بەڵێ بۆ پێكەوەیی !
عهبدولرهزاق شهریف
حیزبو كارەكتەرە حیزبییەكانی ئەم هەرێمە پێكەوە پیرو خەڕۆ بوون، هەم خۆیان، ئێمەومانانیش وەك كاروانچییەكە رەشو سپی خۆمان ئەناسینەوە. گرەوكردن لەگەڵ ئەواندا لەسەر گاڵو پەموەكە، بەدڵنیاییەوە گاڵ ئەهێنێ. گفتو بەڵێن بۆ سازانو چاكسازی مێژوویەكە، هیچی لێ سەوز نەبووەو نابێ.
بانگەشەی كاری پێكەوەیی، یەكڕیزیو لێبوردەیی بە دروشمو پراكتیك، تۆزی لەسەر نیشتووەو داهێنانێكی نوێ نییە، هەموو ئەو خەنجەرانەی لەپشتەوە لە یەكتری دراون، لە تیرۆرو پەلاماردانەوە هەتا راو و رووتو تاڵانی، لەوكاتانەدا بووە، كە دەستەكان لەناو یەكتریدا بوون. كە شانزەی ئۆكتۆبەر رووئەدات، لە پانزەدا پارتیو یەكێتی بە سەرە گەورەكانیانەوە لە دوكان پێكەوە لە داوەتو كۆبوونەوەدا بوون، هەفتەی دوای ئەوەش بەمەبەستی یەكڕیزی، عێزەن لە كۆبوونەوەدا بوون.
نوێترین كۆبوونەوە بۆ كاری پێكەوەیی، گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی ئایندەیە، بەهەمان تاسو حەمامی جاران، بە شكاندنی ئیرادەو شكۆی ئەوی تر دەستی پێكردووە. یەكەمین (پەڕلە)ی پارتی بە گرێی دەروونی (پەڕلەمان) دەستی پێكرد، بەوەی نابێ گۆڕان پشكی لەو سەرۆكایەتیەدا هەبێ، سەرۆكایەتی هەرێمیش كە گۆڕان بانگەشەی دەسەڵاتی "تەشریفاتی" بۆ ئەكرد، پشكی جێگرەكەی بۆ دانراوە، لێرەوە كاری پێكەوەیی دەستیپێكرد. بە گرتنو دەركردنو مووچە بڕینی كادرو لایەنگرانی یەكتریدا رۆشتووەو دوا بەرهەمیشی، وەبیرهێنانەوەی سەركردەی حیزبەكەی دۆستە (رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوت هەر بە تۆپزی ئاڵتمو ساتم دەكرێ)و شكاندنی هەیبەتی دادگاو شكۆی دكتۆرێكی دڵسۆزی سلێمانییە، كە پارێزگارەكەی سەركردەیەكی حیزبەكەی خۆمەو سەرۆكی لیژنەی ئەمنیەكەشیەتی.
چۆن لەپێش روودانی گەردەلولی ناعەدالەتیو گەندەڵیو شكستو خیانەت (پێكەوەیی) تەكتیكەو ستراتیژی هاوبەش لە دژی ئەو چەمكە قێزەونانە ئامانجە!، لەدوای گەردەلولەكەش (ناپێكەوەیی) تاكتیكەو دادگاییكردنی تاوانباران ستراتیژی هاوبەشە. دەكرێ لە یەك حیزبداو لە یەك شارو لە یەك وڵاتدا هاونیشتمانی بینو لە پرۆسەیەكی شارستانیدا، ئێمەو ئەوان جیاواز بینو دەكرێت لەیەكتریش جیا ببینەوە، ئەو جیابوونەوەیەی كە (لەنین) لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبەر بە مافی فنلەندییەكانی دەزانی بەڵام لەبەر "یەكڕیزی" شۆڕشی كرێكاریی ئەیوت بانگەشەی بۆ ناكەین، ئەم وتەیەی لەنین لەسەروەختی نووسینەوەی دەستوری عێراقدا كاتێك لەسەر ئەو بڕگەیە كۆك نەبوون كە (هەموو پارێزگایەك بەوانەشەوە كە لە چوارچێوەی هەرێمێكدا رێكخراون، مافی جیابوونەوەو هەرێمێكی سەربەخۆیان هەبێ)، نەوشیروان مستەفا وەبیر مەسعود بارزانی هێنایەوە (ئەوكات هەردووكیان نوێنەرایەتی كوردیان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوری عێراقدا دەكرد)، دوای لێكتێگەیشتن بوو بە مادەیەكی دەستورو مافێكی رەوای ستەملێكراوان، پێكەوە لە دەستوردا مافی "ناپێكەوەیی بوونیان" لە عێراقو كوردستاندا چەسپاند.
راكردن بۆ پێكەوەیی لەگەڵ دوو ناوەندی دەسەڵات، كە لە خراپەدا هیچ كەس باشتر لە خۆیان وەسفی نەكردوون، كارو كردەوەی نیشتمانی نییە، بەڵكو كاری راستەقینە ئەوەیە، تكاو داوا لە كارەكتەرە زیندووەكانی ئەوان بكەین بۆ لەگەڵ ئێمە بوون، (ئێمەبوون) بە دەنگو رەنگە جیاوازەكانەوە وەك نیشتمانو هاونیشتمانیی، وەك بەرەیەكی دژ بە ستەمكارییو كۆنەپارێزیی، وەك حكومەتو حوكمداری تەندروست. بۆیە لەم قۆناغەدا، جیابوونەوە لە پارتیو یەكێتی وەك دەسەڵاتی بنەماڵەو حیزبو حوكمڕانی، باشترین بژاردەی پێكەوەییە.
PM:12:56:22/01/2019
ئهم بابهته 2016
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی