پەندێك لە خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن

‌مەریوان نەقشبەندی

ژاپۆنییەكان لە جەنگی جیهانی دووەمدا یەكێك بوون لە سەرسەختترین جەنگاوەرەكانی دەژ بە ئەمەریكا و رووسیا و هاوپەیمانانیان بەجۆرێك خەریك بو لەداگیركردنی ئەمەریكا و بەزاندنی یەكێتی سۆڤیەت نزیكدەبونەوە لەوكاتەدا چەك و هێزی كوشندەی ئەمەریكا رۆڵی هەبوو بە جۆرێك ئەمەریكییەكان داوای راگرتنی شەڕیان لە ژاپۆن و خۆبەدەستەوەدانی دەكرد، ئەگەرنا بۆمبێكی گەورە و كوشندە دژیان بەكاردێنن بەڵام ژاپۆنییەكان پشتئەستووربون بە ئازایەتی ئیمپراتۆرەكەیان و یەكگرتوویی خۆیان و خۆشەویستیان بۆ وڵاتەكەیان، بۆیە راگرتنی شەڕ و خۆبەدەستەوەدانیان رەتكردەوە و ئەمەریكاش بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بۆمبێكی ئەتۆمی بەسەر شاری هیرۆشیما بەردایەوە كە كارەساتی گەورەی لەو شارە و دەوروبەریدا خوڵقاند و هەموو كۆمەڵگەی ژاپۆنی هەژاند و كاریگەریی لەسەر ورەی سەربازەكانیان هەبوو دوای ئەو بۆمبە جارێكی تر ئەمەریكا هۆشداری دایە ژاپۆن و گوتیان ئەگەر شەڕ رانەگرن و خۆبەدەستەوە نەدەن ئەوا بۆمبێكی تر لە ژاپۆن دەدەن، بەڵام ژاپۆنییەكان بڕوایان نەدەكرد ئەمەریكا بۆمبی ئەتۆمی دیكەیان هەبێت، بۆیە شەڕیان رانەگرت و ئەوەبوو لە دوای ئەو هۆشداریە بەرۆژێك بۆمبی ئەتۆمی دووەمیان لە شاری ناكازاكی ژاپۆن دا و ژمارەی قوربانییەكان ئەوەندە زۆر بوو كە بەیەكجاری ژاپۆن و سەركردە سەربازیەكانی ژاپۆنی توشی شۆك كرد دوای ئەم بۆمبە جارێكی تر ئەمەریكا داوای خۆبەدەستەوەدان و راگرتنی شەڕی لە ژاپۆن كرد و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەمجارە بۆمبی سێیەم بەسەر تۆكیۆی پایتەخت دەدرێت ئەمە لەكاتێكدا ئەمەریكا بۆمبی سێیەمی ئەتۆمی نەبوو، بەڵكو هەر ئەو دوو بۆمبەی هەبوو، بەڵام ژاپۆنییەكان بڕوایان وابوو كە ئەمەریكا بۆمبی زیاتری هەیە و بۆیە ئەمجارەیان بەدەم هۆشدارییەكەی ئەمەریكاوە چوون و بڕیاری راگرتنی شەڕ و خۆبەدەستەوەدانیان قبووڵكرد.

ئەمەریكا كە زانی هەڵوێستی ژاپۆن لاوازە و لەرووی دەروونییەوە ترسی خستۆتە دڵی خەڵكی ئەو وڵاتە مەرجی قبوڵكردنی خۆبەدەستەوەدان و راگرتنی شەڕی بەستەوە بەوەی كە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ راگرتنی شەڕ و خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن لە ناو كەشتییەكی سەربازی ئەمەریكا و لە كەناراوەكانی ژاپۆندا بێت و دەبێ خودی ئیمپراتۆری ژاپۆن خۆی ئامادەبێت و ئیمزای مەرجەكانی ئەمەریكا بكات دیارە ئەوكات ئیمپراتۆری ژاپۆن وەك خوا و سومبولی ژاپۆنییەكان سەیر دەكرا و دەبوو وەك ئەتەكێت و نەریتی دیبلۆماسی و سەربازی سەرۆكی ئەمەریكا یان لانی كەم وەزیری بەرگری ئەمەریكا لەم رێوڕەسمە ئامادەبوایە، بەڵام ئەمەریكا بۆ شكاندنی شكۆی ژاپۆن و ئیمپراتۆرەكەیان ژەنەراڵێكی ئەمریكی نارد بۆ ئەم رێورەسمە تا لەپاڵ ئیمزای ئیمپراتۆری ژاپۆن ئیمزا لەسەر رێككەوتنی ئاگربەست و خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن و مەرجەكانی ئەمەریكا بكات بەناچاری ئیمپراتۆری ژاپۆن بۆ پاراستنی گیانی گەلەكەی ئەم ئیهانەیەی قبووڵكرد و ساڵی 1945لە كەشتییەكەدا بەرامبەر ژەنەراڵە ئەمریكییەكە وەستا و ژەنەراڵە ئەمریكییەكە دەستیكرد بەخوێندنەوەی مەرجەكان كە زۆربەیان قەدەغەكردنی دروستكردنی چەك و كەرەستەی سەربازی بوون بەم شێوەیە: دروستكردنی هەموو جۆرەكانی چەك قەدەغەیە لە ژاپۆندا دروستكردنی هەموو جۆرەكانی فڕۆكەی جەنگی قەدەغەیە، دروستكردنی هەموو جۆرەكانی كەشتی جەنگی قەدەغەیە.

دروستكردنی هەموو جۆرەكانی تانك و تۆپ قەدەغەیە. لەم كاتەدا ئیمپراتۆری ژاپۆن ژەنەراڵە ئەمریكییەكەی راگرت و كۆنووسی مەرجەكانی وەرگرت و ئیمزای كرد و بەرێزەوە پێیگوت: واز لە قەدەغەكراوەكان بێنە، پێمان بڵێ چی قەدەغە نییە بۆ ئێمەی ژاپۆنییەكان؟ ژەنەراڵە ئەمریكییەكە بەسەرسووڕمانەوە گوتی: ئیتر جگە لەو كەرەستە و چەكە سەربازی و كیمیاییانە دەتوانن شتی وەك سەعات و حاسیبەی ئەلەكترۆنی و قەڵەم و ئۆتۆمبێلی مەدەنی و ئەو شتانەی تر قەدەغە نییە ئیمپراتۆر ئەم مەرجانەی ئیمزا كرد و هاتەوە كۆبوونەوەیەكی بە هەموو كەسایەتییە خاوەنكار و ئەكادیمی و زانستییەكانی وڵاتەكەی كرد و ئەم بارودۆخە نوێیەی بۆ باسكردن دوای ئیمزاكردنی خۆبەدەستەوەدان ژاپۆنییەكان بەیەكگرتویی و دڵسۆزی شەو و رۆژ كاریان كرد وازیان لە هەموو رێوڕەسمە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانیان هێنا كەپێشتر ژاپۆن پێی ناسرابوو، دەستیانبەكار كرد بە كوڕ و كچەوە بە زانا و مامۆستا و جوتیارەوە دوای ٤٠ ساڵ لە كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی ئەمەریكا توانی بە جۆرێك لە بواری ئەلەكترۆنی و دروستكردنی ئۆتۆمبیل و كەرەستەی ناوماڵدا پێش بكەوێت كە بازاڕەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا و هەموو جیهانی داگیركرد. ئێستا ژاپۆن یەكێكە لە بەهێزترین وڵاتەكانی جیهان لەڕووی ئابورییەوە و ئەمەریكا و رووسیا و بەریتانیا و فەرەنسا و چین ناتوانن بەبێ ژاپۆن پەرە بە تەكنەلۆژیای ئەتۆمی و سەربازی و كشتوكاڵی و ئەلەكترۆنی خۆیان بدەن.


PM:02:46:12/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 2956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی