ئەی کێ مافی نەخۆش بپارێزێ؟!

‌کامەران سوبحان

بڕیاربوو، ئەم بەیانییە(دایکی بارین)لەنەخۆشخانەیەکی ئەهلی، نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، بەڵام 9ی بەیانی، پزیشکەکەی زەنگی تەلەفونی لێیدا وتی" ببورن مانمانگرتووە، لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکانیش، دەوام ناکەین! چونکە دوێنێ تەقەکراوە لە پزیشکێکمان و تاوانبارەکەش هەڵهاتووەو دەستگیر نەکراوە.!

تا ئێوارە، وەک گۆدۆ، چاوەڕوانی پزیشکمانکرد، بەڵکو دڵیان نەرم بێت، بەڵام ئێمەو چەندین نەخۆشی تر، نائومێد بووین.! لەسەر ئەم مانگرتنەی پزیشکان، ئەم خاڵانە دەخەمە ڕوو:

1_هێرشکردنە سەر پزیشک، بە هەر بیانویەک، مایەی نیگەرانیی و لەسەر وەستانە، بەڵام بۆ دەبێ نەخۆش باجەکەی بدات؟ بۆ تاوانبار نادۆزرێتەوەو سزا بدرێ؟ بۆ لەبری تاوانبار، نەخۆش سزا بدرێ؟!

2_سەندیکای پزیشکان و وەزارەتی تەندرووستی، پارێزەریی مافی پزیشکانن. ئەی کێ پارێزەری مافی نەخۆشە؟ کەس هەیە بتوانێ ماف بۆ ئەو هەزاران نەخۆشە بگێرێتەوە، کە ئەمرۆ لەسەرجەم نەخۆشخانەکاندا، بەدەم ئازارو چاوەڕوانی هاتنی پزیشکەوە، نا ئومێد بوون؟ نەخۆشەکان گوناهیان چییە؟ لای کێ سکاڵا بکەن؟

3_کەرتی تەندرووستی، لە25 ساڵی رابردودا، وێرانەترین کەرت بووە لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە نەخۆش چاوی کوێردەکرێ، بەهۆی دەرمانی بێ کوالێتی سەدان نەخۆش دەمرێ، خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی تریش. لەژێر سفرەوەن. هەمو ئەمانە، دەبێ نەخۆش باجەکەی بدات.!

4_دیاردەی لێدان و هەڕەشەکردن لە پزیشک و مامۆستا و چینەکانی تر، دوا پلەی بەدرەوشتی و پێنەزانینیی پیشەی گرنگیی، ئەوانە، بەڵام بریا پزیشکان چۆن ئەمرۆ ئەم هەمو نەخۆشەیان بەدەم ئازارەوە جێهێشت و نەهاتنە سەر کارەکانیان، لە رابردوشدا، دەیان نادادپەروەریی و تیرۆرو تۆقاندن و مافخوران رویداوە، هەڵوێستێکی وایان دەربڕی، بۆ ئەوەی ئەو رەخنەیەیان لێنەگیرێ، تەنها ئەو کاتە دەنگی ناڕەزایی بەرزدەکەنەوە، کە ئازار، بەخۆیان دەگات!

5_ خاڵێکی تر، کەدەبێ هێمای بۆ بکەین، ئەم شارە رۆژ بەرۆژ بێ خاوەنترو بێ خزمەتگوزاریتر دەبێ.! پێشمان ناخۆشە، لەدەرەوەی ئەم شارەوە، بچوکترین رەخنە لە کەموکورتییەکانی بگیرێت.! بەڵام راستییەک هەیە، هەمومان رۆژانە بەریدەکەوین، ئەویش ئەوەیە شار بێ خاوەنەو تەنها بە قسەی زل و هاش و هووش بەرێوەدەبرێت و هیچی تر.!


AM:10:32:05/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 2821 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی