بۆ بێ دەنگن؟

‌کامەران سوبحان

ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان تا بێت گەرمتر دەبێت و  ڕۆژ بەرۆژیش ئاسۆی چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بە تەنگەژەکان ئەستەم تر دەبن. ژیانی هاوڵاتیانیش ئێستا بە بەراورد بە بیست ساڵی ڕابردوو، لە خراپترین ئاستدایە. لە ڕابردووشدا تاکە هۆکارێک ئومێدی بۆ ئەم گەلە گەڕاندەوە درووست بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ئازا و چاو نەترس بوو. کە بوویە جێگەی هیوای زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.  بەڵام ئەوەی لەم چرکەساتەدا ڕوودەدات، بەدەر لەو ڕووداوە ناخۆشانە ئەو بێ دەنگییە قوڵەی سەرکردەکانی گۆڕانە.!

ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لە سەرکردەکانی گۆڕان پێشتر مەکتەب سیاسی و بەرپرسی باڵاو دەستڕۆشتووی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون، وازیان لە دونیایەک پلە و پۆست و ئیمتیاز هێناو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و چالاکوان و گەنجی بوێر، (بزوتنەوەی گۆڕان)یان درووست کرد. ئەگەر لە ڕابردوودا بەهۆی پلە و پۆست و بەرپرسیارێتییان لەناو یەکێتی، خەوش و گلەیی و گازندەیەک لەسەر خەباتی سیاسیی ئەوان درووست بووبێت، دوای بەجێهێڵانی ئەو حیزبە و کارکردن و درووستکردنی بزوتنەوەیەکی سیاسی نوێ لاپەڕەیەکی نوێ و پاکژ لە ژیانی سیاسیان هەڵدرایەوە. بەجۆرێک بە شایەتی زۆر کەس سەرکردە و مەکتەب سیاسییەکانی دوێنێی یەکێتی و هەڵسوڕاوەکانی ئەمڕۆی گۆڕان، ئێستا بەسادە و ساکاریی و بە بێ پاسەوان و وەک کەسانێکی ئاسایی لەناو هاوڵاتیاندان و زیاتریش لە ئازار و خەمەکانیان دەگەن.

ئەم بارودۆخە خراپەی ئێستا لە ڕووی (ئابوریی، نەبوونی موچە، نادادپەروەریی، نادیاریی داهات) پشکی شێری بەر سیاسەتی یەکێتی و پارتی دەکەوێت بەتایبەتیش پارتی. بەڵام سەرکردە و مەکتەب سیاسییەکانی ئەو دوو حیزبە بەردەوام قسە دەکەن و لێدوان دەدەن و وەک ئەوەی ئەوانیش بێ گوناه بن لەم ڕۆژگارە تاریکەدا کە بەسەر ئێمەدا هاتووە.  هەندێ لەوانە زۆر چاوقایمانە وەک ئەوەی ئێمە ڕابردوویان نەزانین لە غرورێکی زۆرەوە بێ منەتی خۆیان بەرامبەر میللەت و تەنانەت ئەو سەرکردانەی گۆڕان دەردەبڕن.!

بەڵام بە پێچەوانەی ئەوانەوە، سەرکردەکانی گۆڕان لە بێ دەنگییەکی قوڵدان، کە تائێستاش بێ دەنگی ئەوان گومان و پرسیاری زۆری لای ئێمە و هاوڵاتیانیش درووست کردووە. کە لەکاتێکدا دەبوو ئەوان لە هەمو کەس دەنگ بڵندتر قسەیان بکردایە، نەک بە تەنها چەند پەرلەمانتار و هەڵسوڕاو بەرپرسی ژوورێکیان قسەی بکردایە، هەندێجاریش ئەوان بە گاڵتە پێکردنەوە دەڵێن" ئێمە وەڵامی ئەو گەنجە کەم ئەزموونانە نادەینەوە.!" بەو وەڵامە ناسیاسییانەیاندا، بەڕوونی دەردەکەوێ ئەوان خۆیان بە شۆڕەسواری مەیدانی سیاسی ئەم وڵاتە دەزانن. کە ئەم بارودۆخە وێرانە و ناشیرینە بەرهەمی ئەوانە و هیچی تر.!

بە ڕوویەکی تردا، بێ دەنگی سەرکردەکانی گۆڕان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ درووست بوونی ئەم بارودۆخە تاڵە.! ئێستادا لە نائامادەیی نەوشیروان مستەفا هەندێ لەو سیاسییە دۆڕاوانەی هۆکاری ئەم بارودۆخە ڕەشەی کوردستانن، وەک جەنگاوەری پاش سەرکەوتنەکان خۆیان نمایش دەکەن.! بەبڕوای من ئێستا لەهەمو کات گرنگترە، ئەم بەرپرس و سەرکردانە بە کۆد و ئەزموونی سیاسی خۆیان وەڵامی جەرگبڕی ئەوانە بدەنەوە کە دەیانەوێت ڕووخساری ڕەشی خۆیان، بە وتەی بریقەدار لای خەڵکی جوانتر بکەن.!


PM:03:07:20/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 2800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی