تورکیا دوای(٧)ی حوزەیران

‌پەیڕەو ئەنوەر

ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنی (٧)ی حوزەیرانی تورکیا، هەڵبژاردنێک قوڵاییەکی ستڕاتیژی گەورەی هەبوو بۆ دوو هێزی گەورەی تورکیا،(ئاک پارتی)وەک پارتێکی ڕەگ-ئیسلامی کۆنزێرڤەتیزم هەوڵی بردنەوە و هەوڵی زۆرینەیەکی گەورەی دەدا،(هەدەپ)وەک هێزێکی فرە ئیتنیک هەوڵی ئاڵنگاری و چالێنجی بەسەر ئاک پارتی و هەوڵی دروستکردنی مێژوو و حیکایەتی تێکشکاندنی بەربەستی یاسایی و بەربەستی سیاسی دەدا.

ساڵێک بەسەر ئەم تێکەولێکە و کردە سیاسییانەدا تێدەپەڕێت، کام لەم دوو هێزەی ئەمڕۆی تورکیا قوڵایی ستڕاتیژی دروستکردووە بەسەر ئەویتردا؟ کام هێزە هێجیمۆن و ڕەگەزەکانی دەسەڵاتی لای خۆی گلداوەتەوە و هێزی بەرامبەری دەجولێنیت! هەریەک لە(ئاک پارتی و هەدەپ)خاوەن کۆمەڵێک دەسەڵاتی سیاسی و واتایی تورکیای ئەمڕۆن، هەرچەند پانتایی و ڕووبەڕی دەسەڵات بۆ ئاک پارتی فراوانتر و کاریگەرترە، ئاک پارتی بکەری سەرەکی و جوڵێنەری سەرەکی کۆدە سیاسییە ناوەکی ودەرەکییەکانی تورکیایە، بەڵام بەشی دووەمی جوڵەی ستڕاتیژی و سیاسی(هەدەپ)ە لە تورکیادا، هیچ هێزێکی سیاسی لە تورکیادا ناتوانێت بەبێ پێدراوی(کورد) هەوڵی دروستکردنی قوڵایی ستڕاتیژی بدات، هەوڵی داڕشتنی دونیابینی تازە و کارنامەی سیاسی تازەبدات لە سیاسەتی دەرەوەیدا.

بەشێک لە هێزە سیاسییە گەورەکانی تورکیا توانای خوێندنەوەی ستڕاتیژیان نییە، توانای هەڵسەنگاندن و دووبارە شیکردنەوەی ڕەگەزە گۆڕاوەکان(سیاسی، ئابوری، سەربازی، دبلۆماسی و فەرهەنگی)ستڕاتیژییان نییە و ناتوانن لەڕێگەی ڕەگەزی گۆڕاوەوە هێجیمۆن و کاریگەری دروست بکەن، لەدوای(٧)ی حوزەیرانەوە دەکرا ئاک پارتی وەک هێزێک کە پەنجەی خستۆتە سەر لیبڕالیزمی ئیسلامی و گرنگی بە مەسەلەی بازاڕ و سەرمایەدەدات، بەهەمان میتۆد و شێوە پەنجەی بخستبایە سەر مەسەلەی سەقامگیری ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی دیمۆکراسی وەک دیوی دووەمی فەڵسەفە و ڕێبازی بیرکردنەوەی(لێبڕالیزمی ئیسلامی)و، دیوی دووەمی بەرەوپێشبردنی تورکیا و نزیککردنەوەی لە یەکێتی ئەوڕوپا نەک گۆشەگیرکردن و دروستکردنی تۆڕێکی فراوان و هەندەسەیەکی فراوان و گەورەی قەیران بۆ تورکیا لەناو تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، پاسیڤکردنی لەناو سیستمی هەرێمییدا.

تورکیای دوای(٧)ی حوزەیران ئارکیۆلۆژیای دەسەڵاتی سیاسی و چیەتی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر هەردوو ئاستی(ماکرۆ/هەموەکی و میکڕۆ/بەشەکی) جارێکی تر داڕماند و هێنایەخوارەوە، ئەو کەلتورە سیاسییە و ئەو رێبازە سیاسییەی چاڵاک و زیندووکردەوە کە تورکیا لەسەدەی ڕابردوو لەزۆربەی کایە و کێڵگەکانی ناو کۆمەڵگەی تورکی پیادەی دەکرد، لە زۆربەی ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا پیادەی دەکرد، لەدوای (٧)ی حوزەیرانەوە تورکیا و ئاک پارتی زۆر بەڕژدی هەوڵی مۆبیلیزەکردنی پاوەر/دەسەڵاتی دەدا لە فۆڕمی نەرمەوە بۆ ڕەق، لە دیالۆگ و بەرنامەی چارەسەریی و پڕۆژە و سەرخستنی دیمۆکراسی و پێکەوەژیان و پڵوڕاڵیزمەوە بۆ توندوتیژی و دووبارە بەمیڵیتاریزمەکردن و گەڕانەوە بۆ مانا جیاوازەکانی سەرباز و کردەی سەربازی و پێکدادانی سەربازی.


PM:02:03:30/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 3263 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی