بەدیلی ئۆپۆزیسیۆن یان دەسەڵات؟

‌رابون مەعروف


پارتی و یەکێتی و ھەروەھا دەسیسەکانی ئەو جوتحیزبە و ھەندێك جاھیلی سیاسی لە ناو ئۆپۆزیسیۆن، خەریکی دروستکردنی حیقد و رق و گرژین لە ناو ئەو جەماوەرەی سەرسەختانە دژی ئەزمونی ٢٧ ساڵەی حوکمڕانی کوردین. بەوەش، لەبری رێکخستن و ئامادەکردنی ھەمو جەماوەری ناڕازی بەڕوی جوتحیزبی دەسەڵاتدا، گرژی و ئاڵۆزیان خستوەتە ناو جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن بە ڕوی یەکتریدا.

بنەمای دروستکردنی ئەو گرژییە لە ناو جەماوەری ناڕازی بە دەسەڵات، بانگەشەیەکە گوایە، ئامانجی نەوەی نوێ جێگرتنەوەی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. ھەرچەندە:

یەکەم: لە بنەڕەتەوە نەوەی نوێ بۆ ئەوە دروست نەبوە ببێتە بەدیلی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو بۆ ئەوە دروست بوە ببێتە بەدیلی جوتحیزبی حوکمڕان و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی.

دوەم: ھاندانی گرژی و ئاڵۆزی لەسەر بنەمای بانگەشەیەك کە گوایە نەوەی نوێ چاوی بڕیوەتە جێگرتنەوەی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کردەیەکی نادیموکراتە، چونکە پێچەوانەی مافی ئازادانەی چالاکی و ھەڵسوڕانی سیاسییە.

سێیەم: ئەو دیدەی کە ھانی گرژی و ئاڵۆزی لە ناو جەماوەری ناڕازی دەدات لەسەر پێگەی ئۆپۆزیسیۆن، بە زانین یان نەزانی، حوکمڕانی تەنھا بە موڵکی پارتی و یەکێتی دەزانێت و حیزبەکانیتریش تەنھا بە شایستەی ئەوە دەزانێت ئۆپۆزیسیۆن بن.

پارتی و یەکێتی سەلماندویانە کە شایستەی دەسەڵات و حوکمڕانی نین و بە زۆر خۆیان بەسەر ئەم میللەتەدا سەپاندوە. بۆیە دەبێت ئەو جوتحیزبە لە دەسەڵات لاببرێن. نەوەی نوێ بۆ ئەوە دروست بوە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست و کۆتایی بە ئەزمونی 27 ساڵەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بھێنێت. بەوجۆرە، نەوەی نوێ چاوی بڕیوەتە جێگرتنەوەی پارتی و یەکێتی، نەك حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن.


PM:10:55:27/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 2970 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی