دوو قسە لەسەر بایکۆت

‌هاوكار حسێن


حیکایەت:
نزیک دە ساڵ لەمەوپێش، گەنجێکم دەناسی دەرچوی قوتابخانەی سەڵاحەدینی تورکیی بو، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ مامۆستا تورکەکانی هەر مابوو. وتی: "رۆژێک لەگەڵ ئەو مامۆستا تورکەم چوین بۆ مارکێتی ئاڵتون. پەنیری پێویست بوو. یەک بەیەک پەنیرەکانی ئەمدیو و ئەودیو دەکرد. منیش لێمپرسی بۆچی دەگەڕێی. وتی، بۆ پەنیری تورکی. چونکە ئەگەر من لێرە پەنیرێک بکڕم، بازرگانە کوردەکە ناچارە بەیانی بۆ پڕکردنەوەی رەفەکە، داوای پەنیرێکی تورکی بکات. واتە من لێرەوە توانیم، خزمەتی تورکیا بکەم". جا با ئێمەش لێگەڕێن پەنیرەکە لەسەر رەفەکە کەڕوبکات تا قارداش لەتورکیا هەر چاوەڕێی ئۆردەر بکات. کڕین و فڕۆشتن، هەر تەنیا مەسەلەیەکی بازرگانی روت نیە، بەڵکو هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتیشە. جێی خۆشحاڵییە ئێستا ئەم کۆهۆشیارییە لەناو ئێمەشدا پەرەی سەندوە. 

زانیاری:
بایکۆتی ئێمە زیانی بۆ تورکیا هەیە؟ دەمەوێت ئەم پرسیارە، بەزانیاری رونبکەمە. لەساڵێکدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق نزیکەی 8 ملیار دۆلارە، لەو بڕە، نزیکەی 2.5 ملیار دۆلاری لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. تا مانگی ئیلولی 2017، هەرێم بڕی 1.8 ملیار دۆلار قەرزاری بازرگانە تورکەکان بووە. بۆیە هەر خاوبونەوەیەک لەو بازرگانییە، چەکێکی کوشندەیە سەرەتا بۆ دەسەڵاتە بازرگانیەکەی خۆمان، ئینجا تورکیا. لەهیچ حاڵەتێکدا تورکیا ئامادەنیە، دەستبەرداری ئەو بابەتە بێت لەگەڵ هەرێم، تەنانەت بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، هەمو پەیوەندییەکی وەستاند جگە لەبازرگانییەکەی. لەوکاتەدا نیهات زەیبەکچی، وەزیری ئابوری تورکیا وتی: "بڕیاری قەدەغەی ئابوری لەگەڵ هەرێم نادەین، چونکە ئەوە مەترسیدارە بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا کە دەیەوێت هەیمەنەی ئابوری و بازرگانی خۆی بەسەر ناوچەکەدا زاڵبکات".  

پەند: 
ئێستا ئەوانەی بەو بایکۆتە زەعلان بون، باس لەوە دەکەن کە ئەمە خزمەتە بە بازرگانی ئێران و دەشێت دەستی ئەوانی لەپشت بێت. بەڵێ خزمەتە بە بەرژەوەندی ئێران، بەڵام بۆ پیاوی عاقڵ و بێمەسڵەحەت، هەر ئەم بایکۆتە وەک تیغێکی دوولا وایە و هەڵگری پەندێکی گەورەشە بۆ خودی ئێران، پەندێک کە بە ئاخوندەکانیش دەڵێت: ئەمڕۆ لا تیژەکەی ئەم تیخە کاریگەرە رووی لە رۆمە، هیچ زەمانێک نیە سبەی روبکاتە عەجەمیش. راستە خۆمان خاوەنی بەرهەمێکی ناوخۆیی ئەوتۆ نین، بەڵام وەک بەکاربەرێکی کاریگەر، دەتوانین باشترین یاری لەگەڵ ئەو دوو جیرانە لاسارەی خۆمان بکەین، ئەمڕۆ تورکیا ئازاری خەڵکەکەمان دەدات لە رۆژئاڤا، ئێمەش ئاوا کلکی رادەکێشین. ئەگەر سبەی ئێران هەر زیانێکمان پێبگەیەنێت، بەهەمان نینۆک دەتوانین چنگێکیش لە ردێنی ئەوان وەردەین. 

زانیارییه‌كه‌ له‌م لینکەدا بخوێنه‌ره‌وه‌
http://www.hurriyetdailynews.com/turkeys-trade-with-krg-business-as-usual-despite-referendum-says-economy-minister-118427?fbclid=IwAR3fkU_GR3uIQEMpxWO4Pxy76vPKVzcZS83fJRIWUSG6bpPPL8gehmjx-zQ


PM:02:51:25/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 3960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی