لوتكەی بارزانی- بافڵ تاڵەبانی

‌خه‌ڵه‌ف غه‌فور

حكومەتی فرە حزبی لە وڵاتانی پێشكەوتوو، یان روونتریش لە وڵاتانی رۆژئاوا نموونەی كەمە، حزبی براوە هەر لە سەرەتاوە و بێ هیچ رێگرییەك هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەخاتەگەڕ، لەگەڵ ئەوەشدا لە پەرلەمانەوە فشاری دەخرێتەسەر و لێپێچینەوەی وردی، هەڵبەت لەسەر بەرنامە و كارەكانی حكومەتی لەگەڵ دەكرێت.

نموونەی حكومەتی فرەحزبی دەگمەنە، هۆكارە راستەقینەكەشی ئەوەیە كۆمەڵێك حزب كە لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردن، روئیای سیاسی، بەرنامە بۆ سەردەمی حكومەتداری، شێواز و میكانیزمی كار، زۆر جیاوازبن، چۆن دەتوانن لە كابینەیەكی حكومیدا هاودەنگ و یەكگرتووبن و پێكەوەش هەوڵی سەركەوتنی یەكتر بدەن، چما ئەوان سیاسەت دەكەن یان دینداریی؟

ئێستای كوردستان نموونەیەكە لەو شێوەی سەرەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە حزبەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن حكومەتی فرەحزبی پێكبهێنن و هەوڵی دڵڕاگرتنی یەكتر بدەن یان باشترە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات شوناسی خۆیان وەربگرن و هەریەكە و بە میكانیزم و شێوازی خۆیان سیاسەت بكەن و هەردوولاشیان ئامانجیان بەرگری و خزمەتكردنی خەڵك بێت؟

یەكێتی و پارتی بەحوكمی مێژوو، جوگرافیای سیاسی و ئیداری و بوونی هێزی سەربازی، كاریگەریی و بوونی پەیوەندیی دەرەوە ناتوانن لەم قۆناغەدا بێ یەكتر حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بكەن، رەنگە ئەمە مۆدێلێكی باش نەبێت، بەڵام واقیعەكە هەر ئەوەندەی لێ هەڵدەكڕێت، رێگایەكە ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەری كۆكبن دەتوانن خزمەتی زیاتر بكەن، هەروەك شوناسی سیاسی هەرێمی كوردستانیش دابەشبكەنەوە و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات هەریەكەیان بەئەركی خۆیان هەڵسن.

پەیوەندی یەكێتی و پارتی هێشتا درێژبووەوەی سەردەمی پەیوەندییەكانی تاڵەبانی- بارزانییە، راستە لەڕووی جەستەییەوە تاَلەبانی باوك ئامادەگیی نییە، بەڵام سیاسەتی پێكەوەیی كاركردنی یەكێتی و پارتی، پاراستنی تەبایی، بەهەندوەرگرتنی مەترسیی شەڕی ناوخۆ و هەرێمایەتی هێشتا ئامادەگیی هەیە، پارتی لەمەدا لاری نییە لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێت، یەكێتیش هەمان ئامادەگی هەیە، هەردوولاش بەلەبەرچاوگرتنی هۆكار و ئامانجەكانی سەرەوە بژاردەی دووەمیان نییە جگە لە كاركردنی پێكەوەیی.

دانووستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەكەنەوە، گرفتی سەرەكی ئەوە دەبێت ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی لوتكە گفتوگۆ نەكەن، بۆ ئەمەش بافڵ تاڵەبانی ئەركی دووەم و سەرەكی جێبەجێكردنی سیاسەتی راستەقینەی یەكێتی دەكەوێتە ئەستۆ دوای ئەوەی لە جێبەجێكردنی سیاسەتی روونی یەكێتی لە بەغدا سەركەوتوو بوو، هەرچی سەركردایەتی یەكێتیشە پێویستی بەگفتوگۆ و نوێنەرایەتی كاریگەر و یەكلاكەرەوە هەیە بۆ ئەوەی هێندە بێنە و بەردە لەگەڵ سەركردایەتی پارتی نەكات.

بەستنی كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان مەسعود بارزانی- بافڵ تاڵەبانی پێویستی هەنووكەییە، تیمی دانووستانكاریی بەهێز دەرئەنجامی بەهێزی دەبێت، لەمەیاندا و لەسەردەمی سەرۆك مام جەلالیشدا سەرەڕای دەیان كۆبوونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و تیمی دانووستانكاری هەردوولا، دواجار هەر تاڵەبانی و بارزانی دوا قسەیان كردووە و چارەسەریان بۆ كێشەكان دۆزیوەتەوە.

پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزوویی ئەركێكی گرنگە، لەمەیاندا دانووستاندنی مەكۆكی و یەكلاكەرەوە گرنگن، بارزانی دوا قسەی پارتی لایە و زۆریش نییە بافڵ تاڵەبانی دواقسە و بڕیاری یەكێتی ئاشكراكرد و سەركەوتووش بوو تیایدا، باشترە پارتی لەو راستییە خۆی نەدزێتەوە، دانیشتنی یەكلاكەرەوەی نێوان بارزانی- بافڵ تاڵەبانی هەم ئەركەكە ئاسانتر دەكات و هەمیش كاتی زیاتر بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەگێڕێتەوە، هەڵبەت ئەو راستییەش خۆلێدزینەوەی ناوێت.


PM:09:25:03/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 4158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی