١٩ی ئاب چی ڕوویدا؟

‌کامەران سوبحان


شکستهێنانی دانیشتنی ١٩ی ئابی پەرلەمانی کوردستان، پێوەرێکی درووستە، بۆ هەڵسەنگاندنی دیدو بۆچوونی نوخبەی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە، کە چەند باوەڕی بە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات و چەند ئامادەیە رێز لەبڕیاری زۆرینەی پەرلەمانی بگرێت.!

*دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٩ی ئاب، ڕوداوێکی کەم وێنە و گرنگ لە خەباتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕویدا، کە پاش دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا زۆرێک لەم ڕوداوانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕودەدەن، پەرچەکرداری ئەو ڕوداوەیە و لە منداڵانی ئەوەوە لەدایک بووە.! بەتایبەتیش (موچە بڕین و تەنگەژەی سیاسی و پەکخستنی پەرلەمان و گەڕانەوە بۆ بە دێوبوونی حیزب.!)

* ١٩ی ئاب، لە بنەڕەتدا، پڕۆژە یاسای ٥ لایەنی کوردستانی بوو(گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوە) بۆ گۆرینی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتییەوە، بۆ پەرلەمانی. پارتی پێی وابوو هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی کۆدەنگی و زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانی، بە مەرگی خۆی و پەراوێزخستنی ئەو، کۆتایی دێت.! بۆیە بە زەبری هێز و دەسەڵات ڕێگریی کرد لەو کۆبونەوەیەی پەرلەمان و دوای دوو هەفتەش، ڕێگریی کرا لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بچێتەوە پەرلەمان لە هەولێر.

* ئەم ڕوداوە، کۆی ئەزموونی سیاسی هەرێمی کوردستانی لە چارەکە سەدەیەکی ڕابردوودا خستە ژێر پرسیارەوە، قورسترین پرسیار و گومانێک لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی پەکخستنی پەرلەماندا گوێم لێبوو، دیبلۆماتێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا وتی " دیبلۆماتێتی کوردی پاش داخستنی پەرلەمانی کوردستان، چۆن دەتوانێ باوەڕ بە ئەوروپییەکان بێنێت، کورد دژ بە نەیارانی دیموکراتی خەبات دەکات.!" 

*لە ماوەی نێوان ٢٣ی حوزەیران بۆ ١٩ی ئاب، دونیایەک کێشە و ململانێی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبوو، بەتایبەتیش تیمی پەرلەمان و سەرکردایەتی حیزب. تیمی پەرلەمانی خوێندنەوەیەکی تاڕادەیەک ڕۆمانسییانەیان هەبوو. پێیان وابوو، کۆنەستی کارەکتەرە تەقلیدییەکانی حزیبی کوردی، گۆڕانی بەسەردا هاتووەو پەرلەمان شوێنی بڕیاردانە.!

* فراکسیۆنی پارتی، کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بوو، وا هەستی دەکرد ئێستا ئەوان کەمینەی پەرلەمانین. بەو پێیەی ژمارەی کورسییەکانی (گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتو و شیوعی و بزوتنەوە) لە ژمارەی کورسییەکانی ئەوان زیاترە، ئەمەش هێندەی تر ڕوداوەکانی ناو پەرلەمانی ئاڵۆزتر کرد و دەستەی سەرۆکایەتیش نەیتوانی ئەو هەستە بڕەوێنێتەوە.!

*خاڵێکی تر کە دەبێت ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەوەیە کە ١٩ی ئاب پێی وتین نوخبەیەکی سیاسی لە کوردستان ئامادەیی هەیە، بە هەمان هزر و بۆچوونی شاخەوە، ئەوەی باوەڕی پێی نەبێ خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتییە، تەنها ئەو کاتە باوەڕیان بەو خەباتە پەرلەمانییە هەیە، کە زۆرینەیەک کۆبکەنەوەو کەمینەی پێ بخنکێنن.

*پاش دوو ساڵ بەسەر ڕوداوی ١٩ی ئابدا، بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم، ئەرێ ئەو ڕوداوە، هێندەی دەهێنا ئەو کۆمەڵە ئەکشن و پەرچەکردارە دڵڕەق و تراژیدیانە درووست بکات؟ ئەرێ بەڕاست ئەم هەمو کێشانە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا تەقینەوە،  مافی ئەوەمان نییە گومان بکەین کە ١٩ی ئاب چی ڕویدا و ١٩ی ئاب چی بوو؟!


PM:09:02:19/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 2950 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی