تەڵەی ناحەزان!

‌رابون مەعروف



ئێمە کە دەستمان کرد بە دانانی بەردی بناغەی جوڵانەوەکەمان، دەمانزانی خەریکی پرۆژەیەکی گەورە و گرانین. گەورە: چونکە لادانی پارتی و یەکێتی بە یەکەوە لە دەسەڵات و تێپەڕاندنی ھەمو فیکر و ھێڵی سیاسی حیزب و بزوتنەوە تەقلیدیە کوردیەکان پرۆژەیەکی مەزنی ھەمە لایەنە. گران، چونکە سەرخستنی پرۆژەیەکی سیاسیی ئەوتۆ گاڵتە و گەمە نیە! بەڵام متمانەمان بە ئەزمون و حیکمەت و ھۆشیاری و بوێری ئەو گەنجانە ھەبوو کە پێکەوە بەردی بناغەکەمان دانا.

ئێستا کە لە قۆناغی فەرامۆشکردن و ئینجا گاڵتە پێکردن دەرچوین، گەیشتوینەتە قۆناغی روبەڕووبوونەوەی دژایەتی ھەر ھەموو ناحەزەکانمان بە یەکەوە، ناحەزەکانمان، واتە: پارتی و یەکێتی و ھەموو ئەوانەش کە لە تێکۆشان ماندو بون و ھیچ ئامانجێکی باڵا نەماوە چاوی تێببڕن، بۆیە خەریکی توھمە و بوختان و موھاتەرات و شکاندنی ئەم جوڵانەوە گەنجەن.

ئێمە وەك ھەمیشە لە بری تۆمەت و بوختان و درۆ و تەشھیر و تەشەر، پێداگری لەسەر گفتوگۆی شارستانی و مەدەنی و دیبەیت و ئارگیومێنت دەکەینەوە. بانگەوازی ھەموو خۆبەخش و ئەندام و لایەنگرە ئازا و بوێرەکانی جوڵانەوەکەمان دەکەم، ھۆشیار بن، ئێمە ئەو کاتەی دەکەوینە تەڵەی ناحەزەکانمان و ئامانجە باڵاکانمان بیردەچێتەوە و لە شەڕە جوێن و تەشەردا غەرق دەبین، ئەو کاتە یەکەم ھەنگاوی شکستمان ھەڵگرتوە.

نابێت شەکەت و ماندوەکان، کە ھەموو خەونی سیاسی خۆیان لە شەراکەت لەگەڵ پارتی و یەکێتی کورت کردۆتەوە و ئامانجی باڵایان چەند وەزیرێكە، راتانکێشن بۆ چەلەحانێ و توھمە و تەشەر. ئامانجی ئێمە لوتکەی دەسەڵاتە، ھەر بۆیە رکەبەری سەرەکی ئێمە پارتی و یەکێتی یە. ئەوانیتر شەکەت و ماندون و با ئێوەش بە خۆیانەوە گیرۆدە نەکەن کە نازانن خەریکی چین.

بە زمانی عیسای مەسیح (علیە السلام) دەڵێم: لە مردوەکان گەڕێن با مردوەکان بنێژن!


AM:09:41:01/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 3190 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی