سیاسەتی زەلیلکردنی یەکتریی و زەلیلکردنی کۆمەڵگا

‌مەریوان وریا قانیع

یەکێک لەو تێزە سەرەکییانەی من لە دە ساڵی ڕادوردودا بەرگریم لێکردوە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ”شەڕێکی دەستەویەخە"ی ڕۆژانەدان لەگەڵ کۆمەڵگای ئێمەدا و جەوھەری ئەو پەیوەندییەی بە کۆمەڵگاوە گرێیانئەدات توندوتیژییە، توندوتیژیی لەھەموو فۆرمەکانیدا. باسم لەوە کردوە سەرجەمی ئەو حیکایەتانەی ئەم دەسەڵاتدارانە بۆ کۆمەڵگای ئێمەیان کردوە و دەیکەن تووشی ئیفلاسێکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەبوون و وەک درۆیەکی بێبنەما لەناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگای ئێمەدا دەردەکەون: لە حیکایەتی ”چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆماڵیی"ەوە بیگرە، بۆ درۆی ”بە دوبەیکردنی کوردستان" و ”بنیادنانای ئابوریی سەربەخۆ" و ”چەسپاندنی حوکمی یاسا" و ”بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی" و ”پیادەکردنی چاکسازیی سیاسیی" و ”یەکخستنەوەی ڕاستەقینەی ئیدارەکان"، تا بە درۆ و فیاسکۆی  ھەرە گەورەکەی ڕیفراندۆم دەگات.  ئەم ماشێنە گەورەیەی درۆکردن ھێندە خێرایە، ئەوەی دوێنی وەک دوژمن ناساندویانە، ئەمڕۆ وەک دۆست دەیناسێنن و ئەوەشی دوێنی وەک ڕێگای ڕزگاریی نمایشیانکردوە ئەمڕۆ وەک ھەڵەیەک باسیدەکەن کە پێویستە ڕاستبکرێتەوە. ھەموو ئەم درۆ گەورانە ئامانجەکەیان ئەوەبووە بڕێک لە متمانەی کۆمەڵگای پێببەنەوە و شتێک لە شەرعیەتی پێدەستەبەر بکەن. ئەمڕۆ منداڵێکیش لە کوردستاندا نادۆزینەوە باوەڕ بە ھێزە دەسەڵاتداراەکان بکات، مەگەر ئەو منداڵە بەدەیان شێوە کڕدرابێت و بەدەیان شێوە گەمژەکرابێت. دواھەمین ھەڵبژاردن نیشانیدا کە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە و بەبێ تەزویر ٢٠ لەسەدی خەڵکی کوردستانیشیان لەگەڵدا نییە. ئەم ٢٠ لەسەدەش ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە لەناو گەندەڵیی و جەردەیی و خراپ بەکارھێنانەکانی دەسەڵاتدا نیشتەجێیە و لەم مۆدێلە وێرانە لە  سوڵتانیزمی سیاسیی، سودمەندبووە.

لەم دۆخە وێرانەدا ئەوەی ماوەتەوە شەڕی دەستەویەخە و ڕاستەوخۆی ئەو مۆدێلەیە لە دەسەڵات لەگەڵ کۆمەڵگادا. ڕۆژێک بەڵتەجییەکانیان پەلاماری خۆپیشاندانەکان ئەدات، ڕۆژێک ماشێنە ئیعلامییەکەیان درۆی تازە و گەورەتریان بۆ دەکات، ڕۆژێکی تر ڕۆشنبیرانی بەیعە و خاوەن پلە ھەڵە ستراتیژیی و فیاسکۆ گەورەکانیان وەک سەرکەوتنی گەورە دەفرۆشن و ڕۆژێکی تر سایتە بەدڕەوشتەکانیان کەسایەتی مەعنەوی ئەم یان ئەو کەسی دەرەوەی دەسەڵاتەکەیان تێرۆردەکەن، بەبەردەوامیش لە ڕێگای درێژەدان بە پەیوەندیی ناپاک و ژێربەژێر لەگەڵ ھێزە ئیقلیمییەکاندا درێژە بە مانەوەی ئەو مۆدێلە تۆقێنەرە ئەدەن کە بەزەبری ھێز سەپاندوویانە. لە ئێوارەیەکی دەرەنگیشدا  بەگژ قوتابی زانکۆکاندا دەچنەوە و ھەڕەشەی دەرکردن و سەگ تێبەردانیان لێدەکەن.

 ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات، کە ئەمڕۆ پڕبووە لە منداڵی خانەوادە سوڵتانییەکان، لە مێژە جگە لە ھەڕەشەکردن و درۆکردن و پەنابردن بۆ توندوتیژیی بە ھەموو جۆرەکانییەوە، شتێکی تری نەماوە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەدا بەشیبکات. ئەوان کە لە ھەموو بوارێکدا شکستێکی بەرفراوانیان ھێناوە، تاکە شتێک بتوانن تا ئەمڕۆ توڕەیی خۆیانی بەسەردا قڵپبکەنەوە خەڵکە مەدەنی و بێچەک و ناتوندوتیژەکەی ناو  کۆمەڵگاکەیانە. ترساندنی قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکان و گەمارۆدانیان، بەشێکە لە شێوازی ئیشکردنی لەو بونیادە سیاسیی و نەفسییەی ئەم دەسەڵاتە ھەڵگریەتی. ئەوان کە لە ھەموو شتێکدا دۆڕاون و لە بەردەمی ھەموو ھێزە دەرەکییەکاندا زەلیلکراون، ئەوەی ھاوسەنگیی سیاسیی و نەفسیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، زەلیلکردنی یەکتریی و زەلیلکردنی کۆمەڵگاکەیانە. ئەمانە وەکچۆن ناتوانن براوەیەکی ئەخلاقیی بن، ئاواش ناتوانن دۆڕاوێکی ئەخلاقیی بن.


PM:07:40:26/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1805 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی