عیراقی سەردەمی گەمارۆكانی سەرۆك ترەمپ

‌خه‌ڵه‌ف غه‌فور

رێكەوتێكی باش نییە بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كاتێك دەبێتە سەرۆك، ئێرانی شیعی كە هاوكات هەیمەنەی سیاسی و ئابووری و سەربازیی زۆری لەسەر عیراق هەیە دەخرێتە ژێر جەبری گەمارۆیەكی توندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەمەریكا سەرمایەدارێكی كۆماریی توندڕەو سەرۆكە كە هیچ گوێی بە دۆستایەتی و مێژوو نییە و دەستكەوتی ئێستایی بۆ وڵاتەكەی دەوێت.

راستییەكەی حكومەتی ئێستای عیراق لەو ئاستەدا نابێت كەوا بەرنامەیەكی چڕوپڕی بۆ راگەیەندراوە، بەرنامەیەك كە هێزەكانی دیكە لەبەرئەوە عادل عەبدولمەهدییان بۆ هەڵبژارد بێلایەنانە جێبەجێی بكات و خەڵكی عیراق چیدیكە بێ خزمەت نەبن و بەناوی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی ئەمنی و ئابوورییەكی داتەپیوو دەرفەت نەڕەخسێ و رۆژانە نەچنە سەر حكومەت و ناوچەی سەوز و دەرفەتی دەستتێوەردانی هەرێمایەتی زیاتر نەڕەخسێ بۆ لاوازكردنی سەروەریی عیراق.

وەبیرخستنەوەی ئەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لاوازترین حكومەت دەبێت شتێكی خراپ نییە، هەروەك ئاماژەكانیش ئەوە دەردەخەن تەمەنی سەرۆكایەتی عەبدولمەهدی درێژ نەبێت لەبەر زۆر هۆكار:

یەكەم، دۆخی خراپی ئابووریی چاوەڕێی عیراق دەكات، بەلێوردبوونەوە بۆمان رووندەبێتەوە ئابووریی عیراق ئابوورییەكی تەبەعییە، بەستراوەتەوە بەسیاسەتی و پەیوەندی ئێران-عیراقەوە، لەم رووەوە پێشهاتی چاوەڕوانكراو روودەدەن، پێناچێت عیراق ژێرخانە ئابوورییەكەی بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت.

دووەم، بژاردەی ئەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەچێتە ژێر باری گەمارۆ ئابوورییەكەی ئەمەریكاوە بۆ سەر ئێران یان بێلایەن دەبێت و پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت بژاردەیەكی سەختە، كێشەی سەرەكی ئەوەیە ئێران رێگە بەوە نادات عیراق پەیوەست بێت بەسزاكانی ئەمەریكاوە بۆ سەر وڵاتەكەی، هەروەك ئەمەریكاش رێ لە نازونوكی عیراق دەگرێ، كێشەكەش ئالێرەوەیە.

سەردانی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كێشەكە چارەسەر ناكات، بەڵكو رەنگە چەند مانگێك ماوەكەی درێژ بكاتەوە، بۆ ئەوەش سەرۆك عەبدولمەهدی هیچ پێشنیازێكی واقیعی نەخستووەتەڕوو كە ئەمەریكا ئاماژەی رازی بوونی لەسەر بخاتەڕوو.

ئەو كێشە هەرێمایەتیانە هاوكاتن لەگەڵ پڕنەكردنەوەی تەواوەتی وەزارەتەكانی حكومەتی عیراق، پەیوەندی خراپی حزب و هێزەكانی سیاسی، ئەگەرەكانی دروستكردنی كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی كە پێناچێت ئاماژەیەكی باشبن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی.
گۆڕەپانی سیاسی عیراق، زیاتر لە چەند ساڵی پێشوو بارگاوییە بەكێشە و مەترسی، شەڕی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە هەندێك شوێن و ناوچە، باشترنەبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ ئەوانەشدا ستراتیژی سیاسی عیراقی بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كێشانەدا نییە و هێشتا مەزهەب و خێڵ و حزب بەرپرسن لەوەی حكومەت چی و چۆن بكات.

دەرفەتی زۆر لەبەردەم حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی نییە، كاتەكەی بۆ سەركەوتن لەبار نییە، جوگرافیا سیاسییەكەی بارگاوییە بەكێشە، توانای گرتنەبەری سیاسەتێكی سەربەخۆی نییە لەبەرانبەر هەیمەنەی ئەمەریكا و ئێران، ئابووری كە بنەمای سەرەكی حكومداریی باش و بڕیاری سیاسی سەربەخۆیە نییە، ئەو هۆكارانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی عیراقی سەردەمی گەمارۆكانی ترەمپ و فشارەكانی ئێران باش نابێت و رەنگە كەلێنی وا گەورەی تێبكەوێ بەئاسانی پڕنەكرێنەوە.


PM:03:08:20/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1493 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی