خۆشحاڵبوون بە مردنی نووسەر

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا

خۆشحاڵبوون بە مردنی نووسەر
مهاباد قەرەداخی بە نموونە
من دوای ساڵی ۲۰۰۳ ئاشنابووم بەناوی مهاباد قەرەداخی، ئەو کاتە ئەو لە رۆژنامەکان وتاری دەنووسی یان گۆشەی تەسبیتی هەبوو.

کاتێ بەشێک لە بیرەوەرییەکانیم خوێندەوە،، ئیتر سەرسام بووم بە کەسێتییەکەی. کچێکی گەنج لەشارێکی دوورەدەستی وەکو  (کفری)دا، ئەندامی تەنزیماتی کۆمەڵەی رەنجدەرانە و دەکەوێتە بەردەستی دڕندەکانی بەعس. لە ئەشکەنجە و سزادانەکانیدا جگەرە لەسەر سینگ و بەینی مەمکەکانی دەکوژێننەوە.

نەمدەتوانی ئازایەتی و سەرکێشیی و بەرگەگرتنەکانی مهابادم زۆر خۆشنەوێ، پڕ بە دڵ حەزم بە نووسینەکانی تری دەکرد چونکە بە کوردییەکی جوان دەینووسی.

ساڵان هاتن و چوون.... نازانم چۆن بوو مهاباد بوو بەشێک لەو سیستمە خراپ و ستەمکار و ناعەدالەتەی پارتی و یەکێتی پەیڕەوی دەکەن. مهاباد کچە یاخی و سەرکێشەکەی بەردەم بەعسی دڕندە، هێدی هێدی بووە روخسارێکی ستەمکاری دەسەڵاتی خۆماڵیی.

حوکمڕانی پارتی و یەکێتی، بەهیچ کلۆجێ پاساو هەڵناگرێ کە حوکمڕانییەکی زۆر عەیبدار و تێکشکاو و ستەمکارە لەگەڵ هاوڵاتی و کارمەند و فەرمانبەری خۆی. 

کەچی مهاباد بە جەستە و بە فیکر و بیرکردنەوە، بوو بە بەشێک لەو نیزامە خراپە. نەک بوو بە بەشێک بەڵکو بوو بە پارێزەر و پاساوهێنەرە و لە زۆر شوێنیشدا ناساندنی بە فریشتە و فریادڕەسی خەڵک!

بوو بەبەشێک لە نادادپەروەریی و خراپی و چەوساندنەوەی خەڵک بە دەستی بازرگانەکانی نەوت و خاڵەسنوورییەکانی کورد.

نووسەران فریشتە یان پێغەممەر نین خەڵک لە غەیبدا خۆشیان بوێن. خەڵک بۆیە نووسەران هەڵدەبژێن بۆ خۆشویستن و بەرهەمەکانیان دەکڕن چونکە وادەزانن لە بری ئەوان بیر دەکەنەوە یان بۆ ئەوان بیر دەکەنەوە.

یەکێک لە تەعریفەکانی رۆشنبیر ئەوەیە، نوێنەری ویژدانی کۆمەڵگەیە.

کاتێ نووسەرە دڵخواز و خۆشەویستەکەی تۆ، زۆر پێچەوانەی ژیان و ژینی تۆ بیر دەکاتەوەو دەنووسێ، یان بۆ ئەوانە دەنووسێ کە ژین و ژیانی تۆیان وێرانکردووە، چ هۆکارێک دەمێنێتەوە بۆ خۆشویستن و هۆگربوون؟

تۆ مهاباد قەرەداخی یان هەر نووسەرێکی ترت لەسەر بیروڕاو ژیانە پڕ لە بزێو و سەرکێشییەکەی خۆشویستووە، کاتێ نووسەرە دڵخوازەکەی تۆ بیروڕاکانی دەخاتە خزمەتی ستەمکارانەوە. تۆیش مافی خۆتە لە ژیانی خۆت بیکەیتە دەرەوەو هەرگیز بە نوێنەری ویژدانی خۆتی نەزانی.

مهاباد ژنێک بوو وەکو هەزاران ژنی تر کە فەرمانبەر یان کاربەدەست بووە لە حوکمڕانی کوردیدا، بەڵام جیاوازییەکەی مهاباد ئەوەبوو بەر لەوەی فەرمانبەر یان کاربەدەستبێ، نووسەربوو، سەدان کەس بەهۆی نووسینەکانییەوە ناسیان یان هۆگری بوون. بۆیە چاوەڕوانکراوە هەزاران کەس لەبەر بێدەنگبوونی لە ستەمکاری خۆماڵیی نەک نیگەران نەبن بە مردنەکەی، بەڵکو پێشوازی لێ بکەن و پێیانوابێ ماکیاژکەرێکی ستەمکاریی کۆتایی هات!

ئەوەی نووسەر دەباتە لوتکە تەنیا نووسینەکانی نین، بەڵکو هەڵوێستەکانییەتی. هەڵوێست تەواوکەری بیرکردنەوەو نووسینەکانییەتی. هەڵوێست نووسەر لەسەر کاغەزەوە دەباتە ناو کۆڵان و سەر جادەکان. هەڵوێستی نووسەر لە بری مرەکەبی سەر کاغەز، وزەو خوێن دەبەخشێ بە هۆگرانی. ئەگەر نووسەر هەڵوێستی نەنواند خۆی کفن دەدوورێ و گۆڕ هەڵدەکەنێ بۆ خۆی.

بەرچاوڕوونیی... من خۆم بە بیستنی هەواڵی مردنی ئەم ژنە، یەکسەر گەڕامەوە بۆ ئەو چەرمەسەری و زەحمەتەی لە گەنجیدا کێشای لەپێناو نەتەوەکەیدا. بۆیە هەمیشە رێزی ئەو بەشەی ژیانی دەگرم. هیچکات و لە وەختێکا بیرمنایەت شاگەشکە بووبم بە مردنی کەسێک جا با لە کەسە خراپەکانیش بووبێ. بەڵام چ لە دەرەوە و چ لەناو فەیسبووک هەستم بەو ژمارە خۆشحاڵییە کرد بۆ کۆچی دوایی مهاباد قەرەداخی کە بەڕاستی لە دڵەوە نیگەرانم پێی. 


PM:12:40:10/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی