‌نەوشیروان مستەفا.. موڵک و تەوریسى سیاسى
AM:11:08:22/07/2018
عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

میللەتانى دواکەوتو، درەنگتر لە بیانى و دوژمنەکانیان، لە کلتور و فەرهەنگى خۆیان، جیۆپۆلەتیک و ستراتیژى خاک و  نیشتمانەکەیان تێدەگەن. هەربۆیە قەواڵەیان، چارەنوسیان بەدەستى بێگانە دەنوسرێ و دەخوێندرێتەوە.

کورد، تائێستاش لە تەرازوى بازاڕى سیاسەت و ململانێىبەرژەوەندى هێزە نێودەوڵەتییەکان، تێناگات، کە لەپێناویدا، سەدان جەنگى خوێناوى هەڵگیرساوە و لەناویدا، سەدان میرو میرنشین و حوکمڕانێتى دروستبوەو تواوەتەوە، سەدان نمونەى شکاندن و دروستکردنى پاڵەوانەکانى و گەوجاندنى بەکۆمەڵ، لە مێژوەکەیدا، دوبارەبوەتەوە، ئەم هەر تەماشاکەرو یاریپێکراو بوەو سەنگى لە تەرازوەکەدا نەبوە.
لە پەنجا ساڵى رابردودا، سەنگ و قورسایی ئاکار و بیرى سیاسى نەوشیروان مستەفا بەرامبەر ئەو ماکینە سیاسى، ئیستیخباراتى و ئیعلامییە گەورەی هێزە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان لەتاى تەرازوەکەدا، دەبینرێ، بێگومان نەیار و کۆنەپەرەستانى ناوخۆش بەدرێژایی ئەو نیو سەدەیەى رابردو، پشتیوان و بەشێکى بەهێزى ئەو ئەجێندایە بون کە ئامانج لێى شکاندنى شکۆ و کەرامەتى میللەتەمان بوە. دواجارو نەوشیروان مستەفا بە مەرگى، ریسى پەنجا ساڵەى گشت ئەو هەوڵانەى کردەوە بە خورى و ئەوانى تر مردن و باڵاى بیروباوەڕى وەک ستونێکى پتەوى ئەو مێژوە، بە قورسایی خۆى لە تاى تەرازوەکەدا، مایەوە. ئەو کە بە خۆڕسک، خەسڵەت و خوڵق، سیاسییەکى ریالیستى بێفیز و بێمنەت بو، هیچ کات و لاى هیچ کەس، خۆى لە باسى لێزانى و زانایی و سەروەرییەکانى نەداوە، بۆیە نەیارو دوژمن پێشتر و باشتر لە هاوڕێکانى خۆى دەیانناسى و دەیانخوێندەوە، پێش ناشتن و پێش ئێمەش ئەوان بون دەیانزانى گەر فریانەکەون، گردى زەرگەتە ئەبێتە نزرگەى تەریقەتى کوردایەتى بێ خەوش و سەدان نەوشیروان مستەفاى تر بۆ کورد دەخوڵقێنێ.

لەدواى 19/5/2017 ەوە، ئەو هێزانە، بە پشتیوانى ناوەندى هێزە ناوخۆییەکان، خورییەکەیان بەشێوازێکى تر دەڕێسن، بە ئاگا یان بێ ئاگا، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەندێ ئۆرگان و کەسایەتى بزوتنەوەى گۆڕانیش کەوتونەتە تەڵەى ئەو پیلانە رێکخراوەوە، کە تیایدا جگە لە بیروباوەڕى خودى نەوشیروان مستەفا، هیچ کەس و هیچ حیزبێک بە بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە، بەئامانج نەگیراوە، بۆ پێکانى ئەو ئامانجەشیان، لە دوو خەسڵەتى دیارو گرنگى نەوشیروان مستەفا ئەدەن، کە لە هەمو سەرکردەکانى مێژوى کوردى جیاکردوەتەوە:
یەکەم/ ئیرسى موڵک و پارە
ئەو چل ساڵى تەمەنى لە پۆلى پێشەوەى رێبەرایەتى شۆڕش و حیزبایەتى و تێکۆشانى گەلى کوردستاندا، بوە، بەدرێژایی ئەو مێژوەش، گا بە هاوکارى ناوخۆیی و دەرەوە، گا بە دەستکەوتەکانى حیزب و شۆڕش، بە چنگەکڕێ پارەى بۆ پرۆژە سیاسییەکانى وەرگرتووە و خڕکردوەتەوە.
"نە لە حیزب و نە لە حکومەت، نە موچە نە هیچ ئیمتیازێکى لە ژیانى خۆیدا، وەرنەگرتوە، نە پارەى هەبوە، نە هیچ کات پەکى لەسەر پارە کەوتوە"، زیاتر لە چەندینجار و لەکاتى جیادا و بە شێوازى جیا و بە ئاشکرا ئەم قسەیەى لە زارى خۆیەوە راگەیاندوە.
ئەو بۆ پێداویستییەکانى رۆژانەى، لە جلوبەرگ، خواردن و هەتا پاکەتى جگەرەکەى هاوڕێکانى بۆیان دابینکردوە، لەو پارەو موڵکانەش " کە تا لە ژیاندا، مابو وەک موڵکى گشتى لێى دەڕوانى" یەک دینارى بۆ خۆى و خێزانەکەى خەرجکردوە (لەوبارەیەوە سەدان سەرگوزشتە و یادەوەرى تەدوینکراوە، لە ئایندە و لەکاتى خۆیدا دەنوسرێتەوە).
دووەم/ ئیرسى مەعنەوى
بەماناى گواستنەوەى رێبەرایەتى و پێگە و ئەرکە سیاسییەکەى بۆ یەکێ لە کوڕەکانى.
کاک نەوشیروان، نەک بڕواى بەم چەمکى تەوریسى سیاسییە نەبوە، بەڵکو هەمو تەمەنى خەباتى و لە گشت وێستگەکانى کارى رۆژنامەوانى، فەرهەنگى، سیاسى و پێشمەرگایەتیدا، بە توندى بە گژیا چوەتەوە، ئەوەى یەک رۆژ و لە وێستگەیەکى ئەو خەباتەدا، هاوکارى بوبێت، ئەو راستییە دەزانێت "بەشێک لە تەمەنى سیاسى خۆى بۆ دژایەتى حوکم و دەسەڵاتى ویراسى تەرخانکردوە و هەزاران هاوڕێى شەخسى و نزیکى خۆى لەو پێناوەدا، شەهید بون" زیاتر لە چەندینجار و لەکاتى جیادا و بەشێوازى جیاو بە ئاشکرا ئەم قسەیەى لەزارى خۆیەوە راگەیاندوە.
ئەو هەرگیز لەگەڵ مناڵەکانیدا، بەوشێوەیە هەڵسوکەوتى نەکرد، کە ئامادە یان راهێنانیان پێ بکات، بۆ جێگرتنەوەى خۆى و گەر بڕواى وا بوایە، چ بە دەسەڵاتەکەى و چ بە راستگۆیی و بێ ڕیاییەکەى، دەیتوانى لەناو هاوڕێکانیدا، باسى بکات و بیچەسپێنێ. (لەوبارەیەوە سەدان سەرگوزشتەو یادەوەرى تەدوینکراوە، لە ئایندە و لەکاتى خۆیدا دەنوسرێَتەوە).
ئێستا روبەڕوبونەوەى ئەو پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییە، ئەرکى پێشینەى رێکخەرى گشتى و جڤاتەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و خانەوادەکەیەتى.
چى رویداوە ؟ چى روئەدا ؟ وێڵ بکرێت، بەرز راگرتن و نەمرى نەوشیروان مستەفا بڕیار و بەرنامەى سیاسى گشتگیرى گەرەکە.
نەوشیروان مستەفا، هیچ موڵک و پارەیەکى شەخسى نەبوە، واریسى شەرعى و قانونى "گردى زەرگەتە و ئەوەى بە رەسمى و ناڕەسمى لە هەر جێگەیەک بەناوى نەوشیروان مستەفا"وەیە، تەنیا پرۆژە سیاسییەکەیەتى، کە خەونى بەدینەهاتوى بو، پارێزگارى و رێزگرتن لەو دو خەسڵەتە لەناوخۆى بزوتنەوەکەدا، ئەرکى هەموانە نەک تەکلیف و داواکارى.

ئەوانەى بۆ دەستکەوتى شەخسى و بۆ بەرژەوەندى خۆیان نەوشیروان مستەفا دەکەن بە هاوشان و هاوشێوەى ئەو سەرکردانەى موڵک و ماڵى گشتییان داگیرکردوە، و دەیانەوێت بیکەن بە خاوەنى کۆمپانیا و پرۆژەى بازرگانى و کوڕەکانى دنە ئەدەن کە "رەمز" و رێکخەرى گشتى بن، تەسلیم بە ئیرادە و پیلانى دەرەکى بون و دەبێ بزانن ئەو زاتە لە ژیانیدا، هیچ دەسەڵات و پۆستێکى حکومى نەبوە، تا بۆ داگیرکردنى موڵکى گشتى ئیستیغلالى بکات، هەر موڵک و ماڵێک بە گردى زەرگەتەشەوە کە بە وێنەى تۆمارى (سورەت قەید)، لەسەر ناوى نەوشیروان مستەفا بێت، بە مامەڵەى کڕین و فرۆشتن و بە پارە و بە رێگەى یاسایی لە تاپۆ تۆمارکراوە و بۆ پرۆژەى بزوتنەوەکە بوە و هەر پرۆژەى بزوتنەوەکەش واریسى شەرعى و قانونى ئەو موڵک و ماڵانەیە و پێشتریش حیزب و دەسەڵاتدارەکانى هەرێم، بەدواداچون و لێکۆڵینەوەیان کردوە و دەتوانن چەندینجارى تر پێداچونەوە بکەن.
نە یاسایەک هەیە گەمژە و بێئاگاکان بپارێزێت، نە مێژوش رەحمیان پێدەکات.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.