوكیەكاندا بین.


PM:12:15:05/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 3866 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی