چۆن دیداری تەمەن بخوێنینەوە؟

‌کامەران سوبحان

(دیداری تەمەن- بیرەوەرییەکانی مام جەلال)دوای بڵاوبوونەوەی بەماوەیەکی زۆر کەم، دووجار چاپ کرایەوەو هەر نۆبەی چاپێک ٥ هەزار دانەی لێ بڵاوکرایەوە، ئەمە جگە لەوەی  گفتوگۆیەکی بەرفراوانی لەناوەندی سیاسی و میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووست کرد. زۆرێک لەو بۆچوونانە بەسەر دوو تێڕوانیدا دابەش بوون، تێڕوانینێکیان بەهەموو شێوەیەک ئەم کتێبە ڕەتدەکەنەوە، پێیان وانە ئێستا کاتی بڵاوبونەوەی نییە.! بۆچوونی دووەمیان ستایشی کتێبەکە دەکەن و پێیان وایە دیوێکی تری، ڕوداوە جیاوازو تاریکەکانی یەک سەدەی خەباتی سیاسی و چەکداریی کوردستانی خستووەتە روو.

لە نێوان ئەم دوو بۆچوونەدا، من بە دیدێکی تر کتێبەکە دەخوێنمەوە، پێم وایە ئەم کتێبە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی جیاوازتر و بێ لایەنانە تر هەیە، لە نێوان پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەدا. بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە، گرنگە خوێنەر، وەک خۆی لە سات و شوێنی ڕوداوەکانی  ئەو ڕۆژگارە تێبگات. بە تایبەتیش کاتێ هەندێ کەسایەتی سیاسی لە ناو ڕوداوەکانی ئەو ڕۆژگارەدا پیرۆزییان خراوەتە ژێر گومان و پرسیارەوە، ئەمە ڕەنگە لای هەندێ کەس  و لایەن و گروپ نیگەرانیی درووست کردبێت.!

لەم ئاستەشدا، خوێنەر یەکەم و دواهەمین کەسە بڕیار دەدات ئایا ڕوداوەکانی ئەو قۆناغە مێژووییە راگوزەر سەیریان بکات، یان وەک ڕاستییەکی رەها تەماشا بکرێن؟ گریمانەی خوێندنەوەی ئەم مێژووە، دەکرێت مام جەلال وەک خۆی ڕاستییەکانی گێڕابێتەوە، گێڕانەوەیەک هەمو لایەنەکانی پڕن لە ململانێ و هەوراز و نشێو. بۆیە خوێندنەوەشی لەو گۆشە نیگایەوە سەیر دەکرێت. لێرەدا نابێت ڕەخنەکان لە گێڕانەوەی(مام جەلال و سەڵاح ڕەشید) وەک گێڕەرەوەی ئەو روداوە مێژوویانە، بە چاویلکەی پەیوەندییەکانی ئێستای ئەو جەمسەر و کەسایەتییانە سەیر بکرێن کە گێڕانەوەی ئەو مێژووەی نێو ئەم کتێبە نیگەرانی کردوون. پێم وایە لە ئێستاماندا (دیداری تەمەن- بیرەوەرییەکانی مام جەلال) بۆ نەوەیەک خوێندنەوەی زۆر گرنگە، کە تەنها لەڕێگەی میدیای حیزب و ئۆرگانە حیزبییەکانەوە مێژووی ئەو کەسایەتی و حیزبابەنەیان خوێندووەتەوە. خوێندنەوەی ئەو مێژووە، گومانێکی وات لا درووست دەکات، زۆرێک لە کەسایەتییە کاریزماکانی ئەو ڕۆژگارە، جگە لە کەسایەتییەکی ئاسایی و شکست خواردوو، هیچی تر نین.!(هەردوو بەرگەکەی دیداری تەمەن پڕن لەو کەسایەتییانە).

چیرۆک و بەسەرهاتەکانی (دیداری تەمەن- بیرەوەرییەکانی مام جەلال) مرۆڤ دەوەستێنێ لەبەردەم تێڕامان و گومانکردن، پێچەوانەی ئەو دیدە ڕووکەشانەی بەردەوام خوێنەری کورد دەیکات، ئایا روداوەکان راستن یان درۆ؟ بەڵکو بەو دیدەوە بخوێنرێتەوە کە وێنە و ڕوداوەکانی لەدونیای ئێستاماندا، هەمان ڕوداو و هەمان کەسایەتی و هەمان مێژوون، بەڵام بە رەنگ و ڕوخساریی ترەوە، خۆیان دووبارە دەکەنەوە.! لەبەر ئەم ڕەهەندانەی کتێبە، پێویستە هەمو خوێنەرێک کتێبی (دیداری تەمەن- بیرەوەرییەکانی مام جەلال) بخوێنێتەوەو بەو چاوە بێ لایەنانەوە، تەماشای ڕوداوەکانی بکات.


PM:12:01:12/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 3669 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی