یەکێتییە دڵسۆز و دڵگران و خەمخۆرەکان

‌قوباد تاڵەبانی

یەکێتییە دڵسۆز و دڵگران و خەمخۆرەکان..
کەسو کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتوانی کیمیابارانکردن، ئەندامانی پێشمەرگەو رێکخستنە دێرینەکانی یەکێتیی
کەم ئەندامی سەنگەر و زیندانە سیاسییەکانی یەکێتیی
کادر و ئەندام و لایەنگران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و ڕاگه‌یاندنكاران و دڵسۆزانی ڕێبازە پیرۆزەکەی هەڤاڵ مام جەلال..
هەڤاڵانی ئازیز..

سڵاوێکی مام جەلالانەتان لێبێت..
شاراوە نیە کە ئەمڕۆ یەکێتیەکەمان لە دۆخێکی سەخت و دژوارو نالەباردایە، رووبەرووی هەڕەشەو مەترسی گەورەی دەرەکی و نێوخۆی و نێوخودیش بوینەتەوە. لەبەردەم خواست و نیگەرانی زۆرینەی کادر و ئەندام و لایەنگرانداین. به‌لێ‌، ئێستا رووبەروی گلەیی زۆری‌ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و ناوچە دابڕاوەکان به‌تایبه‌ت، بووینه‌ته‌وه‌.

لە غیابی هەڤاڵی دڵسۆزتان و رابەری گەورەمان هەڤاڵ مام جەلال، یەکێتیی تووشی نەخۆشی چاوەڕوانکراودا بوو. لە غیابی مام، کوردستان و عێراق دووچاری کێشەو شەڕ و مەترسی گەورە بووە، مەترسییه‌كی‌ وا گەورە کە بە بێ یەکێتیەکی یەکریز و یەکدەنگ و بەهێز، لەوانەیە کوردستان بەرگەی نەگرێت، چونكه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌مانێك یه‌كێتیی‌ ناو ڕیزه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌ بۆته‌ ڕێچكه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ ڕیزه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان، هەمیشە یەکێتیی بۆتە باڵانسی هێزی دیموکراسی و ئاشتەوایی بۆ گەلەکەمان.

بۆ ئەوەی یەکێتیی بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەموو هەڕەشە دەرەکی و نێوخۆییانەدا و خەبات بکات لە پێناوی پاراستنی یەکپارچەیی کوردستان و دەربازکردنی لەم هەلومەرجە نەخوازراوەدا، کاتی هاتووە یەکێتیی دڵسۆزانە هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خۆی بکات، به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و ده‌ست بخاته‌ سه‌ر برینه‌كانی‌ و چاره‌سه‌ری‌ بۆ بدۆزێته‌وه‌، دان بە هەڵەکانیدا بنێت و خۆی ئامادە بکات بۆ قۆناغی نوێی خەباتی سیاسی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەمان.

دڵسۆزانی یەکێتیی لەم کاتە هەستیارەدا چەندین پێشنیاز و داواکاریان پێشکەش کردوە بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی حیزبەکەیان، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم پێشنیازانە پەردەپۆشکردنە لەو کێشە جەوهەریانەی کە لە ناوەوە یەکێتیەکەمانی پوکاندۆتەوە، بە ئاڵوگۆرکردنی چەند دەموچاوێک، به‌مشێوه‌یه‌ لەم کات وساتەدا هیچ لە هیچ ناگۆڕێت، نە بەم هەنگاوە متمانەی کادیران و ئەندامان و تێکۆشەرەکانمان دەگەڕێنینەوە، نە یەکێتیە بریندارەکەمان باشتر ئامادە دەکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

تاکە هەنگاو کە یەکێتیەکەمان دەخاتە سەر ڕێچکەیەکی دروست و تەندروست، بەستنی کۆنگرەیەکی ئاساییە. کۆنگرەیەک كه‌ وەک دروشمه‌كه‌ی‌ مام "یه‌كێتیی‌ ناو ڕیزه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌" بپارێزێت، نەک تەنها لە پێناو گۆڕینی دەموچاوی‌ ئەم ٥٠ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیە بەرێزەی ئێستا بە ٥٠ دەموچاوی نوێ، نەخێر، دەبێت کۆنگرەیەک بێت لە پێناوی پیداچوونەوەیەکی سەرتارسەری بە هەیکەلیەت و شێوازی کارکردن و بڕیاردان و پەیڕەو و کارنامەی حیزبەکەمان، ئینجا ببێتە هۆکارێک بۆ دەرفەتدان بە کادر و ئەندامە دڵسۆز و پسپۆڕ و سەردەمیەکانی حیزبەکەمان تا بێنە پێشەوە وشانبەشانی تێکۆشەرەکان ڕۆڵیان هەبێت لە هەڵسانەوەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.

هه‌ڤاڵانی‌ تێكۆشه‌ر و پابەند بووان بە ڕێبازه‌كه‌ی‌ مام..
كۆنگرەیەكمان ناوێت بۆ تۆڵەسەندننەوەو یەكتر سڕینەوە، کۆنگرەیەکمان دەوێت کە دەرئەنجامەکانی ببنە هۆکاری بەهێز بوونی یەکیەتیەکەمان، ئەمەش زەمینەسازی دەوێت. ئەوەی کە دەیەوێت بە شپرزەیی و بە نیەتی کودەتا بمانباتە ناو كۆنگرە، ئەوە لە ڕاستیدا دەیەوێت بە لێكترازان و شپرزەی لێی دەرچین و كۆنگرەش بكەنە مەیدانی ململانێی کەسیەتی و مینبەرێك بۆ بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان.

لەم کۆنگرەیە دەبێت لە خۆمان بپرسینەوە، یەکێتیی بۆچی؟ روونی بکەینەوە کە بۆ یەکێتین؟ تەنها لەبەر رابردووەکەی؟ یان لەبەر روئیاکەی بۆ ئایەندە؟ کاتی هاتووە ڕێز لە رابردووە پڕ سەروەری‌ و قارەمانیەتی یەکێتییه‌كه‌مان بگرین وهاوكاتیش خەبات بکەین بۆ دووبارە ناساندنەوەی یەکێتیی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە پاباندبوون بە پرینسیپە نەتەوایەتیەکان کە یەکێتیی لە پێناویدا دروست بوو، بە هاوتەریب لەگەڵ پێشکەشکردنی روئیایەک بۆ رووبەرووبوونەوەی تەحەداو مەترسیەکانی ئەمڕۆی گەلەکەمان.

با چیتر یەکتر نەشکێنین، واز له‌تۆمه‌تی‌ بێ‌ بنه‌ما بهێنین، چیتر درۆ لەگەڵ یەکتریش نەکەین، سه‌رنجی‌ كامێراكان ڕانه‌كێشین و وێنەی چەواشەکاری لەگەڵ یەکتردا بگرین تا وا له‌ کادیرەکانمانی بگه‌یه‌نین کە کێشەمان نیە و هەمووشتێک ئاساییە، ئەندام و کادیرەکانمان زۆر لەوە وریاترن، ئه‌وه‌ ئه‌وانن قۆناغ به‌ قۆناغ ده‌رفه‌تی‌ زیاتریان به‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ ناو یه‌كێتیی‌، ئەندام و کادیر ولایەنگری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ئەوانەن کە لە هەڵبژاردنەکان کەموکورتیەکانی حیزبەکەمان پەردەپۆش دەکەن و ماڵ بە ماڵ، گەڕەک بە گەڕەک، ناحیە بە ناحیە و قەزا بە قەزا و پارێزگا بە پارێزگا دەگەڕێن و دەنگ بۆ یەکێتیی کۆ دەکەنەوە. سنگیان دەدەنه‌ به‌ر گولەی دوژمنەکانی گەلەکەمان، جنێو و قسە نەشیاوەکانی سۆشیال میدیایان پێ دەوترێت، هەمووشی لە پێناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.

بۆیە لێرەوە، وەک هەڤاڵێکی دڵسۆزتان، وەک یەکێتیەکی بەوەفا، وەک پارێزەرێک لە رێبازە پیرۆزەکەی باوکم، داوا لە سەرجەم ئۆرگان و دام و دەزگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم، نەک لەبەر ئەم سەرکردە یان ئەو سەرکردە، نەک لەبەر ئەم باڵ، یان ئەو باڵ، یان هیچ ماڵێک، بەڵکو لەبەر خاتری ئەو کادیر و ئەندام و تێکۆشەرانەی یەکێتیی، بە فەرمی و بە دەنگی دلێرەوە، داوای بەستنی کۆنگرەیەکی ئاسایی‌ بکەین، فشار بكه‌ین کە ئەم کۆنگرەیە تاوەکو کۆتایی مانگی یەک (کانونی دووەم) ببەسترێت، داوا بکەن چیتر بە ناو و هەوڵی جیا جیا‌وه‌ رێگری لە نوێکردنەوەی حیزبەکەمان و پەیمان و روئیای حیزبەکەمان نەگیرێت، با داوای بەستنی کۆنگرەی ئاسایی بکەین تاکو بە دەنگێکی زوڵاڵ بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئاشکرا بکەین، کە "یەکێتیی بۆ ئاشتی و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری وگەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بۆ درێژەپێدانی رێبازەکەی هەڤاڵ مام جەلال لە خزمەتتاندا دەبێت".

بە وتەیەکی هەڤاڵ مام جەلال کۆتایی بەم نوسراوەم دەهێنم، کە فەرموی " پێمخۆشە شتێکی کەش بڵێم، ڕوم بکەمە ئەندام و کادیرەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کە بەو جۆش و خرۆشەی ئێستەوە هەڵمەت بەرن بەرەو کۆنگرێسی داهاتوی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەو جۆش و خرۆشەوە خەبات بکەن بۆئەوەی کۆنگرێسی داهاتوی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆنگرێسی پتەوکردن و چەسپاندنی یەکێتیی ناو یەکێتیی بێت، هەڵبژاردنی سەرکردایەتی شایستەی یەکێتیی بێت و خوێنێکی نوێ بکرێتە لەشی یەکێتیەوە و ئەمجارە ژنان، گەنجان سەربخرێن بەرەو سەرکردایەتی".

بەرەو رۆژێکی نوێ و ئایەندەیەکی گەش، بەرەو رووناکی یەکێتیی.
دروود بۆ گیانی پاکی هەڤاڵ مام جەلال و شەهیدە نەمرەکان.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن
دڵسۆزتان
قوبادی مام جەلال تاڵەبانی


AM:11:30:21/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 2872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی