ئیفلاسی سەرتاسەریی

‌مەریوان وریا قانیع


ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەیبینین ئیفلاسی تەواوەتی ئەو شێوازەیە لە حکومڕانیی کە لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە.

 ئیفلاسی دەزگاکان، ئیفلاسی سەرکردەکان، ئیفلاسی حیزبەکان و ئیفلاسیی سەرجەمی گوتار و ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و مژدەکانی ئەم حوکمڕانییەیە. شتێکی تازە ناڵێین گەر بڵێین سەرجەمی کایەی سیاسیی کوردستانی لەم ئیفلاسە سەرتاسەرییە بەرپرسایرە، بەڵام ھەڵەیەکی گەورەدەکەین بڕ و ڕادەی ئەم بەرپرسیارێتییە بە یەکسانیی بەسەر ھەموو ھێزەکاندا دابەشبکەین (زۆرجار بە مەبەستی ئەوەی واینیشانبدەین کە بێلایەنین). 

ھەرگیز یەکگرتوی ئیسلامی ھێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان، یان کۆمەڵەی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان ھێندەی یەکێتی نیشتیمانی لەم ئیفلاسە سەرتاسەرییە بەرپرسیار نین. تەنانەت بەرپرسیارێتی یەکێتی و پارتیش لەم دۆخەی ئەمڕۆ بەئەندازەی یەکتر نییە. مەسەلەکە لێرەدا بەخشینی پسوڵەی لێبوردن یان ”سەکی غیفران" بەم یان بەو ھێزی سیاسیی نییە، ھەوڵدان نییە بۆ بەدورگرتنی ئەم ھێز یان ئەویتریان لە ڕەخنە و بەرپرسیارکردن، ھەروەھا برگریکردن لە ھێزێک نییە دژ بەوانیتریان، بەڵکو مەسەلەکە پەیوەستە بە بینینی کێشەکان و بکەرە سەرەکییەکانی دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمە بەو شێوەیەی کە ھەیە و بەرخوردکردنیشە لەگەڵیدا لە دیدێکی سیاسیی و ئەخلاقیی بەرپرسیارەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئەمڕۆ، واتە لە دونیای دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا، پارتی بەکردەوە نەک تەنھا ھێزی بڕیاردەرە لە ھەموو مەسەلە ستراتیژیەکانی پەیوەست بە ھەرێمەوە، بەڵکو ھێزی مۆنۆپۆڵکەری ھەموو دەزگا و ناوەند و پەیوەدنییە ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستانە. لە دەیەی ڕابردوودا پارتی تاکە برا گەورەی بڕیادەرە بووە لە ھەرێمدا و ھەموو ئەوانیتریش یان برا بچووکی گرگن و نیمچەگرگن و بێدەنگ بوون، یان بێبڕیار و بێتوانا و نابەرپرسیار. ئەم دۆخە وایکردوە بەشی ھەرەزۆری ئەفسانە و درۆ و وەھمە سیاسییە گەورەکانی دە ساڵی ڕابردوو لەناو سیاسەتەکانی پارتییەوە بێت. لە وەھمی ”بەدوبەیکردنی کوردستان”ەوە بیگرە، بۆ وەھمی ”ئابوریی سەربەخۆ" و لە وەھمی ”سەربەخۆیی سیاسیی"ەوە بۆ وەھمی ”دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی". 

لەڕاستیدا مێژووی دەساڵی حوکمڕانیی پارتی، وەک ”پارتی سەرکردە"ی خاوەنی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و خاوەنی بڕیار و پەیوەندییە ستراتیژییەکان، بەڕادەیەک پڕشکستە، بەڕادەیەک نایاسایی و وێرانە، بەڕادەیەک داخراو و نابەرپرسیارە، تاقە شتێک لەدەستی ئەم ھێزەدا مابێتەوە بۆ بەھەڵدابردنی کۆمەڵگای ئێمە و بۆ بەدەستھێنانی بڕێک لە ڕەوایەتیی درۆزانانە و ساختە، وەھمی دامەزرادندنی دەوڵەتی کوردییە لەڕێگای ”دیالۆگ" لەگەڵ بەغدا و ئەنجامدانی ”ڕیفراندۆم"ێکی بێمانا و بێنرخ و بێبنەماوە. 

چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم دۆخە بەوەدەبێت سەرجەمی ئەو نوخبە سیاسییە حوکمڕانە، بە ھەموو گوتار و زمان و خەون و ئەخلاق و تەماحاکانییەوە، بۆناو تەنەکە خۆڵە زۆرەکانی مێژوو گسکبدرێن، ھەمووان دادگایبکرێن و ئەوەی بەناھەق بردویانە لێیانبسێندرێتەوە. کە ئەمەش نەکرێت ستراتیژێکی دیکە ئەوەیە زۆرینەیەکی سیاسیی لەدەرەوەی پارتیدا دروستبکرێت و سەرجەمی دەزگاکانی حوکمڕانیی، بۆ دەورەیەکی ئینتیخابی، لەم ھێزە بسێندرێتەوە. 

گەر ئەمەشیان نەکرێت پێویستە چیتر ڕێ بە پارتی نەدرێت تاکە ھێزی بڕیادەری ناو کایەی سیاسی کوردیی بێت و بەشێکی بەرچاوی ئەو دەسەڵاتانەی ھەیەتی، لێبسێندرێتەوە. بە کورتی تا پارتی بەو پێکھات و تەماح و عەقڵیەتەی ئەمڕۆیەوە کوردستانی لەژێر دەستدا بێت، شتێکی قابیلی بەرگریکردن لێکردن لە کوردستاندا دروستنابێت. بەکردەوە پارتی ئەمڕۆ ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ژیانی ئەو ملیۆنان خەڵکەی لە کوردستاندا دەژی.


AM:11:54:12/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 6454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی