لەنەخۆشخانەی شار نازانیین بە چ لایەکدا شایەتمان بهێنیین؟؟!!

‌د. رێزان هەردی

لەنەخۆشخانەی شار نازانیین بە چ لایەکدا شایەتمان بهێنیین؟؟!!

بەهۆی داخستنی زۆربەی مەڵبەند و بنکەکانەوە ، ڕۆژانە نەخۆشێکی زۆر ڕوومان تێدەکات. ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی شار دوو نەخۆشمان بە گومانی نەخۆشی کؤڕۆنا داخڵ کردبوو. ئەو کەسانەی بەو گومانە داخڵ دەبن (ڕۆژانە نەخۆشی وا ڕوومان تێدەکات) سوپاس بۆ خوا زۆرینەیان دەرئەنجامی فەحسەکەیان نیگەتیڤ دەردێت و سوپاس بۆ خوای گەورە ئەو نەخۆشیەیان نیە. بەڵام تا دەرئەنجامی فەحسەکە دەردەچێت لەبەرسەلامەتی و پاراستنی گیانی نەخۆخشەکانیترو هاووڵاتیان،  ئەو نەخۆشانەگومانلێکراوەکان وهاوەڵی نەخۆشەکەی لە ژووری جیادا دادەنێین و ناهێڵین تێکەڵ بەکەس بێت.

ئەمڕۆ دووانی وامان هەبوو. بەداخەوە کەسوکاری نەخۆش هەرجارەی بە شێوەیەک پەرچەکرداری هەیە. 

بۆ نمونە هاوەڵی یەکێک لەونەخۆشانە بەهیچ جۆرێک نەدەچوە ژێر باری ئەوەی لەژوورەکەی نەیەتە دەرەوە و پابەند نەدەبوو بە ڕێنماییەکان و دەیووت ئێوە منتان تۆقاندەوە و هەر یەمە دەرێ و ناترسم. (دیارە ئەوجۆرە کەسانە گەر هەر پابەند نەبن ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر دەگیرێت). 

سەیر ئەوەیە لە چەند ژوور ئەولاترەوە کەسوکاری نەخۆشێکیتر کە زانیان گومانی ئەو نەخۆشییەی لێدەکرێت، هەمووی بەتەنیا بەجێێان هێشت و دەترسان و نەدەهاتن بەلایدا و چوونەماڵەوە؟؟

یەکێک ڕازی نیە بە تەشخیسەکە و پابەند نابێت بە ڕێنماییەکان، ئەویتر ئەوەندە ترساوە نایەوێت بێت بەلای نەخۆشەکەیدا؟؟!!. لەبەینی خۆماندا بەیەکمان دەووت، باشە ئێمە شایەتمان بەچ لایەکدا بهێنیین؟ 

هیوادارین یەکەم پابەند بن بە ڕێنماییەکان و دواتر هیچ نەخۆشێکیش بەتەنیا و بەترسەوە بەجێ نەهێڵڕێت. بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموولایەک.


PM:09:20:19/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی