جیھادی ”مرۆڤە زیادەکان“ (بەشی یەکەم لە دوو بەش)

‌مەریوان وریا قانیع


جارێکی تر کردەیەکی تێرۆریستی لە فەرەنسا ڕوویدا و دۆخی ئەو وڵاتەی زیاتر و زیاتر شڵەژان. ئەمجارەیان گەنجێکی تونسی کە ناوی ئیبراھیمە و تەمەنی ٢١ ساڵە، لەناو کەنیسەیەکدا لە شاری نیس، دوو ئافرەت و پیاوێکی فەرەنسی کوشت. ئەم گەنجە، کە لە مانگی نۆدا دەگاتە ئیتالیا و ھەڵگری بەڵگەنامەی خاچی سوریی ئیتالیایە، ماوەیەکی کەمە لە ئیتالیاوە ڕۆیشتوە  بۆ فەرەنسا. لەو ماوە کەمەدا ئەو تاوانەی دوێنکەی ناو کەینسەکەی شاری نیس ئەنجامئەدات. ئەو سێ کەسەی لە پەلامارەکەدا دەیانکوژێت، یەکێکیان ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵە، ئەو ئەم ژنە سەردەبڕێت، ئەویتریان  پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵە، بە چەقۆ قوڕگی ئەم پیاوە ھەڵدەدڕێت، سێھەمیان ژنێکی ٤٤ ساڵانە بە برینداریی کەنسیەکە بەجێدەھێڵێت و خۆی دەگەیەنێتە ناو قاوەخانەیەک، بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی ئەویش دەمرێت. کوڕە تونسیەکەش، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی فەرەنسییەوە بریندار دەکرێت، ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکەدا چارەسەردەکرێت. 

ئەم گەنجە یەکێکە لەو ژمارە زۆرەی گەنجان بە قاچاخ لە جیھانی عەرەبییەوە بەرەو ئەوروپا ھەڵدێن. وەک زۆرێک لە گەنجانی تر ئەمیش ڕێگای دەریا دەگرێتە بەر و بە بەلەم خۆی دەگەیەنێتە ئیتالیا، دوای ماوەیەکی کەم لە ئیتالیاوە دەچێتە فەرەنسا. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم گەنجە و ھەندێک لە ھاوشێوەکانی بۆ وادەکەن؟ بۆ وڵاتی خۆیان بەو شێوە پڕ مەترسییە بەجێدەھێڵن و بۆ کە دەگەنە ئەوروپا، لە ماوەیەکی کەمدا دەبن بە تێرۆریست؟ 

ھەر خوێنەرێک کەمەکێک شارەزای ئەدەبیاتی ئەم بیست ساڵەی دوایی بواری لێکۆڵینەوە لە ڕادیکالیزم و تێرۆریزم بێت، ڕووی بە ھەزارەھا کتێبەدا دەتەقێتەوە کە شیکردنەوەی ئەم دیاردەیە بابەتی سەرەکییانە. لە زانکۆکانی ئەوروپادا کۆرسی تایبەت لەسەر دیاردەی ڕادیکالیزم و تێرۆریزم ھەیە و چەندان ناوەندی لێکۆڵینەوەش سەرقاڵی شیکردنەوەی ئەم جۆرە دیاردانەن. دەشێت چەند خاڵێکی گرنگی ناو بەشێک لەم ئەدەبیاتە بەم شێوەیە ڕیزبکەین: 

یەکەم: لە دونیای بەجیھانیبووی ئەمڕۆدا، لە چەندان وڵاتدا بەشێکی گرنگی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە، ھەست بەوەدەکەن کە ژیانیان ھیچ نرخ و بەھایەکی نییە و کۆمەڵگاکانی خۆیان وەک ”مۆرڤی زیاد" و ”ناپێویست” و ”بێکەڵک" مامەڵەیان دەکات. ئەمانە ئەو بشەی دانیشتوان و ئەو کەسانەن کە بەتەوای پەراوێزخراون و کەوتونەتە قەراخی ئەو کۆمەڵگایەوە کە تیایدا دەژین. بۆیە سەرھەڵگرتن و خۆفڕێدانە دەریاوە بۆ گەیشتن بە ”شوێنێکی تر" بووە بە بەشێک لە ژیانی ئەوان و ئەم سەرھەڵگرتنەش وەک ھەوڵێک بۆ بەخشینی بەھا و نرخ و مانا بە ژیانیان دەبینن. 

دووھەم: ئەم مرۆڤانە کە سەرھەڵدەگرن،  لەو ”شوێنانەی تر"دا کە بۆیدەچن، زۆبەی جار دەکەونە ناو ژینگەیەکی تەواو ئاڵۆزەوە کە پڕە ھەم لە ھەژاریی و نەداریی، ھەم لە فۆرمی جیاوازیی ڕاسیزم و پەراوێزخستن. ھەم لە بێکاریی و بێئاسۆیی کۆمەڵایەتیی. ئەمانە کە ڕادەکەن دەکەونە ناو قەراخی شارە گەورەکانی ئەوروپاوە کە تیایاندا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کۆچەبەردا، بە زیاد لە شێوەیەک، درێژە بە پەراوێزبوونی خۆیان ئەدەن. زۆریان وەکچۆن لە وڵاتی خۆیاندا ھەستیان بە ”زیادبوون" و ”بێکەڵک"ی کردوە، لەوێشدا ھەمان ھەست بەرھەمدەھێننەوە. 

سێھەم: ئەم ”مرۆڤە زیاد"انە لەزۆرێک لە شارە ئەوروپییەکاندا کەسانی ھاو جنس و ھاو دین و ھاوزمانی خۆیان ئەدۆزنەوە کە ئەوانیش لە زۆر ڕووەوە ھەست بە ”زیادبوون" و ”ناپێویستبوون"ی خۆیان دەکەن. ھەستدەکەن بەشێکن لە ژیانێک کە، وەک ژنە فەیلەسوفی ئەمریکی جودت بوتلەر دەڵێت، ”قابیلی دۆڕان" و ”لەدەستدان"ە.  lose-able. ژیانێک کە تەنانەت دوای مردنیش قابیلی ئەوە نییە تازیەی بۆ دابنرێت, ungrievable life.

چوارھەم: بەشێک لەم مرۆڤە ھەڵاتوانە، لەناو ئەو ژینگە نادۆست و پەراوێزیەدا، دەستدەدەنە کاری نایاسایی وەک دزیکردن و پەلاماردان و پەنابردن بۆ توندوتیژیی. ئەمانە وەک بەشێک لە ئەندامانی چنییە ھەژار و نەدارەکانی ناو مێژووی ئەوروپا، دەبنە ”تاوانباری بچووک" و وەک چەتە و دز و تەڵەکەباز درێژە بەژیانی خۆیان ئەدەن.

پێنجەم: بەڵام ھەندێک لەمانە دەکەونە ناو ئەو گوتارە ”سەلەفییە جیھادیی" دینییەوە کە لە دوای دروستبوونی ڕێکخراوی ئەل قاعیدەوە بووە بە گوتارێکی بەجیھاینبوو.  ئەمانە دەبنە ھەڵگری ئەو دید و ڕوانین و لێکدانەوە و داخوازیانەی ئەم گوتارە سەلەفییە داوایدەکات. لە پێش ھەمووانیشەوە جیھادکردن بەرامبەر بەو ”جاھیلەیەتە تازەیە" کە گوایە لە دونیای ئەمڕۆدا دروستبووە و پێوسیتی بە بەرەنگاربوونەوە ھەیە. 

شەشەم: ئەم گوتارە سەلەفییە، لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا و لەڕێگای دۆلاری نەوت و لە چوارچێوەی جەنگی سارد و جەنگی ئەفگانستان و دروستبوونی دیاردەی ”عەرەبە ئەفگانییەکان" و دروستبونی ڕێکخراوی ئەل قاعیدە و داعش و گروپەکانی تردا، بە جیھاندا بڵاوبووەوە و دەیەھا مزگەوت و سەدەھا دەزگای خێرخوازیی و ھەزاران سایتی ناو تۆڕەکانی ئینتەرنێت و لەشکرێک لە واعیز و بکەری دینیی سەلەفیی دروستکردوە کە بەسەریکەوە ئەم فۆرمە ترسناکەی ئیسلام و ئەم فۆرمە توندڕەوەی دینداریی بڵاودەکەنەوە. 

حەوتەم: ئەم گوتارە سەلەفییە باس لە ”جاھیلیەتی جیھان" و ”کافربوونی ھەمووان" دەکات،  باس لە ”تاکە دینی ڕاستەقینە"، کە گوایە ئیسلامە  و باس لە گرنگی ”جیھاد" دەکات بۆ گۆڕینی ئەو جاھیلیەتە و بەئیسلامیکردنی تەواوی کۆمەڵگاکانی جیھان.  

ھەشتەم: لەم گوتارەدا ئیسلام وەک دینێک نیشانئەدرێت کە گوایە بەردەوام لە ژێر پەلاماردایە و موسڵمانیش وەک کەسێکی نەفرەتلێکراو. جارێک عەلمانەیت پەلاماری ئەدات،جارێک خۆرئاوا و خاچپەرستە نوێکان، جارێک فیکر و فەلسەفەی بێدینیی، جارێک دینەکانی تر و جارێکیش ھەندێک لە تائیفە دینییەکانی ناو ئیسلام خۆشی، ھتد...بە مانایەکی دیکە ئەم گوتارە سەلەفییە وێنەی قوربانیی بۆ ئیسلام و موسڵمانان دروستدەکات و بەگژاچوونەوەی جیھادیی و توندوتیژانەی ئەم قوربانیبوونەش، وەک تاقە ئەرکێکی دینیی و ئەخلاقیی ڕاستەقینە نیشانئەدات. ئەم وێناکردنەیە وادەکات لەم گوتارەدا ”جیھاد" بەمانا سەربازیی و توندوتیژەیەکەی، ببێتە دەستەواژەی ژمارەیەکی ناو ئەم گوتارە. 

نۆیەم: ئەم گوتارە سەلەفییە، جیھاد وەک بزوتنەوەیەکی جیھانیی گلۆباڵیی نیشانئەدات و نایبەستێتەوە بە سنووری ئەم یان ئەو دەوڵەتی نەتەوەییەوە. جیھاد لێرەدا بەشێکە لە بەگژاچوونەوەیەکی جیھانیی کوفر و پەلاماردانی گریمانکراوی ئیسلام. 

دەیەم: ئەم بزوتنەوە سەلەفییانە لە پەنجا ساڵی ڕابوردودا لەوەدا سەرکەوتون کە بەشێکی بەرچاوی ”دینداریی ئاسایی" و بەشێکی گەورەی باڵەکانی تری ”ئیسلامی سیسیی" بە سەلەفیی بکەن. لەناو وڵاتە ئەوروپییەکنیشدا لەوەدا سەرکەوتون ئەم دینە سەلەفییە بەناو ئەو کۆچبەرە دیندارانەدا بڵاوبکەنەوە کە لەو وڵاتانەدا دەژین. نەک ھەر ئەمە بەڵکو ئەو ئیمام و کەسایەتییە دینییانەش کە لەو وڵاتانەدا ئەم گوتارە سەلەفییە توندڕەوەیان قبووڵ نییە، بخەنە ژێر فشار و زۆربۆھێنان و شکاندندانەوە. 

ئەوەی لە فەرەنسا ڕووئەدات لەناو ئەم وێنە گشتییەدا ڕووئەدات.


AM:09:25:31/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی