عەشقی ٢٤ ساڵ لەمەوبەرو عەقڵی ئێستامان!

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا


ئەمڕۆ یادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. بیری هەندێ شتی ئەو کاتەم دێت، وەکو بانگەشە بێسەروبەرەکان و رۆژی دەنگدانەکە.

منیش وەکو ئەو خەڵکەی ئەو سەردەمە، هەر قه‌رەباڵغییەک هەبووایە لە باریکە شوێنی دەکەوتم. بەڵام مەبدەئیەن (حسک)م خۆشدەویست! چونکە باوکم حسک و هاوڕێی کاکە حەمە بوو،

وامدەزانی دنیا بەس کاکە حەمەی حاجی مەحمو و دکتۆر مەحمود عوسمانی تیایە. ئەوسا پێی دەوترا دکتۆر مەحمود سۆرانیی. دروشمی زەقمان ئەمەبوو " رابەری ئاشتی و یەکسانیی دکتۆر مەحمود سۆرانیی، دکتۆر مەحمود دکتۆرە دەرزیی و دەرمانی زۆرە" ئیتر خۆ زۆربەی نەیدەزانی ئەم دروشمە چیە، بەڵام دەیانوتەوە. زۆر کەسم لە بیرە ئەوەندەی قیڕاندبوو دەنگی دەرنەدەهات.
بانگەشەی هەڵبژاردن بەشی زۆری ئەمەبوو، قافڵەیەک سەیارەیان دەخستە رێ بە تۆپەڵ پەڕۆی زەرد و سەوز و شین-یان پێوە دەکرد، پڕیان دەکرد لە خەڵک خەڵکیش لە جامی پاس و قەمەرەوە تا ناوقەدی دەردەهێناو هاواری دەکرد، ئیتر هەر قافڵەو بۆ حزب و سەرۆکێک.

بەسەربانی ماڵەکانەوە هەریەکەو ئاڵای زەردو سەوز و شین هەڵدرابوو.

زۆرترین گۆرانیی کە ئەو کاتە لێدەدران گۆرانییەکی میدیا حسێن و پیاوێکی رۆژهەڵاتی بوو " ئەی وەی سینە مەڕمەڕ" لە تەلەڤزیۆنیش گۆرانییەکانی عەباسی کەمەندی بە تایبەت " ئەی لە گەلاوێژ"

من دوو رۆژ بە پاسێک و جێب قیادەیەک لەگەڵ یەک دنیایەک خەڵکا تێکەڵی ئەو هاتوهاوارو پەڕۆ بادانەبووم ئەڵبەت لەگەڵ حسکەکانا،.تا نەسرو هەڵەبجەی تازە رۆشتم بۆ بانگەشە. بەڵام ئەو رۆژانە هەر زۆر زۆر خۆشبوو دنیا بەلامەوە. زۆر شوێنی تازەم بینی و بە دڵی خۆم جرت و فرتم دەکرد.

نازانم چەند رۆژ ئەو بانگەشە پەرپوتانە درێژەی هەبوو، بەڵام من وادەزانم ساڵێک بەردەوام بووە چونکە زۆر خۆشبوون بەلامەوە.
دەنگدان دەستیپێکرد، پێشنیوەڕۆ چوومەوە بۆ مەکتەبەکەی خۆم لە باریکە ناوی بلکیان بوو، رەشی دەکردەوە لە خەڵکا، پڕی بوو لە پیاوو ژن، سەرە گیرابوو لە بەردەرگاکەی. بە قەدە رخەڵکەکە دەنگە دەنگ دەهات، دەمبینی لە بەردەم پەنجەرەدا خەڵک پشتی دادەنەواند تا خەڵکانی تر بەسەر پشتیانا بچنە ژوورەوە بۆ دەنگدان! لەو عەشقە.

ژن و پیاوی پیرم دەبینی بە کۆڵ هێنابوونیان بۆ دەنگدان. خەڵک زۆر گەرموگوڕبوون، من نازانم ئەنجامی دەنگدانەکە چی بوو، بەڵام دەمزانی دواتر ئەو پەڕۆ زەردو سەوزانەی لەناو پاس و قەمەرەوە دەرهێنرابوون، دواتر دەکران بە لوولەی تفەنگ یان بەو سەیارانەدا هەڵدەواسران کە دۆشکەو بیکەیسیان بەسەرەوەبوو!

ئێستا کە ٢٤ ساڵ بەسەر ئەو یەکەم هەڵبژاردنەدا تێدەپەڕێ، لە بری ئەوەی پەرلەمانێكی تۆکمەو بەهێزو خاوەن بڕیارمان هەبێ، کەچی تازە بەتازە لیژنە دروست دەکرێ بۆ کاراکردنەوەی!!

بێ ئومێد نیم، بەڵام دەزانم بەم سەرکردەو سیاسییانەی ئێستا هەن، کوردی باشوور بە حەیاتی بە هیچ نابێ. چونکە دوای ٢٤ ساڵ هێشتا لە سفردایە عەشقی ئەوسا ناگێڕدرێتەوە، کەچی عەقڵی ئێستا ئەوەندە بۆشە گێلێک دەتوانێ شرۆڤەی پوچییەکەی بکات.


PM:12:40:19/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 3783 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی