یەکێتى بەرەو فراکسیۆنێکی خنجیلانە!

‌کامەران سوبحان

لەدەرکەوتنی دەرەنجامەکانی یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا، لیستی یەکێتی بە فراکسیۆنێکی ٥٠ پەرلەمانتاریی بەشداریی یەکەم خولی پەرلەمانی کرد.
لە خولی دووەمدا بوو بە ٣٨ کورسی،  لە خولی سێیەمدا بوو بە ٢٩ کورسی، لەم خولەدا بوو بە ١٨ کورسی!.

 بەپێی هەواڵێکی مالپەڕى سپی میدیا بێ و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان، لە ئەگەری ڕاگەیاندنی لیستی بەڕێز بەرهەم ساڵح (٦ پەرلەمانتار لە دەرەوەی کورسییەکانی فراکسیۆنی یەکێتی) دەبن. کەواتە فراکسیۆنەکە دەبێتە (١٢پەرلەمانتار).

١-ئەمە مایەی نیگەرانییەکی قوڵە!.
کێ لەم داکشانە بەردەوامەی یەکێتی بەرپرسە؟ جەماوەرەکەی یان ئەو گروپەی ٢٧ ساڵە ئەو حیزبە بەڕێوە دەبەن؟
لە ٢٣ی حوزەیراندا، کاتێ یەکێتی ٢ساڵ ماوەی سەرۆکایەتی بۆ بەڕیز مەسعود بارزانی درێژ کردەوە، ئەو کات بەڕیز تاڵەبانی لەگۆڕەپانی سیاسیدا کارەکتەرێکی ئەکتیڤ بوو، یەکێتی وەک ئێستا بەدەست گرفتی ناوخۆییەوە گیرۆدە نەبوو، فراکسیۆنەکەیان ٢٩ ئەندام بوو، بەڵام یەکێتی تووشی شکستێکی گەورە کرد!.
لەبەرامبەر ئەو قوربانییەی یەکێتیدا پارتی، نەک هیچ داواکارییەکانی یەکێتی جێبەجێنەکرد، بەڵکو بەڕێز بارزانی لەدەیان کۆبوونەوەدا دەیکرد بە منەت بەسەریانەوە و دەیوت، بەزۆری هەندێ مەکتەب سیاسی یەکێتی، ماوەی سەرۆکایەتیم بۆ درێژکراوەتەوە.!

پرسیارەکە ئەوەیە، ئێستا یەکێتی، بەو ١٢ پەرلەمانتارەوە دەیەوێ چی دەستکەوتێ بۆ گەلی کورد و حیزبەکەی بەدەست بێنێ؟ جگە لە سکرتێری پەرلەمان و یەک دوو پۆستی پلە تایبەت و وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی؟!
زۆر جار هەندێ لەو هاوڕێ یەکێتییانە بەوە دڵی خۆیان خۆش دەکەن، گوایە تا دوو ساڵی تر هەڵبژاردن ناکرێت، ئەدی دوای دوو ساڵ، دەتانەوێ ئەو جەماوەرە دڵسۆز و ماندووەی یەکێتی، تۆڵەی ئەم سازشکردنەتان لێنەکاتەوە؟ بە بۆچوونی من، ئەگەر دەنگە ناڕازییەکانی جەماوەری یەکێتی، ئەمجارە هەموی بۆ گۆڕان نەچێ، بە دڵنیاییەوە بۆ لیستەکەی بەڕێز بەرهەم ساڵح دەچێ!. ئەوسا ئەم گرووپەی ناو یەکێتی، دەتوانن، لە پەرلەمانی کوردستان وەک فراکسیۆنێکی خنجیلانە بمێننەوە، ئەمە واقیعێکەوە وەک ڕۆژی روناک لەبەردەمماندا دەدرەوشێتەوە.


PM:09:09:15/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 2301 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی