لە رۆژی جیهانی ئاشتی

‌قوباد تاڵەبانی

لە رۆژی جیهانی ئاشتی، با ناكۆكیەكان وەلا بنێین و ئاشتی بەرقەرار بكەین

با هەموومان پێشمەرگە وجەنگاوەری ئاشتی بین
رۆژی جیهانی ئاشتی كە بۆنەیەكی هاوبەشی هەموو گەلانە، لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ساڵی ١٩٨١ بەبڕیاڕی ٣٦/٦٧، بۆ بەرپا كردنی ئاشتی لە جیهان بڕیاڕی لێدراوە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٢ رۆژی ٢١/٩ دیاری كرا، وەك رۆژێك بۆ دووركەوتنەوە لە توندوتیژی ولەدایكبونی ئاشتی جیهانی.

بێگومان یەكێك لە فاكتەرە هەرە زیندوەكانی ژیانی ئاسایی وچەسپاندنی دیموكراسیەت لە كۆمەڵگاكان، بوونی ئاشتی وتەباییە، ئەمرۆش وەك دەزانن، رۆژی جیهانی ئاشتیە، دەكرێت ئەمرۆ بكەینە هەوێنی ئاشتیمان بۆ كۆی پرسەكان و لە ناكۆكیەكان ئاشتی راستەقینە هەمیشە زیندو بەرپا بكەین..

ئاشتی ودیموكراتی منداڵی یەك دایکن، كە ئەو دوانەیەش بە تەندروست گەورە بوون ئەوا كۆی جومگەكانی وڵات بە ئاسایی وبە یاسایی پەروەردە دەبن و دوا جار دەبنە هۆكاری دەرهاویشتەی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان..

بەو بۆنەیەوە، ئەخوازم هەموومان، بەیەك دەنگ، هەڵوێستی ئاشتیانەمان زیندوتر بكەین..
هەمیشە كورد بەئاڕاستەی ئاشتی هەنگاوی ناوە ولەپێناو ئاشتیش خەباتی كردووە، ئێمەی كورد جەنگاوەر و پێشمەرگەی ئاشتین ولەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی خەباتێكی دوورودرێژی بێ وێنەمان كردوە، قوربانیمان داوە، هەزاران شەهیدمان بەخشیوە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئاشتیە بۆ گەلەكەمان..

لەجیهاندا كورد وەك نەتەوەیەكی ئاشتی خواز ناسراوە، سەرباری ئەم هەموو مەینەتیەی لەناوچەكەماندا رووی داوە، ئێستاش شەڕی نەگریسی داعش بەرۆكی گرتووین، پانتاییەكی بەرفراوانی سنورەكانی كوردستان شەڕی تێدا دەگوزەرێ، سەدان هەزار پێشمەرگەی قارەمان بەرگری لە نیشتیمان وهاوڵاتیان دەكەن، بەڵام ئەوەش گومانی تێدا نیە، ئێمە شەری ئاشتی وئازادی ودیموكراسی دەكەین، بەدرێژایی مێژوو كورد لە پێناوی مافە ڕەواكانی خۆی وبەرگری كردن لە خاك ونیشتیمانی شەڕی دژ بە نەیارانی كردووە، هیچ كات كورد نە مافی هیچ نەتەوەیەكی خواردوە ونە هەوڵیشی بۆ داوە، ئەوەی كە رووی داوە بەرگریكردن بووە لە خاك وگەل ومافە رەواكانی ئەم میللەتە..
پیرۆز بێت رۆژی جیهانی ئاشتی..

دڵنەوایی بۆ خانەوادەی شەهیدان
سەربەرزی بۆ برا قارەمانەكانمان لە سەنگەرەكانی شەر بۆ هێنانە دی ئاشتی..
ئاشتی بۆ هەموان..
ئاشتی بۆ تاكەكانی گەل..
ئاشتی بۆ كورد وكوردستان..


AM:11:09:22/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 11043 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی