سیخوڕیی و داواکاریی گشتی!

‌کامەران سوبحان

ئەو تۆمەتەی (داواکاریی گشتی) جوڵاندی گوایە بەڵگەی تۆماریی دەنگی نەوشیروان مستەفایە و دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستانە، یەکێکە لەو چیرۆکە بێ تامانەی لە ماوەی رابردودا گوێم لێبوە! چونکە زۆر رونە ئەم تۆمەتە، هێندەی رەهەندێکی ئایدۆلۆژیی و سیاسیی هەیە، فڕی بە یاسا و ئاسایشی نیشتمانییەوە نییە! بەدەر لە گاڵتەجاڕییە ئەم کەیسە ئەم هەڵە گەورەیانەی تێدایە و دەبێت پێش هەمو کەس داواکاریی گشتی وەڵامی بداتەوە:

*داواکاری گشتی دەبێت پرسیار بکات، ئایا ئامانج و کاری دامەزراندنی دەزگاکانی (پاراستن و زانیاریی) بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر دوژمنانی کورد، یان لەسەر حیزب و بزوتنەوەیەکی مۆڵەت پێدراو، کە هێزی دوەمی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانە؟

*ئایا ئەگەر ئەو تۆماردە دەنگییانە، راست بێت و دەنگی نەوشیروان مستەفا بێت، پلانی بەو شێوەیە لە کۆبونەوەی گشتیدا باس دەکرێت؟ ئایا یاسا رێگە بە سیخوڕیی کردن دەدات بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی؟! داواکاری گشتی دەبێت بپرسێت دەستکەوتنی ئەو بەڵگانە بەشێوەی نایاسایی و سیخوڕیی، ئایا دەبێتە بەڵگەی یاسایی لە دادگا؟

*چ لۆژیکێک رێگە دەدات بە داواکاریی گشتی کار بەو تۆمەتانە بکات بۆ کەسایەتییەکی وەک نەوشیروان مستەفا، کە لە نیو سەدەی رابردوی خەباتی سیاسی بزوتنەوەی رزگاری خوازیی کوردستاندا یەکێکە لە سەرکردە جوامێر و تێکۆشەرە پاکەکان، پێش هەمو کەس بەرپرسانی پارتی ئەو گەواهیدەریەیان داوە، خێرە ئێستا دەیکەنە تێکدەریی ئاسایشی نیشتمانی؟

*ئەگەر ئەو تۆمارە دەنگییانە راست بوایە، لەماوەی تەنها دو هەفتەی یەکەمی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لە دەرەوەی وڵات، سەرجەم کونسوڵە بیانی و باڵیۆز و دیبلۆماتکارە بیانییەکانی عێراق سەردانیان دەکرد و راوێژیان لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێ دەکرد؟

*خاڵێک تایبەت بە بزوتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنەکەی لە کوردستان و بەغدا، ئیتر کاتیەتی و دەبو تانە لەو تۆمەتە گاڵتەجاڕییە لە دادگاکانی کوردستان و دادگای فیدڕاڵی عێراق بدەن.

*پارتی لە هەمو کەس زیاتر، خودی نەوشیروان مستەفا دەناسێت، وا باشترە پەنابەرێتە بەر لۆژیکی واقعییانە و خۆی بە دور بگرێت لەو هەڵچونە دەرونی و سایکۆلۆژیانە و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ گۆڕان و هێزەکانی تر بکات. لانی کەم دەزانێت لە کۆنەستی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەم ناوچە بەرفراوانەدا کاریگەریی و قورسایی نەوشیروان مستەفا لە چ ئاستێکدایە، بۆئەوەی هێندەی تر لەم زۆنە بچوکتر نەبێتەوە دەبێت واز لەم چیرۆکە بێ تام و دوبارانە بێنێت!


PM:03:22:22/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 4079 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی