شۆڕش درۆیەک بوو، بۆ جوانکردنی نیشتمان.!!

‌کامەران سوبحان


(مارکیز دی ساد)لەگەڵ نەخۆشەکانی بیمارستانی (چارنتن) بە نمایشێک چۆنییەتی کوشتنی شۆڕشگێڕی فەڕەنسی (ژان پۆل مارا)مان بۆ دەگێڕنەوە. کوشتنی(مارا) بەتەنها کووشتنی شۆڕشێک نییە لە فەڕەنسا، هێندەی ئەوەی کوشتنی هەمو ئەو خەونە ڕەنگاڵەییانەیە کە شۆڕشگێڕەکان پێش بەرپاکردنی شۆڕش بە هاوڵاتییە گەمژەکانی وڵاتی دەدەن.!

 برسی خەون بە نانەوە دەبینێ. هەژارێک بە دەوڵەمەندییەوە. عاشقێک بە مەعشوقەکەیەوە. زۆر حیکایەتی تر، کە شۆڕش لە کۆنەستی شۆڕشگێڕە نەفامەکاندا دەیچێنێت.! تا ئەو گەمە هونەرییە ئاست بەرزە نەبینیت، نازانی چیرۆکە ناشیرین و قێزەونەکانی شۆڕش چەند زۆر و بێزارکەرن.! بەبڕوای من مامۆستایانی ناڕازی، چالاکوانان، پێش ئەوەی بڕژێنە شەقام و داوای ئازادی و دادپەرەوەریی بکەن، دەبێت ئێوارەیەک بە کۆمەڵ سات ٥:٣٠ خولەک بچنە هۆڵی ڕۆشنبیریی و نمایشی(مارا ساد) ببینن.! ئەوسا دەزانن بە چ ئەندازەیەک لەم وێرانەیەی ناوی نیشتمانە فێڵمان لێکراوە.! ئەوسا دەزانن ئەو بەڵێنانەی شۆڕشگێرەکان بە ئێمەیان دا، نەک درۆ بوو بەتەنها، بەڵکو هێزێکی توندوتیژیی و تۆڵەکردنەوەشی لەناخدا درووست کردین هەمیشە بیر لە کوشتنی هاوزمان و هاوڕێ و براکانی خۆمان بکەینەوە.! شۆڕش لەبری ئەوەی وا بکات مرۆڤە سینە پاک و هەژارەکان یەکتریان خۆش بووێت چەکی رق و کینە و تۆڵەکردنەوەیان تێدا درووست دەکات.! لای من ناخۆشترین شت گێرانەوەی فیلم و چیرۆکەکانی کتێبە.!بۆیە نامەوێت چیرۆک و ڕوداوەکانی (مارا ساد)تان بۆ بگێڕمەوە. تکاتان لێدەکەم هاوڕێیانی هێژا، ئەوانەی پێتان وایە لەم نیشتمانەدا خەونتان هەیە بۆ بونیادنانی نیشتمانێکی ئارام و جوانتر. ئێوارەیەک میوان بن لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی و (مارا ساد) ببینن. دەرفەتە و با لەدەست نەچێ.!

 لەبیرمە کاتێک لە دەزگای سەردەمم بوم، ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی دەرجوو، کاک شێرکۆ بێکەس کە ڕۆمانەکەی خوێندەوە، ئەم دێرەی نووسی"بەختەوەرم نەمردم و دەرفەتم بۆ ڕەخسا ئەم شاکارە بخوێنمەوە.!" منیش بەهەمان ڕیتم دوای دوجار بینینی (مارا ساد) ئەمەم لەناو یادەوەریمدا نووسی"خودایە کە بەختەوەرم (مارا ساد)م بینی. ئەو بەرهەمەی یادەوەریی و بینین و تێرووانینەکانی پر کردم لە گومان و پرسیارو پیدا چوونەوە.!

سڵاو لە  و هاورێیانی تری ئەم بەرهەمە.! پێشتر چەندینجار بینیومە و چەندین جار خوێندوومەتەوەو یەکێکە لە کتێبە پیرۆزەکانی کتێبخانەکەم، بەڵام هیچیان چێژی ئەم جارەیانی پێ نەبەخشیم.!


PM:11:14:14/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 3400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی