ئایا دەشێت ھەموو دونیا یەک دینی ھەبێت؟

‌مەریوان وریا قانیع

وەڵامی فارابی بەم پرسیارە

”یەکێک لەو فەیلەسوفە ئیسلامییانەی دەشێت ھەندێک ڕوانینی سەرەتایی دەربارەی مەسەلەی جیاوازیی و پلورالیزم لە بیرکردنەوەیدا بدۆزینەوەیە فارابییە. بەڵام فارابی وەک ھانا ئارێنت خەریکی بە سیاسیکردنی دونیا و بەسیاسیکردنی فەلسەفە نییە، وەک جیانی ڤاتیمۆش بەدوای بەڕێژەییکردن و بەپلورالکردنی مەعریفە و ئەبستمۆلۆژیاوە نییە، فارابی خەریکی بە ڕێژەییکردنی دین و بەرگریکردنە لە دۆخی فرەدینیی شارەکان و نەتەوەکان و مرۆڤەکان لە دونیادا.

فارابی (٨٧٠-٩٥٠) ھەندێک ڕوانینی ھەیە سەبارەت بە ”حوکمڕانیی چاکەکار" و ”سروشتی شار" و ”سروشتی میلەتان" و ”سروشتی مرۆڤ" و ”سروشتی دین"، کە دەکرێت وەک سەرەتایەکی گرنگ بۆ قسەکردن لەسەر پلورالیزم بیانبینین. کە ئەمە دەڵێم بەھیچ شێوەیەک نامەوێت بەرگریی لەو تێزە بکەم کە فارابی فەیلەسوفێکی پلورالیستە و پلورالیزم ڕوانینێکی ئیش لەسەرکراوە لە فیکریی ئەودا، لانیکەم بەو مانایانەی ئەمڕۆ ئێمە بە پلورالیزمی دەبەخشین،
مانایەک کە تیایدا بەخشینی مافی یەکسان بە جیاوازییەکان خاڵی ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییە. پلورالیزم و جیاوازیی بەو مانایەی ئەمڕۆ دەیزانین بەشێک نییە لە فیکری دونیای بەر لە مۆدێرنە و بەشێک نییە لەو کێشە فیکریی و تیورییانەی فەیلەسوفانی دونیای کلاسیک خۆیان پێوە سەرقاڵکردبێت.

وەک فەیلەسوفی ئەمریکی جۆشوا پارنێس دەڵێت ”فارابی جۆن لۆکی دونیای بەر لە مۆدێرنە نییە"، فارابی لە دونیایەکدا دەژی کە مرۆڤەکان پلە و پایە و نرخیی جیاواز و نایەکسانیان ھەیە، ھەیانە کۆیلەیە و ھەیانە سوڵتان، بۆیە ناکرێت چاوەڕوانی ئەوەبین ڕوانینی بۆ مرۆڤەکان ڕوانینێکی یەکسان و لەوێشەوە بۆ دینەکان ڕوانینێکی یەکسان بووبێت. فیکری فارابی لە زیاد لە شوێنێکدا لە مەسەلەی پلورالیزم نیزکدەبێتەوە و لەھەندێک ئاستیشدا بەرگریی لە پلورالبوونێکی تایبەتی دونیا دەکات. ئەوەی لێرەدا پێویستە ئەنجامیبدەین ئەوەیە بزانین ئایا فارابی لە کوێدا لە پلورالیزم و پاراستنی جیاوازییەکان نزیکدەبێتەوە؟ چیان دەربارە دەڵێت و بە چ لۆژیکێک بەرگریان لێدەکات؟

بۆ باسکردنی ئەم بابەتە دەگەڕێمەوە بۆ ئەو کتێبە گرنگەی فەیلەسوفی ئەمریکی جۆشوا پارێنس Joshua Parens لەسەر فیکری فارابی نووسیوە، کتێبێک کە چەندان ڕەھەندی گرنگ لە فیکری ئەم فەیلەسوفە موسڵمانەدا دەدۆزێتەوە و وێنەی فەیلەسوفێکمان بۆ دەکێشێت کە زۆر لەپێش سەردەمەکەی خۆیەوەیە. ئەو پرسیارانەی ئەم فەیلەسوفە لە فیکریی فارابیدا بەدوای وەڵامەکانیندا دەگەڕێت ئەمانەیە: ئایا یەک دین دەتوانێت بەکەڵکی ھەموو کۆمەڵە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی بێت؟ یان دەکرێت زیاتر لە یەک دینی باش لە جیھاندا بوونی ھەبێت؟ ئەگەر بکرێت زیاد لە یەک دینی باش ھەبێت، ئەی باشە چۆن و بۆ چ ھۆیەک دەکرێت ئەو دینە باشانە لەدونیادا ھەبن؟

ئەم نووسەرە نیشانیئەدات کە لەناو فیکری فارابیدا چەند بۆچونێک دەربارەی دین ھەن کە ڕێگرن لەوەی باوەڕ بەوە بھێنین یەک دین بتوانێت خۆی وەک تاکە دینێکی ڕاستەقینە و وەک تاکە دینی باش لە ھەموو جیھاندا، نیشانبدات، یاخود ئەو ویست و تەماحەی ھەبێت خۆی وا نیشانبدات. فارابی ڕێگا بۆ ئەوە دەکاتەوە مرۆڤ باوەی بەوەبێت کە دەشێت زیاد لە دینێکی باش و چاکەکار لە دونیادا بوونی ھەبێت. ئەمەش لای فارابی تەنھا ئەگەرێکی تیوریی نییە، بەڵکو پێداویستییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی سەرەکییە، چونکە بە باوەڕی فارابی ناکرێت یەک دین بەسەر ئەو ھەموو مرۆڤ و کولتور و ژینگە جیاوازانەدا بسەپێنرێت کە لەدونیادا ھەن."

پەرەگرافێک لە وتاری ”دروستکردنی خود وەک بەشێک لە دروستکردنی دونیا" کە کتێبی (مرۆڤ و کەرامەت)دا.


PM:09:10:10/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 6691 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی