سەلەفیەت: دیاردەیەکی شاریی

‌مەریوان وریا قانیع


”ئەوەی لە شارەکانی کوردستاندا رودەدات‌ و رویداوە پرۆسەی هاوشێوەی ئەو پرۆسانەیە کە پێشتر لە شارێکی وەک قاهیرەدا رویانداوە.


 بەڵام بەخێراییەکی زۆر زیاترو بەناو شێوازێکی زۆر گەورەتر لە گەندەڵیی‌ و لە کۆنترۆڵکردن و لە بەگیتۆکردنی هەمەلایەنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەموشی لە سەر ڕوبەرێکی جوگرافیی زۆر بچوکتر و لە ماوەیەکی زەمەنی هێجگار کورتردا. وەکچۆن ئیسلامی سیاسیی لە قاهیرەدا دیاردەیەکی شارییە، ئاواش لە هەرێمەکەی ئێمەدا دیاردەیەکی شارییە. راستە بەشێکی زۆری سەرکردە و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە کوردستاندا بە ڕەچەڵەک خەڵکی لادێکانی کوردستانن، بەڵام بزوتنەوەکەیان لە شارە گەورەکانی کوردستاندا گەشەدەکات‌ و بڵاودەبێتەوە و هەواداری زۆر دروستدەکات، نەک لە گوندەکاندا. تەنها لە دونیای دوای راپەڕیندا ”دینی بەسیاسیکراو" وەک دیاردەیەکی جەماوەریی‌ و پەرلەمانیی لەدایکببێت، شوێنی لەدایکبونەکەشی هەولێر و سلێمانیی‌ و دهۆکە، نەک گوند و شارۆچکە بچووک و چەپەکەکانی کوردستان.


بەبۆچونی من هەمو قسەکردنێک لەسەر سەلەفیەتی دینیی لە کوردستاندا لە دەرەوەی پرۆسەی بەشاربونی خێراو هەمەلایەنەی شارەکانی کوردستان‌ و لە دەرەوەی پرۆسەی کۆچکردن‌ و گواستنەوە لە لادێکانەوە بۆ ئەم شارانە، و هاوکات لە دەرەوەی دروستبونی ململانێی دینیی گەورە لەناو کایەی دین خۆیدا (لە نێوان ئیسلامی ئیخوانیی‌ و ئیسلامی سەلەفیی‌ و ئیسلامی سوفیی‌ و ئیسلامی میلییدا) و لە دەرەوەی تێکەڵبونی دین بەدەسەڵات‌ و گرێدانەوەی بە پرۆژەی بەسوڵتانیکردنی سیستمی سیاسیی لەسەر مۆدێلی سعودی(پرۆسەی بەسعودیکردنی کوردستان)، و لە دەرەوەی کردەی دروستکردنی هەزاران مزگەوت لە ماوەیەکی هێجگار کورت لە هەرێمدا، (نزیکەی شەش هەزار مزگەوت لە کوردستاندا هەیە)، و لە دەرەوەی دروستبونێکی خێراو بەرچاوی”گیتۆی کۆمەڵایەتیی " لە فۆرمی "شاری خەون”ەکان‌ و ” بە بەرخۆرییکردنی تەواوی ئارەزوەکان”دا، دەڵێم لە دەرەوەی ئەم دیاردە گەورە و فرەلایەنانەدا هەمو قسەکردنێک لەسەر سەلەفیەتی دینیی قسەکردنێکی بێسەمەر دەبێت‌ و ڕێگردەبێت لەوەی لەم دیاردە تازەیە و لەزۆرێکی تری دیاردەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستانی ئەمڕۆکە، تێبگەین.


شار وەک چوارچێوە

شار شوێنی کۆبونەوە گەورەکانە، شوێنی کۆکردنەوەی ژمارەی گەورەی خەڵکە لەدەوری ئەم یان ئەو بیرۆکەی ئاینیی یان نائاینیی. ئەوەی کە هەندێکجار نزیکەی دە هەزار کەسێک لەدەوری مزگەوتێک‌ و مەلایەک‌ و بانگخوازێک کۆدەبنەوە، تەنها لە ناو فەزای جوگرافیی شارەکاندا دەکرێت دروستببێت. شار جوگرافیایەکی گەورە و فراوانە کە توانای کۆکردنەوەی ژمارەی گەورەی لە خەڵک هەیە، بەبێ شار پرۆسەی ”بەجەماوەریکردنی دین‌" و بەجەماوەریکردنی ھەر ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە، مەحاڵە. جگە لەمە شارەکان ئەوەتەی هەن شوێنی دروستکردن‌ و بونیادنانی پارت‌ و رێکخراوی سیاسیی‌ و ناسیاسیی هەمەجۆرن. شوێنی بەرهەمهێنان‌ و بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانن، ھەروەھا شوێنی هەستکردنێکی راستەوخۆیە بەبونی زیاد لە تێگەیشتن‌ و خەون‌ و چاوەڕوانییەک. شار شوێنی پێکەوەبونی کەسانی جیاواز و فرەڕەنگە کە دەشێت هەم لەسەر زۆرشت هاوڕابن بەڵام لەسەر زۆرشتیش ناکۆک‌ و دژبەیەکبن. بەکورتی شار ژینگەیەکی پڕ دینامیکیەتی تازەیە کە ئەگەری جیاواز دەخاتە بەردەمی گروپی جیاوازەوە، بەگروپە دینییە سیاسیی‌ و ناسیاسییەکانیشەوە."


PM:05:55:28/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 6043 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی